۱۳۹۲ مرداد ۱۰, پنجشنبه

ئەها بابە: بۆسۆ لە دڵم هەڵدەستێ بۆ سۆران





لە مەکتەب گەڕامەوە،دایکم بە پەلە پارویەک نانی پێدام و گووتی:"جلم بۆ داناوی لە بەری بکە دەبێ برۆین بۆ زەماوەن"دایە،زەماوەندی کێیە؟
+زەماوەنی خاڵۆتە دەرۆین بۆ ئاوایی سەردۆش.
باوکم لە حەوەشەکە هاواری لێ‌هەستا و گووتی:ئاخ لە دەستی ژن هەتا خۆیان حازر ئەکەن گیانی پیاو ئەگەێننه‌ کوونە لوتی،وەلا و بیلا جوانی خان و مانی،دە خۆت رێخە خۆ دڵم تەقی لە بەر ئەم هەتاوە.
+ پیاوەکە خەریکم مناڵەکان ڕێك ده‌خه‌م بۆ ئەوەندە بێ‌ تەحەموولی؟
چاوێکی مۆڕ کرد، و دووجار لە ژێر لێوەوە ،گووتی:ئـــــم،ئــــــم
باوکم لاندییوەرێکی بوو،کە بە قەد هەموو دونیا دڵی پێی خۆش بوو ،هەموو جارێ دەیگووت:ئەگەر ئەو ماشێنە هەلا هەلابێ هەر قاپۆڕەکەی لە سەر بان دا ئەنێم،چوون خێر و خۆشی و تێروتۆخی بۆ ماڵ و منداڵم تیا بووە.
سوار لاندییوەر بووین بەرەو سەردۆش،چریکەی دەنگی زیرەک دیسان لە رێکوردەکە هەستایەوە:
ئەی نیزام بۆ خۆم نیزام
نیزام نیم و عەسکەرم
موبتەلای چاو ئەسمەرم....
لە سەر کانیە کەللە تەزێنەکەی کانی‌سانان وەستاو،دوو دەبە ئاوی بە هەناوی ماشێنەکەدا کرد بۆ ئەوەی تێنێک و تازەیی بە گەرووی ڕادیاتۆرەکە بەخشێ،شەوق و زەوقی باوکم هێندە زۆر بوو،کە هەستم ئەکرد بیست ساڵ گەنج‌تر بووەتەوە..!
-ئەرێ دایە، ئەوە باوکم بۆ وا بە كه‌یفه‌؟!
+رۆڵە گیان ئەوە ئەم شەو عەبەی رۆسەمی لە زەماوەن خاڵۆتە،لەگەڵ کۆمەلێک هاوڕێی سەردەمی هەرزەکاری خۆی،ئەمشەو ئەبێ بە سیمڕ سیمڕ کە مەگەر خوا بۆ خۆی بزانێ چی روو ئەدات.
سروشت و جوانی سەردۆش لە وەسف و باسکردن ناێت،بەتایبەتی لە وەرزی چرۆ و پۆپیتکەی تازە پشکوتودا،ئاوی کانیەکانی هەمووی زوڵال کە لە گەروودا بێ قورتە کردن دەرواتە خوار و ناوەستێ؛ تاسەت ناشکێ تا ورگت هەڵ‌ئەواسێ.
گەیشتینە کۆڵانەکەی ماڵی باوەگەورەم،باوکم دەستی نا سەر بۆقی ماشێنەکە و کردی بە هاوار هاوار ، هەموو ئاوایی تێ‌شیشابوو،قڕیوەو دەنگی زوڕنا لە گەڵ تەپڵ،گوێی ئەسمی،منداڵێک بە دەبەیەکەوە ئاوی بە بەردەم خەڵکەکەدا ئەپژاند ،بۆ ئەوەی خاک و خۆڵ هەڵنەستێ بەس بەو حاڵەوە خاک و خۆڵ لە ژێر پێی هەڵپەڕکێ چیدا ،هەڵئەبزا،ماشێنەکەی ڕاگرت و دابەزین ،حەمەسالەی ئەحا بەنا،دەستی باوکمی راکێشا و چۆپی دایە دەستی، هەتاکو ئەوکاتە هەڵپەڕکێی باوکم نەدیبوو،قوورس و مەغروور ،کە لێی ببوو بە لووت بەرزی هەڵ‌ئەپەڕی،شانی رائەوەشاند،شانی ئەدا ،خاک لێ‌ژێرقاچی‌دا ئەکەوتە سەما،تەپڵچی لە بەردەمیدا نووشتایەوە، گۆرانیبێژ بە چەپڵەوە:
یاخوا نەبڕێت دەنگ لە دلێران
رێوی راو نەکات لە جێگەی شێران
لە وشەی "شێراندا"پێیان لە عەرز ئەکوتا،بە دەنگی بەرز دەیانگوڕاند:لێی‌دا ،عیــــو.
لێدە،لێدە،لێدە هەرایە، کاکە هەرایە
هەڵپەڕکێ و شایی بۆ دەنگی ناییە...

لە سەر کەڵەکە بەردێک هەڵتروشکابووم و چاوم لە باوکم هەڵنەدەگرت،هەرچی ئەو پێی ئەکێشا بە عەرزا منیش لە سەر ئەو کەڵەکە بەردە سمکۆڵانم دەکرد،هەرجارەو بەردێک لە ژێر پێما ئەترازا.
هەتا عەلی‌یە کوێر کە شوانی ئاوایی بوو نەهاتەوە،هەڵپەڕکێ و سیمڕ سیمڕ بەردەوام بوو،عەلی سێ خوشکی بوو،هەرسێ خوشکەکەی خەریک بوو هار دەبوون بۆ مێرد،کەچی ئەو بێ‌ویژدانە نەیدەهێشت هیچیان مێرد بکەن،بۆیە پرچیان وەک بەفری یەک‌شەوەی لێ‌هاتبوو،کەچی هەر پەلی عەلی‌ برایان رائەکێشا.بەرغەل و رانی هێنایەوە و هەڵپەڕکێ خرا بەیانی.ئەوجار پیاوان لە دیوەخان ئەڵقەیان بەست بۆ قسەی خۆش و گوێ‌گرتن لە گۆرانی و خوگە ملە و تەڵەو رێوی و یەک هێنانەوە...
عەبەی رۆسەمی دەنگێکی بە سۆز و پڕ پێکی پێیوە بوو،کە مناڵی لە بێشکە ژیر ئەکردەوە،بە تام و زەوقەوە باوکم لە پەنای دەستیا دانیشتبوو، و زوو زوو خۆی هەڵئەدا ناو گۆرانیەکە و ئەیگووت:ئەک رەحمەت لەو دەنگەت،عەبە گیان،ئەک لە گۆڕا نەلەرزی، ئاو لە گۆزەیا ئەوەسێنێ.
دوایی ئەوەی کە عەبەی رۆسەمی پشوویەکی ئەخواست،تا قوڕگێک تازە کاتەوە،خەڵکەکە روویان لە عومەری قالە خوشکان کرد و گووتیان:ئادەی عومەر گیان تۆش دوو پارچە شیعری مامۆسا "قانیع‌"مان بۆ بخوێنەوە،ئەویش بێ‌یەک و دوو قۆزەیەکی دەکرد و دەیگووت:کەمێ ئاوم بۆ بێنن،ئاوەکەی ئەخوارد و هەڵی‌ئەدایە شیعر خوێندنەوە:
ئازیز هیلاکم ئازیز هیلاکم
وەک تەیری زامدار خڵتانی خاکم
پێچ ئەدەم وەک مار تەواو خەمناکم
خالۆ سدیقم پێی ئەبڕی و ئەیگووت :دە عومەر تێکی مەدە،با قانیع لە گۆڕا نەلەرزێ..


دەنگە بە سۆزەکەی عەبەی رۆسەمی کەوت هێندەی گۆرانی گووت،عومەری قالە خوشکان ئەوەی دەیزانی لە مامۆستا قانێع وتی ،شەوگار درێژ و خەڵکی پڕ لە کەیف و زەوق،دەستیان کرد بە دەس نیشانکردنی منداڵان ب
ۆ زۆران بازی چەن منداڵیان کرد بە گژی یەکدا ؛گەورەکان چەپڵەیان بۆ منداڵەکان دەکوتا ،هەر منداڵێک پشتی لە عەرز ئەکەوت دەستی ئەکرد بە زیڕە زیڕ و گریان و گەورەکان ئەیاندا لە قاقای پێکەنین، "لە کەوتنی هەر کەسێک کەسانێک شادومان دەبن و کەسانێکی تر دڵتەنگ و غەمین"...نۆرە گەیشتە هاوتەمەن و هاوشانەکانی من هەرچی چاویان گێرا کەس نەبوو هاوتەمەنی من،باوکم رووی لە خالیدی ئەحا بەنا کرد و گووتی:ئەرێ خالید ئەوە سۆران لە کوێیە تاکو بیدەین بە زۆراندا؟بە بیستنی سۆران خورپە لە دڵم هەستا،بەخۆمدا شکامەوە و دەمووچاوم مۆن بوو، ئەو پرسیارە لە مێشکمدا چەکەرەی سەند: بۆ سۆران؟هەرچەن سۆران هاوتەمەنی من بوو،بەڵام هێندە رەنگ زەرد و لاواز بوو کە دەتگووت:هەموو تەمەنی خەریکی دەس‌کەنەی نۆک بوە لە بەر تینی رۆژدا.کاک خالید هاواری لێ هەستا و بانگی سەلمای ژنی کرد:سەلما هۆ سەلما:ئەرێ سۆران لە کوێیە بانگی بکە بۆم.
هێندەی پێ نەچوو سۆران هاتە ژورەوە، لە پەنای باوکیدا لە سەر چۆک دانیشت، باوکم گووتی:خالید: ئەو کوڕەت بنێرە گۆڕەپان؛ بزانم ئاخۆ کامیان پشتی کامیان لە عەرز ئەدەن.خالید سەیری سۆرانی کرد و گووتی :هەستە برۆ مەیدان دەی بە قوربانی ئەو کوڕەی خۆم بم.رووم لە باوکم کرد و گووتم :ئاخر بابە من چۆن دەچم لە گەڵ سۆران زۆران دەگرم؟باوکم دەمووچاوی لێ تێکدام و گووتی:بۆ لێی دەترسی؟_نەبابە ناترسم ئاخر سۆران ؛قسەکەی پێ بڕیم و گووتی :هەستە با دوو شەپت تێ هەڵنەدەم ...
لە ناوەڕاستی دیوەخانەکەدا من و سۆران بەرانبەر بە یەک راوەستاین چاوەکانی هەر ئەو چاوانەی چەن ساڵ لەوە پێش بوو ،هەمان بریسکەی ساڵانی پێشوو لە چاوەکانیدا ،دەریایەک لە توڕەیی تیدا خۆی حەشاردا بوو.هەمان توڕەیی ئەو رۆژەی کە پەتی خستبووە گەرووی تووتکە سەگەکە و بە دوایی خۆیدا رایدەکێشا،ئەرێ ئەو رۆژە بینم و لێم پرسی سۆڕان بۆ وا دەکەیت لەو سەگە گوناحە؟گووتی:ئەوە تووتکەی ئەو سەگەیە کە دایکی لە بەردەرگای ماڵی باوەژنمدا ئەوەڕێت، ئەو سەگە بە نانی باوەژنم گەورە دەبێ و لە بەردەم ماڵی باوەژن و باوکی ژن ئاغام دا پاچەی خەڵکی دەگرێ، دەبێ هەتا بێچووە و فرچکی نەگرتووە هەڵی‌واسم،لە قەنارەی بدەم، مەگەر هەر بە منداڵی ئەو کاتەی کە من ساوا بووم و بە شیری دایکم فرچکم نەگرتبوو،منیان نەخنکاند ،منیان ئاوارەیی کۆڵان و کەلاوەکان نەکرد،منیان لارە ملی ماڵی مام و خاڵ و خزم و کەس نەکرد،ئیستە کەس هەیە لووتی خێر بهێنێ بە مندا؟نە!نە!کەس نییە هەموو کەسێک من بە مناڵێکی شەقاوە و خوێری و بەڕەلا دەزانێ... سۆران تووتکە سەگەی راکێشا و بردی لە سەر چۆمەکەدا بە دار بەڕوییەکدا هەڵی واسی،سەیری تووتکەکەی دەکرد و بەدەم گریان و هەنسکەوە دەیگووت:دەستیان ناوەتە گەرووم بۆیە پەتم نا گەرووت ...
باوشمان بە یەکدا کرد و بە ئەسپایی پێ گووتم:تکایە لە عەرزم مەدە باوەژنم ئەمشەو بە شەق دەمکوژێ...
لە یەک ئاڵاین،بە زۆران و باوش و هێزکردن، یەکمان هێناو یەکمان برد هاشاوڵی قاچی یەکمان ئەدا پەلاماری سەری یەک. چاوی لە باوەژنی هەڵنەدەگرت،هێندە ترسابوو،کە نەیدەزانی خەریکی چییە، لە پڕ قاچی لە سووچی قاڵیەکە کە لە ژێر پێماندا کۆ ببوو گیری کرد ، سوران قاچی لە یەک ئالا و گرمۆڵە بووبە پشتی سەر درا لە عەرز، تەقەلە سەری هەستا لە سەر ئەو چیمەنتوە رەقە،باوەژنی هاتە سەر سەری و چەن پۆکاوڵی لێ‌نا ...
باوشم پێیدا کرد هەڵی‌سێنمەوە کەچی باوکی گووتی:وازی لێ‌بێنە کوڕی خوێری ئەبێ بیدەی بە دەم گوورگەوە!
سوران بە چاوی پڕ لە بوغز و کین لە دیوەخان رۆیشتە دەر،هێندەی پێ‌نەچوو کە من بە دوایدا رۆیشتم لە سەر بانیجەکە زۆر چاوە چاوکم کرد ؛بەڵام سۆرانم نەبینی ،خۆم کرد بە گەوڕەکەدا ئاگام لێ‌بوو سۆران باوەشی بە کاوڕێکدا کردبوو و بە سەریدا ئەگریا،
سۆران:ئەوە چی ئەکەیت لێرە؟
_هیچ ئیرە باشترە بەس نییە ئەم حەیوانانە زمانیان نییە تا تانە و تەشەرم لێ‌بەن!،باوەحاجی ئەم کاوەڕەیشی پێداوم ، و زۆرم خۆش دەوێت حەز ئەکەم لە لای کاوەڕەکەم بخەوم.

گەڕۆک

وەرز، وەرزی خەندە بوو
شەقام تۆی لێم بزرکرد
وەرز، وەرزی گریان بوو
شەقام تۆی پەیدا کرد
یان تۆ پەیدای، یان من بزر.
خەوتن لە سەر کونی هەواکێشی مێترۆ لە پاریس و
ژماردنی ئەستێرەکانی ئاسمان و
تلاوتل کردن لە سەر کارتۆنی دەرمانخۆرەکان
تامەزرۆی ژوورێکی گەرم و سەرینێکی نەرم
دۆکەڵی کەباب و خەوێکی برسی.
حەمام کردن لە حەمامی گێیەکان
بە دزی دووربینی نەیارانەوە.
قسەکردن لە گەڵ حیزەکان
بۆ لە بیر بردنەوەی ئەوینی نیشتمان
حەز و خولیای دواندنی لەشفرۆشەکان
بۆ رۆچوون لە جیهانی بێ دەمامکی
ئەرێ بە راست کێ یارە؟
ئەرێ بە ڕاست کێ نەیارە؟
بۆ لە ژێر بورجی ئیڤڵ
خۆم نەکەم بە خۆراکی ماسی؟
با یار چاوی لێم بێت
بۆ نەیار چاوی لێم بێت
پاریس، پاریس،
بەهیبەتەوە لێمدەڕوانێ،
گورچیلەی چەپم لە پاریس لە سەر کونی مێترۆیەک بە جێ ماوە
سەرینەکەم لە شاری نیس، خەڵاتی پەنابەرێکی کورد کرد
پێڵاوەکانم لە رۆما، لە پارکی پەپولە شەق و شڕ بوو
شەقامەکان دوور و درێژ
خەوتن لە کەنیسەیەکی رۆما،
بە دزی قەشەکانەوە،
ئیبراهیمی باوک چاوی زیت و کەڵبەی خوێناوی
ئیسماعیل لەم شەقامانەدا وێڵ و وەیلان،
لە ئاڵمان زەرتشت بۆ حەوت یۆرۆ
دەچێتە دەرگای مارکسی ریش پان!
خەونم کەشتیەکە دەڕوات بۆ کۆپنهاگ
لە دانیمارک بووم بە کوردێکی دز
وڵاتی نەرویج،
خنجێرێکی دەبانی لە سەر سینگم چەقاند،
هەر ئەڕۆم و برینەکانم قوڵتر ئەبێ
فرمێسکەکانم شینتر ئەبێ،
گا ئاسا نەقیزەیان دام
لە ناو کەف و کوڵی ئازارمدا بەلەسەبووم
لە فینلاند بووم بە زۆڵێکی عاشق.
سوید وەک سەگ نازی کێشام و
وەک پشیلە تێی هەڵدام.

۱۳۹۲ مرداد ۹, چهارشنبه

تاڵ



ئاشنایمان دەگەڕایەوە بۆ کۆڵانە قوڕەکان،کە ئیستە جیگەی خۆی‌داوە بە بینا وتەلار و قەسر و قوسوور....

ئێوارەیەک  بە نیازی خواردنەوە؛ قاپێک عارەقم لە پێش خۆم دانا و ئەگەر هەڵە نەبم هەر لە یەکم پیاڵە کە تێم کرد موبایلەکەم جەرەسی لێ‌دا ،بە بۆڵە بۆڵ و جنیودان دەستم دایە مۆبایلەکەم: ئاخۆ کێیە بەم ئێوارە تەلەفوون بۆ من دەکات؟
ناوی لە سەر نەبوو،تەنانەت رەقەمێش ،هەر بۆیە لە پێشی خۆم‌دانا بۆ ئەوەی جەرەسەکەی تەواو بێ، ئاخر مێلۆدی مۆبایلەکەم دەنگی شمشاڵە بە سۆزەکەی "سەلیم چاوشین" بوو، هەڵبەت لە راستیدا ئەو دەنگی شمشاڵە هی سەلیم نەبوو، بەڵام  من خۆم گێل دەکرد و حەزم دەکرد ئەو دەنگە لە شمشاڵی سەلیمەوە دەرچێ، بۆ نمونە مرۆڤ بیرەوەری لە زەڕینی کەر هەبێ لە لای لە مۆسیقای شۆپان خۆشترە! ئیتر مرۆڤە چ دەلێت :هەموومان شیری خاومان خواردوە...
ئاخ سەلیم چاوشین...
پەیکێکی ترم بۆ خۆم تێکرد و بە خۆشی شنەی‌شەماڵەوە خواردمەوە.ئەو سەلێم چاوشینە ،زۆر خۆی بوو، هەڵبەت نە بە باری زانایدا ،بە پێچەوانە بە باری کەریتی‌دا، بەس ئەوەندە لە دڵم رۆچووبوو، بە نوێڵ و قەڵەم و چەکوشیش دەرنەدەهات، سەرو سمێلی نەبوو، کۆسە، جوتێک چاوی شینی جوان، خودا بۆ خۆی زانیبوی ئەو کەرە هێندە دڵتەڕە هەر بۆیە بە کۆسەی هێشتبوویەوە، گاڵتەی بە رۆژگاران دەهات، دەمگووت: سەلیمە کەر ئەوە چەن ساڵتە؟دەیگووت: دە چڵتە چڵت مەکە هەتیو من ساڵم لە دەس خوا بڕییوە!

بەس هەرشەو و حکایتیکی بۆ دەگێڕامەوە: لەو شەڕانەی کە بەشداری تیدا کردبوو، بەس هیچ کات  خۆی نەئەدا لە وەسفکردنی خۆی. دەمگووت: سەلیم ئەی تۆ لە کوێی شەڕەکەدا بوویت، بە پێکەنینەوە دەیگووت: هەتیو من خۆم پیس کردبوو، لە سەرچۆمێک خەریکی داشۆردنی گەڵ‌قوونی خۆم بووم. دەمزانی راست ناکات، بەس ئیتر تەبێعەتی وابوو بە شان و باڵی خۆیدا نەدەهات.
بە شەودا دەرۆیشتین و لە سەر دوو بەرد هەڵدەکورماین و شمشاڵەکەی کە بەردەوام لە دووتوێی پەڕۆیەکدا بوو دەری‌دەهێنا و دەستی دەکرد بە شمشاڵ لێدان. ئەو کاتەی کە شمشاڵی لێ‌ئەدا خۆیشی دەگریا، من پێکەنیم دەهاتێ، دەمگووت:

ئەو کەرە بەو رۆژگارە پێ‌دەکەنێ، کەچی لە کاتی شمشاڵ لێداندا دەگری...!

پەیکێکی ترم تێکرد

دەستم دایە زەیتونەکە و دانەیەکم هەڵگرت، مرۆڤ کە سەرخۆش دەبێ زۆر سەرنج ئەدات، سەرنجی بچووکترین شت، زیتونەکە کەمێ فلیقابوو، ئەها بیرم هاتەوە، ئەو کچە قژ لە سەرە هەرجارە کە یەکمان دەبینی چەن زەیتوونی لە گەڵ خۆی دەهێنا و دەیگووت: دەبێ هەر لە پێش چاو من بێخۆیت ،پێستت جوان دەکات، دەمگووت: کچ‌ە تیو بۆ رەنگی پێستم ناشیرینە؟ دەیگووت: نە، بەس حەز دەکەم کە ماچت دەکەم  بۆنی زەیتون لە دەمت بێ! رۆژیک کە بە هیوا بووین یەک بینین و زۆر چاوەڕێم کرد نەهات، دواتر کە هەواڵیان پێ‌دام مێردی کردبوو. زەیتونەکەم توڕفڕێدا و پیاڵەکەم بە خەستی نا بە سەرەوە...

۱۳۹۲ مرداد ۸, سه‌شنبه

ئیکسپرسیۆنیزم:

ئیکسپرسیۆنیزم:
 مەکتەبی ئیکسپرسیۆنیزم (expressionism) مەکتەبێکی تازە و نا ئاشناییە بە ئەدیبان و نووسەرانی کورد - هەوڵی من لەم وتارەدا ئەوەیە کە بتوانم کورت و پوخت لە سەر ئەم مەکتەبە بدوێم و بە شاعیران و نووسەرانی کوردی ئاشنا بکەم!

وشەی ئیکسپرسیۆنیزم: لە دوو بەش پێک هاتووە: ex بە مەعنای دەرەکی دێت و prssion بە مەعنای گووشار و گووشین دێت  ئەم وشە لە زمانە ئوروپاییەکان گەلێک مەعنا ئەدات بە دەستەوە: دەڕبڕین، پەراوێز، فیگۆڕی دەموچاو و هەر وەها بە مەعنای دەربڕینی هەستی ناوەکی، پۆختەی ئەم وشە بە مەعنایی گووشینـ ە، وەک گووشینی مێوەیەک تا جەوهەرەی بگرین.

سەرهەڵدانی ئیکسپرسیۆنیزم یا راڤەگەریی، مەکتەبێکە بۆ  ئەدەبیات، نەققاشی، پەیکەر تاشی و سینەما. ئەم مەکتەبە لە سەرەتایی ساڵی 1905 لە وڵاتی ئاڵمان دروست بووە و سەری هەڵداوە، تا دە ساڵ دوای شەڕی یەکەمی جیهانی (1941-1918 ) خۆی درێژ کردوەتەوە. ئەم مەکتەبە کاریگەرێکی سەیری لە ناو هونەرمەندانی ئاڵمان و وڵاتەکانی ئیسکاندیناوی دا هەبووە. پێ دەچێ بە کار هێنانی وشەی ئیکسپرسیۆنیزم بۆ نەققاش زولیان ئەگوست هەرۆ ( نەققاشی فەرانسەیە)ی بە کار هاتبێ. ونسان وەنکوگ (1853-1890) نەققاشی هۆڵەندی و هودڵی نەققاشی سویسی (نەمسا) کەسانێک بوون کە لە پەرە پێدانی ئەم مەکتەبەدا رەوڵی باشیان گێڕا.

ئیکسپرسیۆنیزم رێگەیەکە کە جیهان زێدەتر لە رووی هەستەوە سەیر دەکات، پێنیشاندانی حەقێقت لە سەر دونیای هەستی ناوەکی هونەرمەندانەوە، دەتوانین به نیشانەو و هەڵسووکەوت و مەیلی رۆمانتیکانەی هونەرمەندانی بزانین بۆ بەرەنگاری و وەستانەوە بەرانبەر بە  دونیای میکانیکی و روو لە گەشەی سەدەی بیستەم. هونەرمەندانی خوڵقێنەری ئەم مەکتەبە بە هۆی ژیانکردن لە سەدەی بیست - کە ساڵانی شەڕ و نەهامەتی و ماڵ وێرانی ئوروپا بوو - روویان لە مەکتەبێک کرد تا بتوانن لە گوشاری شەڕی سەروماڵی و سەرهەڵدانی مودڕنیتە خۆ دەرباز بکەن و لە رووی خەیاڵەوە بڕواننە ئەو راستییە تەفت و تاڵە کە سەرلەبەری مرۆڤایتی تووشی نوقم بوون لە زەلکاوی ناهۆمێدی دا کردبوو، ئەو ساڵانە کە ئیکسپرسیۆنیزم سەری هەڵدا بیرۆکەی فرۆید زۆرینەی دونیایی داگرتبوو، وتەکانی فرۆید کە دەچووە قوڵایی مرۆڤەوە و شەقڵی دەروونی دەشکاند خاوەندارانی ئەم رێچکەی وا لێکرد کە بە دوور لە دونیای راستی، هەوڵبدەن لە پەراوێزەوە بۆ هونەر و دارشتنەوەی راستی بە شێوەیەکی خەیاڵی و سەر سوڕ هێنەر و تیکەڵ بە رەنگ و خەتتی چەپ و چیڕ و قەوی خۆیان لەو دۆخە کە دونیای داگرتبوو دەرباز بکەن؛ بێ هیوایی لە سەردەمێک کە ئیتر کاری هونەری بەهای خۆی لە دەست ئەدا و کارە بە پێزەکان دەچوونە پەراوێزەوە.

بیر و بۆچوونی ئیکسپرسیۆنیزمەکان:
رەد کردنەوەی کۆمەڵگای سەرمایەداری ( capitellum) و مودڕنیتەیە، باوەڕی ئەم مەکتەبە رەدکردنەوە و بەرپەرچ دانەوەی کۆمەڵگای سەرمایە و ژیانی پر زەرق و بەرق و رێک و پێکی بورژواییە و بە گشتی لە گەڵ ژیانی مودڕنیتە کێشەیان هەیە و دژ بە جیاوازی چینەکان دەوەستن.
ئەم مەکتەبە لە دوای ورد و خاشکردنی سوننەت و نەزم و بوونی گرێبەستەکانی رابردوو لە چوارچێوەی هونەرییە، لە راستیدا ئەم مەکتەبە بە هیوایە بەهاکانی کۆن لە ناو ببات و بەهای تازە و نوێ لە جێگەی دابنێنن کە زۆر جار لەم کار و کردارەدا تیکەی گەورە هەڵدەگرن!

هەوڵ بۆ گۆڕین:
ئیکسپرسیۆنیزمەکان تێـرامان و نیگایەکی نوێیان بۆ ژیان هەیە کە بە جۆرێک لە گەڵ هەڵچوون و داچوون دەری دەبڕن، ئەوان خۆیان لە ژێر گوشاری ژیانی دونیای مودڕن و شاردا دەبینن و لە لاییەکی تر لە ژێر فشار و هەست بە مەترسی روودانی هەر جۆرە رووداوێک دەکەن  و ئەم مەترسیە دەروونیە وایان لێدەکات هەوڵ بۆ گۆڕین بدەن.


ئیکسپرسرسیۆنیزم لە ناو شیعر و داستان:

ئەم مەکتەبە لە ناو شیعر و داستاندا ناوەرۆکێکی زۆر قوڵی هەیە و دەستی ئاواڵایە تا قسەی زیاترمان بۆ بکات و لە گەڵ خۆی پەلکێشمان بکات بۆ دونیای دەروون و دوور لە راستی دونیا پڕ زرق و برقی مودڕنیتە. ئیکسپرسیۆنیزم لە داستان و شیعردا بابەتێکی ئاڵۆزە کە لێرە چەن نمونە ناو دەبەم:
 کۆمەڵێک لە شیعرەکانی (ئەلیۆت)(Thomas Stearns Eliot) بە تایبەت  لە شیعری ( زەوی نەزۆک) و رۆمانی (دیفۆرمە)ی (Die Verwandlung) (مسخ) (کافکا) (Franz Kafka) و هەروەها کۆمەڵێک لە کارەکانی (رولفۆ)(ئەستۆریاس) … لە گەڵ کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیا کە ئەم بەرهەمانە لە یەک دائەبڕێ، دەتوان لە چوارچێوەی مەکتەبی ئیکسپرسیۆنیستی ناوزەدیان بکەین.

(زەوی نەزۆک)ی ئەلیۆت لە راستیدا پارچەپارچە کردنی ئەم جیهانەیە کە تیدا ژیان دەکەین؛ هەوڵی ئەلیۆت بۆ سڕینەوەی ئەم جیهانەیە کە لە بیر و هزری ئێمەدا وەک عادەت هەوێنی گرتووە، ئەلیۆت پێی وایە بەم شێوە باوڕمان بە دونیا نییە بەڵکو بوونی جیهان بەو شێوە کە لە پێش چاوی ئێمە بووە بە راستی…

جیهانی کافکا، جیهانی کابوس و لە خۆ نامۆ بوونەکانە و دەکەوێتە دژایتی ئەم شێوە خوڵقاوەی جیهان و  دووبارە خوڵقاندنەوەی بە شێوەیەکی تر لە پێش چاومان، هەرچەن لە پێش چاوی ئێمە جۆرێکی تر لە خوڵقاندن  قورس و گران دێت یان بە هیچ شێوەیەک نابێ و ناکرێ ( دیفۆرمە )(Die Verwandlung) (مسخ) رۆمانی کافکا جۆرێکی ترە لە خوڵقاندنی ئەو دونیا کە دژه لە گەڵ دونیای رئالیستی و ناوەرۆکی چیرۆکەکەی هەوێنی لە جۆرێکی تر و بە چاوێکی تر بینین وەرگرتووە، کافکا لەم چیرۆکە، هیواکان و حەز و خولیا و جیهانی تایبەت بە خۆی بە سەر پانتایی و ئەزموونی مێشکی ئێمەدا ئەسئەپێنێ.

ئیکسپرسیۆنیزم لە ناو ئەدەبیاتی (شیعر یان داستان) کوردی دا:
هەتا بە ئەمڕۆ کە من خەریکی نووسینی ئەم وتارەم، نە چیرۆک و نە شیعری کوردیم  لە چوارچێوەی ئەم مەکتەبەدا نەدییوە و ئەدیبان و نووسەرانی کورد لەم بوارەدا کاریان نەکردوە و شیعریان نەهۆنیوەتەوە.
سێ ساڵ لەوە پێش من لە کەش و هەوایەکی ئیکسپرسیۆنیستی دا دوو شیعرم نووسیوە، کە لەم وتارەدا جێگەی نابێتەوە مەگەر لە داهاتوودا...


سەرچاوەکان:
١ـ مکتب های ادبی تهران ١٣٨٤ جلد دوم ص ٧١٢
٢ـ تآملی در هنر و ادبیات اکسپرسیونیستی: احمد قدرتی پور
٣ ویکی پیدیا

ئاڵا هووشیار

بزوتنەی سینگ رووتەکان

بزوتنەوەی سینگ رووتەکان


سونبولی ئەم بزوتنەوە:
خانمی گودیوا، بەرێزترین ژنی رووت لە مێژوودا
خانمی گودیوا یەکێ لەو هەزاران مرۆڤانەیە کە بە هەستی ناسکی خۆی و بە هەڵوێستی زۆر بەرزی بەرانبەر بە دەسەڵات توانی لە مێژوودا وەک ژنێکی رووتی بەرێز ناوی بمێنێتەوە، کە لە سەر ( لیدی گوودیوا) دەیان نەققاشی و پەیکەر و فیلمی سینەمایی و تەنانەت کارخانەیەکی شوکلات بە ناوی ئەم خانمە ساز کرا

پوختەی چیرۆکی ئەم خانمە:
لە سەدەی یازدەی زایینی لە شاری کاونتری، (Coventry) لە وڵاتی بەریتانیا، دوک کاونتری رۆژ بە رۆژ باج و خەراجێکی  زۆری بە سەر خەڵکدا دەسەپاند کە ئەم باج و خەراجەیش وای لە خەڵکی بێـدەرتان کردبوو کە هاواریان لێ هەڵسێت، خێزانی دوک کانتری بە ناوی لیدی گوودیوا: Lidy godiva کە کەسایتێکی بە ناو بانگ و زۆر نەجیب و خانم بوو و خەڵک زۆریان رێز لێدەگرت، هاواری بۆ هاوسەرەکەی برد تا واز لەو باج و خەراجە زۆرە بهێنێ، مێردەکەیشی مەرجێکی بۆ دانا، و وتی: ئەگەر تۆ توانیت بە رووتی بە ناوشاردا بگەڕێیت، ئەوکات منیش دەتوانم واز لەو باج و خەراجە بهێنم، دوک کانتری پێی وانەبوو، ژنەکە لە بەر کەسایتی زۆر بەرزی بتوانێ ئەم کارە بکات، بەڵام  لیدی گوودیوا مەرجەکەی مێردەکەی قەبووڵ کرد… دەنگ و باسی ئەم هەواڵە بە شاردا بڵاو کرایەوە کە لیدی گوودیوا لە بەرانبەر دابەزینی باج و خەراج ئامادەیە بە هەموو شاردا بەرووتی  بە سواری ئەسپ بگەڕێ، رۆژی گەڕانی لیدی گوودیوا هات و بە رووتی سواری ئەسپ بوو، تەنیا بە قژی مەمکەکانی داپۆشی… خەڵکیش بۆ ئەوەی کەرامەتی ئەم خانمە بپارێزن ئەو رۆژە هیچ کەس لە ماڵ نەهاتە دەر و هەموو دەلاقە و دەرگاکان داخران. ئەم کارەی لیدی گوودیوا بوو بە هۆکارێک کە دوک کانتری مێردی واز لەو باج و خەراجە زۆر بهێنێ… و ناوی ئەم خانمە لە مێژوودا وەک بەرێزترین ژنی رووت بمێنێتەوە.

فمن (سینە رووتەکان) بزوتنەوەیەکی فمنیستیە کە لە ساڵی دووهەزار و هەشت لە وڵاتی ئوکراینا بناغەی دارێژراوە، ئەم بزوتنەوە بە کار و چالاکی خۆیان لەم چەن ساڵەدا لە سنووری وڵاتی ئوکراینا تێپەڕیوەن و خۆیان بۆ وڵاتانی تر گواستوەتەوە، کاردانەوەی ئەم بزوتنەوە لە ئەساسدا دژ بە لەش فرۆشی و بە کەرەسە کردنی ژنان و ناوەندە دینیەکانە … ئەم بزوتنەوە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان رابکێشن، سینگی خۆیان رووت دەکەن، ئەوان پێیان وایە کە جەستەی ژنان چۆن پیاوان دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ بازەرگانی و چێژی خۆیان، ئەوە ئەمانیش دەتوانن لە جەستەی خۆیان کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی دژ بە پیاوسالاری و هەموو جۆرێک هەڵاوردنی رەگەزی و جنسی ببنەوە…

ئیلکساندر چوشنکۆ، یەکێ لە رێبەرانی ئەم بزوتنەوە لە وڵاتی ئوکراینا لە دیدارێکدا دەڵێت: (( ئێمە وەک کەسێکی نیزامی ( عەسکەری ) حازر و ئامادەین و پلانی شەڕ و رێگەی هێرشبردنی تایبەت بە خۆمان دەورە ئەکەینەوە.

لێکوڵەرەوان بڕوایان وایە، کە جەستەی ژنان بەردەوام لە مێژوودا وەک بەشێک لە بزوتنەوەی دژ بە هەڵاواردنەکان کەڵکی لێ گیراوە، بۆ نمونە: لە ساڵەکانی ١٩٠٠ لایانگرانی مافی دەنگدانی ژنان مانیان لە خواردن گرت و کاتێک کە بڕیاری گیرانی ژنەکان درا ژنان لە جەستەی خۆیان کەڵکیان وەرگرت؛ و هەر وەها لە ساڵی ١٩٦٨ گروپێک لە ژنان لە شاری ئاتلانتیکی ئەمریکا کۆبوونەوە و ستیان و برژانگی دەسکرد و قەد بەندی چەرم و … کانیان هەڵدایە تەنکەی خۆڵ.  لە دەیەی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوو، زۆرینەی سویدیەکان بە نیشاندانی سینگی خۆیان دژ بە سکسی کردن و جنسی کردنی سینگیان ستیانەکانیان فڕێ دایە دەریا.
ئەم بزوتنەوە (سینگ رووتەکان) بە هیوا نین وەک فمنیستە سوننەتیەکان هەڵسووکەوت بکەن و پێیان وایە فمنیزم، ئەم چەن ساڵە تەنیا قسە نەبێ هیچ شتێکی بەکەڵکیان بۆ ژنانی دونیا نەکردوە.
ئەم بزوتنەوە خۆیان بە تووندرەوی جنسی Sextremism دەزانن و بەم شێوە هەتا ئیستە خۆیان ناساندوە، کە جۆرێک لە ئایدۆلۆژیای تازەی رووبەرووبوونەوەی ژنانە بە سینگی رووتەوە، سکسترمیزم: سەرەڕای پشتیوانی لە مافی ژنان، دژ بە دیموکراسی هێرشبەر و باوک سالارییە بە هەموو جۆرەکانیەوە…
ئینا شوچنکۆ: Inna shevchenko لە رێبەرانی دامەزرێنەری فمن  لە وڵاتی ئوکراینیا بڕوای وایە و دەڵێ: ئێمە ژنان دەبێ خۆمان بین، ئێمە پێویستمان بەوە نییە وەک پیاوان بین، فمنیستەکانی کۆن لە دوای دروستکردنی خۆیان وەک پیاوان بوون، پرچ و قژی خۆیان دەبڕی، تا نیشانی بدەن کە دەتوانن وەک پیاوان بن و وەک پیاو هەڵسووکەوت بکەن، بەڵام ئێمە ( فمن)ـەکان بە هیوا نین وەک پیاوان بین و خۆمان بکەین بە پیاو، مافی خۆمانە جیاواز بین، مافی خۆمانە جوان بین، خاوەن رێز بین، دەوا و دەرمان بەکار بێنین و بەرانبەر بە خۆمان و جەستەمان لە خۆمان رازی بین، کاتێک ئێمە لە شوێنێکی گشتی خۆمان رووت دەکەینەوە، پیاوانی خاوەن هێز، دەترسن، هیچیان لە دەست ناێیت، تەنیا ئەوە نەبێ کە سەرکوتمان کەن، ئێمە بەرانبەر بە سێگۆشەی پیاو ساڵاری،( بەکارهێنانی سکسی ژنان، دیکتاتۆری و بیربۆچوونی توندی ئایینی)  رووبەروو دەبینەوە، ئەوە ئێمەین کە بڕیار دەدەین لە گەڵ جەستەی خۆمان و حەزی سکسی خۆمان چۆن هەڵسوکەوت بکەین، نیشانی بدەین یان بیشارینەوە؛ ئەو بڕوای وایە کە نئۆفمنیستەکان ئەمرۆیی لە جێگەی پێداگرتن لە سەر بەڵگە هێنانەوە و ئیستدلال، پێویستیان بە تاکتیک و پلانی جنسی و جەستەی هەیە، چوون ئەم کارە کەسی بەرانبەر وا لێدەکات کاردانەوە بنوێنێ، ئەو دەڵێ: ساڵانی پێشتر لایەنگرانی مافی دەنگدانی ژنان لە شێوەی خۆ رووتکردنە کەڵکیان وەرگرتووە، نازانم بۆچی فمنیستەکانی ئیستە رەخنەمان لێدەگرن؟ جیل و نەوەی تازە نایهەوێت وەک فمنیستی کلاسیک بێ، ئەم جیلە دەیهەوێت وەک فمنیزمی تازە هەڵسووکەوت بکات.

چنکۆ دەڵێ: ئێمە خۆمان تەیار و ئامادە کردوە بۆ شەڕی رووتی، شەرێک بە دوور لە توندی و خوێن رشتن و کەڵک وەرگرتن لە چەک و چۆڵ، چەکی ئێمە جەستەی خۆمانە، و ئەم چەکەیش بەهێزترین چەکە بۆ وەستانەوە بەرانبەری بە دونیای پیاوانە...

ژیانی عەباس کەمەندی

جگە لە قاچ ئێشەو  ژانەدڵ و سووکایتی هیچمان دەس نەکەوت.
 
ئەمری بەرپرس ناحیەیەک، ئەمری سەرۆک کۆمارە و نابێ لە بەرچاوی نەگرین! بەرێز حاجی ئاغای شابازی مرۆڤێکی لە سەر خۆ، هێمن و مێهرەبان و خۆش ئەخلاق و زمان خۆشە؛ بە جۆرێک قسە لە گەڵ خەڵک ئەکات کە هەست ئەکەیت، کەسەکە بەرپرسی ناحیە‌یەو ئەو رەشۆک. رۆژێک کە بۆ یەکەم جارچوومە خزمەتی، لە ماوەی سێ بۆ چوار دەقە بە شێوەیەک لە گەڵ من قسەی کرد و بە دەمەوە هات و رەوانەی کردم کە هەستم کرد ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە کە هاوڕێی و هاوماڵ و دۆستی نزیک و خۆشەویستی یەکین. بۆ هەرکەس کە تەلەفوونی دەکرد، دەیگووت: تکا دەکەم کێشەی ئاغای کەمەندی چارەسەر بکەن!

کاتێک حاجی مەحەمەدئەمین مرد و جەستەکەیان لە حەوەشەکە هێنایەدەر من منداڵێکی بچووک بووم و لە سەر  کۆڵانەکەی خۆمان سەیرم دەکرد… یەک سەعاتی پێ‌نەچوو کە گووتیان بووکی ماڵی حاجی مەحەمەد کوڕێکی بوە و هەواڵەکەی ماڵ و ماڵ گەڕا، هەمان رۆژ کوڕی حاجی مەحەمەد چاو بە گریان لە مەرگی باوکی ناوی باوکی لە کوڕەکەی نا! من لە دایکم پرسی: ئێستە ناوی ئەو کوڕە حاجی مەحەمەد ئەمین‌ە؟
دایکم گووتی:نە، هەر مەحەمەد ئەمین‌ە؛ جارێ تا گەورە بێت و پیر بێت و ئەگەر خوا بیهەوێت بڕوات بۆ حەج و بێ بە حاجی، ئەو کات دەبێ بە حاجی مەحەمەد ئەمین.
پرسیم:بۆچی کەسێک دەمرێ و کەسێک لە دایک ئەبێ؟ دایکم وەڵامی ئاوا دامەوە: من نازانم رۆڵەگیان، بەڵام ئەوە کاری خوایە، کە هەموو رۆژێک هەزار کەس دەمرن و هەزار و یەک کەس لە دایک ئەبن. پرسیارم کرد: بۆچی؟ لە پڕ توڕە بوو و گووتی: خوا نەکات گوێی خۆڕاێی دەستی تۆ بستە باڵا کەوێت! ئینسان شێت ئەکەیت!من لە کوێی بزانم بۆچی و لە سەرچی؟!
بێدەنگ بووم و کەوتمە بیرکردنەوە، بە خۆمم گووت: وەڵامەکەی دژوار نییە. حاجی ئەمین‌ێکی گەورە مردوە و حاجی ئەمین‌ێکی بچووک بە دونیا هاتووە…
شەو پرسیارم لە دایکم کرد: من لە جێگەی کێ هاتمە بوون؟ دایکم وەڵامی دامەوە: خوا عالمە، هەر خۆی ئەزانێ تۆ لە جێی کێ هاتوویتە بوون!
 لێم بوو بە مەتەڵ کە ئاخۆ بە جێی یەکێ لەو هەزار کەسە لەدایک بووم، یان ئەو یەک دانەی ئاخری هەزارەکە. دەبێ خۆم بم؟ رۆژگار هات و چوو، بەرە بەرە باڵام هەڵکشا و گەورە بووم و رۆچووین بە دوایی دۆزینەوەی مانا و مەعاناتدا، چەن ساڵ لەوە پێش لە پێرەپیاویکی هەورامی پەندێکم بیستبوو، کە دواتر خۆم بە شێوەی نەزم دامڕشتەوە:

( ڕسمێۆه‌ن مه‌بون یه‌کی بمیرو
تا یه‌کێ کی تر، سامان بگیرو )

ئەمە رەسمە ئەبێ یەکێ بمرێ، تا یەکێ سەر و سامان ئەگرێ. بە باڵاکردن و گەورە بوون ئیتر مانای، هاتن و چوون لەم دونیا بۆم زۆرتر کرایەوە و لە مەبەستی گەیشتم… باوکم مرد، باپیرەم مرد، دایکم مرد، بە کورتی باو و باپیرەم، هەموو کەسێکم مرد، بەڵام من نە سەر گرت نە سامان، تێگەیشتم من ئەو تاکەکەسەی ناو هەزار و یەک کەسەم کە هەر وەک قارچک هەڵتۆقاوم و سواری جێگەی خۆمم و بە جێگەی کەس نیم!  بە تەنیای تەنیا!
لە سەرپێی خۆم وەستام، ژنم هێنا و بووم بە خاوەن مناڵ، چوون بە جێگەی خۆم لە دایک بووم و بە جێگەی کەس نەبووم، فێـڵباز و دووڕوو، گۆپاڵ و ماستاوچای نەبووم. کاتێ کە من سێ مانگە بوم باوکم بە دەستی براکەی خۆی کوژراوە، حاكم (دادوەر)ی عادڵ دۆسییەکەی لە بەرانبەر هەموو حەفتەیەک ( دڵ و جەرگی مەڕ ) کە باوەگەورەم بۆی ئەنارد، ماڵ و مڵکی باوکمی دا بە قاتڵی باوکم یەعنی مامەم، مافی منی بە تامی و بۆنی جەرگ و دڵ فرۆشت! هەر لە بەر ئەوە رقم لە شا و حکومەتی شا بوو هەموو نایەکسانیەکم لە چاوی ئەو ئەدی؛ لە بەر ئەوە کاتێک ساڵی ١٣٥٧ شاە هات بۆ سنە، ئاغای شوکروڵای بابان بەرپرسی ئەوکاتی تەلەفیزیۆن، هونەرمەندەکانی کۆ کردەوە تا لە لایەنی تەلەفیزیۆنەوە لە کاخی جەوانان بۆ پێشوازی لە شا بەرنامە ساز بکەن، من سەرپێچیم کرد و گووتم: بە داوایی لێبوردن...
هونەرمەندەکان بەرنامەیان بۆ شا ساز کرد و رۆژی دواتر ماشێنیکی لاندیوەر هاتە بەر دەرگای ماڵەکەم و منی لە گەڵ خۆی پەلکێش کرد بۆ ساواک، کەسێک بە ناوی ئاغای نەجەفی، هەر دوو برۆکەی هێنابووە یەک و دەمووچاوی تێک نابوو پرسیاری کرد: پەیوەندیت لە گەڵ کێ هەیە؟ لە خزمەتیدا گووتم: زۆرکەس.گووتی: ناوەکانیان؟ گووتم من لە گەڵ هەموو کەسێکدا لە پەیوەندی دام، بەڵام بە داوای لێبوردن ناوی هەموویان نازانم!گووتی: مەبەستی من ئەو کەسانەیە کە وەک تۆ بیر ئەکەنەوە و یان تۆ وەک ئەوان بیر ئەکەیتەوە؟
پێم گووت: روون و بێ‌گرێ قسە بکە، سوێند دەخۆم کە راست و رەوان وەڵامت بدەمەوە.
گووتی: لە تۆ داوا کراوە کە بەشداری ئەو بەرنامە بکەیت کە بۆ شاە ساز کرابوو، بەڵام تۆ بەشدارنەبوویت، وایە؟گووتم:"بەلێ" تەواو راستە. پرسی بە چ هۆ و مەبەستێک؟ گووتم: ئاغای نەجەفی، بەرپرسی ئورکسترای موسیقا ئاغای میکایلزادە دەزانێ، من کاتێک  چاوم بە چوار کەس ئەکەوێت هەمووگیانم ئەلەرزێ و رێگەرۆیشتنم لە بیر ئەچێتەوە! ئێستە تۆ وەرە بیر لەوە بکەرەوە کە شاە بەو هەموو گەورەیی و شان و شەوکەتەوە لە سەر کورسێیک دابنێشێ و روو بە من، پەردە لە سەر سـن لابچێ، جا خۆ من دڵم ئەوەستێ، بەرنامە وا بەڕێوەئەچێ؟! بزەیەک کرد و گووتی: ئاواهی!؟ "بەڵێ"ئەوە هۆکارەکە بوو.

بەراستی هەر ئەوە بوو. بەڵام کاتێک، دەنگۆی ئەم باسە بڵاو بوویەوە، کۆلێک شان و شەوکەتی شۆڕشگیریان پێدام، بەڵام خوا بۆ خۆی دەزانێ کە لە دەڕبرینی راستی هیچ کات ترسم نەبووە. لە جەرگەی راپەڕینیدا، تەنیا جارێک دۆستێکم بە ناوی مەحموود بە زۆر پەل کێشی کردم بۆ ریـزی یەکەمی ئاپۆڕەی خەڵکەکە لە شەقامی فردۆسی بەرەو مەیدان، کاتێک گەیشتین بە چوار رێەکەی مەیدان، بە بینینی سەربازەکانی ئەرتەش کە چواردەوری مەیدانەکەیان گرتبوو و لوولەی چەکەکانیان روو لە ئێمە بوو، وەستاین و هەموو پڕ بە گەڕوو هاواریان ئەکرد "مەرگ بۆ شا"مەرگ بۆ شا"، بەڵام من بێدەنگ بووم و چاوم بڕیبووە یەکێک لە سەربازەکان کە سەیری منی ئەکرد، رەنگ بە روومەوە نەمابوو، تف لە قوڕگما وشک ببوو، جووڵەم لێ بەر بڕابوو.چەن جار هەوڵمدا باڵم لە دەست مەحموود رزگار بکەم و خۆم لە ریزەکە بکشێنمەوە، بەڵام مەحموود تون و تۆڵ گرتبوومی و گووتی: بۆچی بێدەنگی و لە گەڵ ئێمە هاوار ناکەیت؟ گووتم: سەیرکە، ئەو سەربازە چاوم لێ‌هەڵناگرێت، ئەترسم هەر هاوار بکەم تەقەم لێ بکات! دەرەفتم بۆ هەڵکەوت و خۆم لە دەست مەحموود قوتار کرد…

ئەم هەموو خەباتی من بوو، بەم ئەزموونە خەباتەی من، چاوەڕوانی ئەوەیش نییم وەک، کەسێک کە سینەی قەڵغان کردوە لە بەر فێشەک، دەوڵەت خزمەتم بکات. من لە زۆر بواردا؛ تەنانەت وەک کەسێکی ئاسایی و شارۆمەندێکی ئینقلاب نەدیوو لە ئینقلاب بەشم نەبردوە، گلەیشم نییە، بەڵام چاوەروانی زوڵم و زۆریش ناکەم،
ئەم دوو نموونە هەموو خزمەتی من بوو، لە سەردەمی ئینقلاب‌دا (شۆرشی جەماوەری ئێران دژ بە شا) بەم خزمەتی خابەتەوە خۆم بەراورد ناکەم لە گەڵ ئەو کەسەی کە سینەی داوەتە بەرفێشەک، هەموو مرۆڤێک وێژدانی ناوەکی و دەروونی هەیە و لەتەنیاییدا زەخت و گوشار  بۆ وێژدانی خۆی دەهێنێ و هەست بەوە دەکات، و دەزانێ کە بەهای خەباتی من لە بەراورد لە گەڵ ئەودا چەن نرخ و بەهای هەیە؟ بە هیچ هۆ و  هۆکارێک چاوەروانی ئەوەم لە دەوڵەتی ئێران نەبووە و داوام نەکردوە ماڵ و عاماراتم بۆ دروس بکەن.
نەمگووتووە پێم بدەن، گووتوومە: لێم مەگرنەوە، من مرۆڤێکی لاوازم و لە توانا و تاقەتمدا نییە جەریمەی چەن ملیۆنی بدەم و ماڵم داگیر بکەن. ئەگەر ماشێنی کوڕەکەم دزراوە ئەی دزەکە لە کوێیە؟ ئەگەر جەعل رووی داوە کوا ئەو کەسەی کە جەعلی کردوە؟ پارەم داوە و سەیارەیەکم بە هەموو ئەو شتە یاسایانەی کە بوویتی سەندوومە.کوا جاعل و دزەکە؟ من بە دوای مافی کوڕەکەمدا سەرگەردانم؟ دووساڵە کاکی حاکم لە جێگەی گەرم و نەرم دانیشتوە و ئاگای لێ نییە، من بۆ کڕینی ئەو ماشێنە وامم لە بانکی "تجارەت"وەرگرتوە، سەرپێچی لە نەدانەوەی قیستی بانک جەریمەی لە دواییە، بۆچی بە شێوەیەک کار دەکەن - کە بۆ نمونە ئەگەر پارەی ماشێنەکە لە دزەکە ئەسێننەوە و دەچێـتە کۆشی بانک و دواتر لە کانادا سەر دەربێنێ؟ خوایش بەوە رازی نییە، کەرامەت و وێژدان بۆ مرۆڤ باشە. بۆچی بانکی "مسکن"سەرە ڕای ئەوە کە تکام لێ‌کرد وامەکەم دابەش کات بەڵام نەیکرد و زۆری بۆ هێنام کە نیوەی ماڵەکەم هەراج بکەم بە نیوەی قیممەت، بۆ ئەوە جەریمەی ئەوان بدەمەوە؟هەشت ملیون تمەن جەریمەی کردم.بۆچی ناوەندی تەلەفزیۆن پرۆژەکەم دەبات و بەرماوەکەی دەنێرێتەوە بۆم؟ بۆچی کەس وەڵامدەرەوەی ئەو هەموو زوڵم و تەحدا کردنە نییە؟ ئەگەر کوێخایەک  نییە چارەسەری بکات خۆ خوایەک هەیە. بترسن لە ناڵەی مەزڵوومان و بەش خوراوان. من هاوارم گەیاندوەتە لای بەرپرسەکانی دەوڵەت و سەرۆک کۆمار و بەردەستەکەی، ئەگەر لە لای ئەوان وەڵامم دەست نەکەوێت روو دەکەم لە دەرگای "مقام مەعەزەم رێبەری"(خامنەایی)بەسی بکەن ئیتر!

کۆمەلێک کەس سەری دۆژمنایتیان لە گەڵ مندا هەیە، خوا خۆی شاهێدە کە باوکمان لە مزگەوتێکدا نوێژیان لە گەڵ یەک نەکردوە؛ ناوی منیان دووربەدوور بیستووە، پێیان وایە تەڕەتوریش مێوەیە - کە بە هیوان من و بنەماڵەم بکێڵن و بە سەر من و بنەماڵەمەوە خۆ بنوێنێ، کە خاوەن هێزن!
لە نووسراوەیەک کە ماوەیەک لەوە پێش لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا بڵاو کرایەوە، باسم کرد: کە ناوەندی کرماشان چی بە سەرمدا هێنا! پرۆژەیەکم پێشکەش کردن کە بە دروستکردنی، جگە لە کۆمەڵێک شانازی نیشتمانی، لە رووی مادییەوە بۆ زۆر کەس بە سوود ئەبێ. کاتێ بەرپرسی تازەی کرماشان دەعوەتی لێ کردم. یەکێ لە خۆیان گووتی: ئاگات لە خۆت بێ بە هیوان پرۆژەکەت بە هەرزان لە دەس بسێنن، ئەزانن هەژاری و پێویستت بە پارەیە!
هەر کە چوومە ژووری بەڕێوەبەر، چوار بەرگ فیلمنامەکەم "زەهری ئەفعی"ـ لێ سەندنەوە و گەڕامەوە بۆ سنه تا پێیان بسەلمێنم، کە ئەوەی لە ئەسپ داکەوت لە ئەسڵ داکەوتوو نییە…
بۆچی؟! بۆ من کەسم خواستوە بێتە گۆڕەپان؟ کاکە، ئاغا، وەلا و بیلا ئەوەی پشتی من بدات لە عەرز ئابڕوی ئەچێت، دڵنیا بن…
من جگە لە خوای گەورە و مەچەک و بازوی خۆم هەرگیز پشتم بە کەس نەبەستووە، بەڵام تاقەتی زوڵم و تەعدام نییە، پڕ بە گەرووم هاوار ئەکەم - هەڵبەت نە زۆر بەرز، لە پێشدا، نەرم نەرم و هێواش هێواش، ئەگەر کەس نەبوو گوێ رادێرێ، ئەوجار لە گەروومدا  زمانم دەگەڕێ لە قوڕگمدا هاوارێک پۆنگ ئەخوات،  دەنگم  بە گوێی فەلەک ئەگا و لە بنی کولەکەکە ئەدەم.
هەی لە فێڵ و فزی، هەی لە درۆ، بەسی بکەن، با بەس بێ هێز نواندن خۆ فش کردن و خۆ گرژ کردن خۆ، بابەس بێ بە درۆ با لە قوڕگ کردن.
پشتی بێ‌هیز و بێ دەسەڵات لە ئەرزدان بە بیلا شانازی نییە، هونەر نییە؛ بۆ پاڵەوان ئەوە شانازییە: پشتی بە مەچەک و بازو لە ئەرزدا. کەسێک کە لە خاکدا گەوزاوە هێزی نەماوە کوا شانازیە لە ئەرزی دەی؟!
خودا دەزانێ بە هیچ کلۆجێ چاوەروانیم نەبووە، ئەگەر چاوێکیان لێم بووە لە رووی گەورەیی و بەرزە رەوشتی ئینقلاب و دەوڵەت و دەسەڵاتدارە بە شەرەفەکانی ئەم شار و نیشتمانە بووە،  من پیاوێک نیم قاچ زیاتر لە بەڕەی خۆم راکێشم، داواکاری ئەوەش نەبووم. لە سەردەمی منداڵیەوە  ئاغای رەحیمی(بەردەستی یەکەمی سەرۆک کۆمار) دەناسم و لە گەڵ بەڕێزیان کە جوانێکی خۆشپێکەوتوو و شیکپۆش و خاون کەسایتی بوو، سڵاوێکی سەرێ رێگەمان بووە، خۆشم لە کەسایتی هاتووە، بەڵام بەرێزیان بەردەوام بە چاوی خۆشەویستی و سۆز تێی روانییوم، گەورەی نواندوە؛ سەردەمێک ئەو  بەرپرسی ناحیەی بوو، - سەردەمی بەرێز رەحیمی سەردەمی  زێڕینی ئاودانکردنەوە ئەم شارە بوو - داوای لە من کردوە کە بۆ فیلمنامەی سەنجەرخان برۆمە حزووری و منیش چووم، حاڵ و ئەحواڵی پرسیووم، لە کارەکانی پرسیوومەتەوە، لە حزووریدا بووم. فەرمووی: هەر پێشنیار و پرۆژە و پلان و بەرنامەیەکەت هەیە کە بۆ کوردستان و ئاوادانی ئەم وڵاتە بەسوودە دەبێ پێشکەشی بکەیت، ئێمە یارمەتیت ئەدەین، هەتا ئەو سەردەمە شتی وا رووی نەدابوو، نە لە کاتی شادا و نە لە سەردەمی ئینقلابدا کە بەرپرس ناحیەیەک  لە حاڵ و کار و باری هونەرمەندێک پرسێتەوە، دوو هێندە شەیدای کەسایتی بووم، تەرحێکم (پرۆژەیەک) پێشکەشی کرد، تەنانەت باسی کافەسەرایەکم بۆ بەڕێزیان کرد کە بە شێوازی سەردەمی قاجار و بە کەژاوە هاتووچووی بۆ بکرێ و یادگار وەبیرهێنەرەوەی شێوازی سەفەری کۆن بێ، کە لە سەر جادەی گشتی بە شێوەی کوێرەرێ، تا(بان شیڵانە)درێژەی دەبوو و بە هیچ شێوە و کلۆجێک رەنگ و رووی دونیای مودڕن و گەشە بە خۆیەوە نەبینی تا خەڵکی بتوانن دڵ و دەروونێک لەم دونیا پر لە دەنگ و فەنگەی  پێشکەوتنە بتارێنن، و زاخاوی مێشک بدەن؛ لە بیرمە بەرێوەبەری "ئیرشاد"ی ئەوکات زۆر پێشوازی لەو  پرۆژە کرد، بەڵام داخی داخان بەخت مەودای نەدا و بە داخەوە کۆمەلێک دەست کەوتنە گەڕ و ئاغای رەحیمی‌یان لەم شارە هەڵکەند، و بەرنامە و پرۆژەکانی منیش ئیستە تۆزی لە سەر نیشتووە و لە سووچی ماڵ بە چاویدا فرمێسک دێتە خوار.
یەکێک لەو ئەخلاق و  رۆحیانەی من لەبەر چاوی بوختان و تۆمەتی نابەجێی خەڵکی نامەرد و بیانووگر ئەوەیە: ئەگەر لە گەڵ کاربەدەستێک یان باڵا دەستێک ناسیاوی و دۆستایتی و  ئاشنایم هەبێ، هەوڵ ئەدەم بە هیچ شێوەیەک قەرەی نەکەوم دووری لێ بگرم، بە عەینی کێشانە هەتا ئەو بەرز بێتەوە لە دەسەڵات و پیشەکەی من زیاتر دەچمە خوار و دووری لێ دەگرم و لە کۆتاییدا هەوڵ ئەدەم لە بەرچاویدا نەمێنم، ئەم رووداوەیش لە گەڵ ئاغای رەحیمی‌ روویدا، بەڵام ئاغای رەحیمی هیچ کات نەیهێشتووە سایەی لە سەر منی حەقیر(بچووک) ببڕێت؛ هەتا بە ئەمرۆ هەر کەس لە کوردستانەوە چووەتە خزمەتی پرسیاری کار و چالاکی من و ئەحواڵ و سڵاو و رێزی بۆم ناردوە، منیش هەتا قەرەی قیامەت چاکەی ئەوە گەورە پیاوەی کوردستان لە بیر ناکەم و خۆم بە قەرزاری دەزانم. دەور و بەری دوو ساڵ لەوە پێش زوڵمێک لە لاییەن چەن کەسێک لە دەنگی و رەنگی "صدا و سیما"کرماشان لە من کرا کە بوو بە هۆی بەرز بوونەوەی زەختم، لە گەڵ بەرز بوونەوەی زەختم کە ئیتر ئەوە خەریکە بەرەبەرە کوێرم ئەکات. زوڵم نامەیەکم نووسی لە گۆڤارەکاندا بڵاو کرایەوە، ماوەیەک دواتر لە سەر پێشنیاری ئاغای رەحیمی جەنابی حاجی ئاغای شەهبازی بەرپرس ناحیەی بەرێز دەعوەتی لێکردم و منیش چوومە حزووری، حاڵ و ئەحواڵی ماڵ و مناڵی پرسیم، لەخزمەتیدا گووتم: هەموویان گەورە بوون و بەتاڵ پێ دەسورێنەوە، بێکار و بێ بار، گووتی: ئەوراقەکانیان بێنە، ئەوراقی یەکێ لە کچەکانم لە زانکۆی ئورومیە"ارومیە"بوو، چووین و "شەهری"(مانگانە)کەماندا و ئەوراقمان هێناو، رادەستی حاجی‌ئاغامان کرد، لە خۆشیدا بسکەی سمێلم دەهات، لە دڵەوە شاگەشکە بووم و گووتم: ئیتر بە ئاسوودەی چاوەکانم یەک ئەنێم و بێ خەم و خەفەت دەمرم. خوودی جەنابی حاجی ئاغا  زاوەکەم کە بکالوریوسی وەرگرتبوو و  سەربازیشی کردبوو  هەڵیبژارد کە دای‌بمەزرێنێ و بۆ دامەزراندنی ئێمەی رووبەرووی ئاغای(ح)کرد.
 کۆمەڵە کێشەکانی ئەو زاڵم‌خانەی کرماشان، زوڵم و زۆری بانکی"مسکن"و هەڕاجی ماڵەکەم لە بەر دانەوەی جەریمەی ئەوان، چوارسەدهەزارتمەنی پارەی ئاو و بڕق"کارەبا"؛  نەدانی پارەی "رایانە"بە ئێمە. بێ‌نرخ و بەها سەیرکردنی کارەکانم لە لاییەن، دەنگ و رەنگی کرماشان'ەوە، و خراپتر لەوانە دەست گرتن بە سەر ماشێنی کوڕەکەمدا بە ناوی دزیاری کە  من دەستی حەوتم لە مەعممورێکی خانەنشینی ئیدارەی ئاگاهی سەندبووم.
جەنابی حاجی ئاغای شەهبازی هەر لەوێدا لە پێش‌چاوی خۆم لە گەڵ هەموویان پەیوەندێ گرت و لە دانە بە دانەی ئەو سازمان و دایرەو ئیدارەانە داوای کرد: کە کێشەی من چارەسەر بکەن و هەر وەک رەوڵی و رۆتینی کارکردنی هەمیشەییان ئەوانیش "بەلێ" قوربانیان دەکرد و بە بەڵی و بەسەرچاو وڵامیان دایەوە!
ئێمەیش دڵمان خۆش بوو و بە دوای  رەفع و رجوو کردنی کێشەکاندا هەڵهاتین. جەنابی حاجی ئاغا شەهبازی ژومارەی تەلفوونی خۆی پێ‌دام  و گووتی: لە هەر کوێ گرێ کوێرە کەوتە کارەکەت تەلەفوونم بۆ بکە."بەڵی" بە سەرچاوم کرد و بۆ هەرشوێنێک چووین و گیرۆدە بووین و گرێەکە بە خۆمان نەدەکرایەوە تەلەفوونمان بۆ حاجی ئاغا کرد - گوایە لە کۆبوونەوەدا  بووە و نەیتوانیەوە وەڵام باتەوە، چیتر موزاحمی کات و ساتیان نەبووم و لەو هەموو کێشە تەنانەت یەک کێشەی چارەسەر نەبوو!خێزانم یەک مانگی تەواو لە دوای وەرگرتنی "یارانە" بوو کە لەم دەس بیگرین و بەو دەسی تر بیدەینەوە بە خۆیان، بەڵام لە کۆتاییدا بە روو گرژی وڵامیان دایەوە؛ تەنیا ئێوە نیین کە "یارانە"تان تیا چووە، ئێوەیش وەک ئەو خەڵکە! خێزانم گوتبووی: ئەی بە چ حسێبێک  چوارسەدهەزارتمەن پارەی بڕق"کارەبا"تان لە ئێمە سەندوە؟ گووتبوویان، بە حسێبی بە کار هێنان.
کاتێ هەستم کرد کە جگە لە پێ ئێشەو  و مەزاج تێک چوون شتێکمان پێ ناگات، چارەسەری کێشەکانم دایە دەستی خوا، بەڵام هاوارم لە دوای ئاغای(ح)رۆیشت، دووساڵی تەواو زاوەکەمی لە دوای خۆی تاودا و لە کۆتاییدا دوو پارچە وەرەقەی لە ناو مێزەکەی دەرهێناوە و گووتوویتی: ئاغای شهبازی بەرپرس ناحیە،  جگە لە تۆ دووکەسی تری بۆ دامەرزاندن بە ئێمە ناساندوە، بەڵام شوێنمان نییە و پێویستمان بە کارگوزار و کارمەند نییە. زاوەکەم پێی دەلێت:  ئەم قسانە لە سەر لاپەڕەیەک بنووسە و پێمبدە، چوون ئاغای شەهبازی لە باوکی خێزانم (خەزوورم) دەپرسێتەوە، کار و بارت بە کوێ گەیشتووە؟ئاغای(ح)فەرمووبووی: ئاغای شەهبازی بە هیچ شێوە و کلۆجێک باوکی خێزانت ناناسێ، ناوی لە بیر کردوە من  بیرم هێناوەتەوە، برۆ؛ کوڕەکەی من لێرە کار دەکات و ئەگەر خۆشی لە پێشەکەی نەهات و لێرە وازی هێنا، من جێگەی ئەو ئەدەم بە تۆ!
"قەولی سەر خەرمان".وەرگرتنی پەیوەندی لە گەڵ بەرپرس ناحیە ئەستەم و دژوار بوو، دیسانەوە رۆیشتم برۆمە خزمەتی، لە سەفەر یا لە کۆبوونەوەدا بوو!

ئەمری بەرپرس ناحیەیەک، ئەمری سەرۆک کۆمارە و نابێ لە بەرچاوی نەگرین! بەرێز حاجی ئاغای شابازی مرۆڤێکی لە سەر خۆ، هێمن و مێهرەبان و خۆش ئەخلاق و زمان خۆشە؛ بە جۆرێک قسە لە گەڵ خەڵک ئەکات کە هەست ئەکەیت، کەسەکە بەرپرسی ناحیە‌یەو ئەو رەشۆک. رۆژێک کە بۆ یەکەم جارچوومە خزمەتی، لە ماوەی سێ بۆ چوار دەقە بە شێوەیەک لە گەڵ من قسەی کرد و بە دەمەوە هات و رەوانەی کردم کە هەستم کرد ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە کە هاوڕێی و هاوماڵ و دۆستی نزیک و خۆشەویستی یەکین. بۆ هەرکەس کە تەلەفوونی دەکرد، دەیگووت: تکا دەکەم کێشەی ئاغای کەمەندی چارەسەر بکەن!
هەڵبەت ئەم شێوە هەڵسووکەوتە لە گەورەیی بەرێزیان سەرچاوە دەگرێ، بەڵام لە بەرانبەر کەسێکدا کە هەستی پێـبکات و پێی بزانێ و پێی وا نەبێ لە "کەڵەپیاو" بوونی خۆیتی. سروشت لەم بوارەدا مامۆستایەکی هەرە گەورەیە. سەرنج بدەن: تاکو  هەور سەرو چاو تێک نەدا و خۆی نەهێنێتە یەک و رەش هەڵنەگەرێ،تاکوو هەورەتریشقە سینەی هەوڕ شەق نەکات و ئەرز نەخاتە لەرزە، بارانی بە پیت و بەرەکەت داناکات، لە گەڵ کۆمەلێک کەس دەبێ وەک هەورەگرمە هەڵسووکەوت کەیت تا وڵامی باشت وەگیر کەوێت .ئاغای(ح)کە ئامادە نییە، گفت و کەلامی خۆی راشکاوانە و پاکانە بداتە دەست بەرپرس ناحیەو دەست ئەکات  بە درۆ کردن و خۆی لە راستی ئەشارێتەوە، چۆن رێی تێ ئەچی هەتا، کورەکانی و خالۆزاکانی  و پورزاوکانی و  میمکەزاکانی مابن، بۆ ئێمەو مانان کار و باری دەبێت و وەڵامی دڵخۆشکەری بۆ ئێمە ئەبێت، چۆن ژیانی خۆش بۆ زاوەکەی من بە رەوا دەبێنێ؟ گوێ رادێرن و بیر بکەنەوە لەو قسە ئاغای شهبازی: ناوی باوکی خێزانتی لە بیر کردوە و من بیرم هێناوەتەوە! بە راشکاوانە؛ یەعنی بۆ بەرپرس ناحیەیش گرنگ نییە کە ئێوە دەستان بە دەمی خۆتان بگات و بن بە خاوەن کار و پیشەیەک! بە هەر حاڵ چوون لەم دووساڵە سەرەرای زەحمت و ماندوبوونی بەرێزیان هیچ یەک لە کارەکانمان رانەپەڕا  بە ئەرکی خۆمم زانی پێی راگەینم و لە خزمەتی دا بێژم: جگە لە قاچ ئێشەو سەر ئێشەو دەم ئێشە  هیچ‌مان دەس نەکەوت، دە دەردی تر سەر رای ئەو هەموو دەردەم زیادی کرد. ماشێنی کوڕەکەم دوو ساڵە دەستی بە سەرا گیراوە دیار نییە لە کوێیە و بۆ کوێ براوە،جەریمەی بانک‌مان لێ وەردەگرن و رۆژ لە سەر رۆژ زیادیش دەکات و وامی ماشێنەکە رۆژ لە سەر رۆژ زیاتر دێتە سەری، پارەی "یارانە"یش هیچ. واخەریکم ماڵ و حاڵم هەراج ئەکەم، ئەو نیوە ماڵە کە ماومە  بە هیوام هەراجی بکەم تا پارەی "عەوارزی"شارەوانی بدەم،  وەلحاسڵ ژیانمان  بووە بە دۆزخ‌، نە سەری دیارە نە بەری مەگەر خوا بۆ خۆی بکات چارەسەری.ئاغای رەحیمی هەتا مردن خۆشم دەوێت و ممنونم و سپاست دەکەم .سپاسی بەرێزت دەکەم بۆ ئەو هەموو چاکانەت. جێگەی خۆیتی سپاسی ئاغای شاهرودی نوینەری مقام موعەزەمی ریبەری(خامنەای) بکەم کاتێک لە نەخۆشخانە کەوتبووم حاڵ و ئەحواڵی پرسیم. بە قەولی مەرحووم خەسرەو شەکیبای  "حاڵمان باشە بەڵام ئێوە بڕوا مەکەن"
بۆ آغای(ح)
ئاوایە قەناعەتم:
بە تۆ، بە هرشتێک کە پێکەوە هەمانە
نە. بیر نەکەیتەوە کە لە دووری تۆ دەمرم
ژیان شیرینە،
پێت وانەبێ لە سارد و سڕی نیگات دەلەرزم من
سەرنج بدە! قەندیلی سەر چاوانم
داخی کورسیەکی گەرم
حەسرەتیکی لە مێژینەیە
من بە رێژەی کێویکی یەخ"سەهۆڵ" 
بە هەوای زستانی تۆ 
عادەتم کردوە .
عەباس کەمەندی
جولای دووهەزار و دوازدە شاری سنە
وەرگێر: ئاڵا هوشیار






جێگەو پێگەی ژن لە شارستانەیتی فەرعونیەکانی میسر

جێگەو پێگەی ژن لە شارستانەیتی فەرعونیەکانی میسر
پڕۆفسۆر ژان یوویوت یەکێ لە میسر ناسەکانی خەڵکی فەرانسە دەڵێ: سێ هەزار ساڵ پێش لە هاتنی مەسێح، میسر لە وڵاتەکانی دەوروبەری زۆر پێشکەوتوتر بووە، نیشانەو و ئاسەوارە بە جێ ماوەکان لەو سەردەمە ناوبانگێکی زۆر بە میسر بەخشیوە.

ژان فراسنووا شامپوولیۆن، باوکی میسر ناسی، لە ساڵی ١٨٨٢ لە سەفەری خۆی بۆ میسر بە بینینی پەیکەری ژنێکی میسری لە سەر بەردەکان دەنووسێ:(( حاڵەتی وەستانی ئەم ژنە، دەڕبڕینی ئەوەیە کە میسر لە گەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازی شارستانی زۆری هەیە.

لە سەرەتای دەسەڵاتی فەرعوونەکان، ژن بە جێگەی ئەوەی کە لە ژوورێکی تاریک و تەنیا داکەوێت و یان لە ژێر دەسەڵاتی باوک یان هاوسەرێکی دەسەڵاتداری دا بێت، خاوەنی ئازادیەکی زۆر رەها بووە. یەکەم جار کە یۆنانیەکان سەردانی میسریان کرد، لە ئازادی و سەربەخۆی ژنانی میسر توشی شۆک و رامان هاتن.

دیودور دووسیسیڵ، جوگرافیاناس، بە پێی لێکوڵینەوەی خۆی لە سەر ژنانی میسر دەڵێت: ژنی میسری دەسەڵاتێکی تەواوی هەبووە و تا رادەیەکیش بە سەر هاوسەرکەیدا حوکمی کردوە.

١ـ دەبێ بە دڵنیایەوە بڵێین، دایکی فەرعوونەکان خاوەنی جێگەو پێگەیەکی زۆر گەورە بوون و لە مانەوە و درێژ بوونەوەی دەسەڵاتدا خاوەنی هێز بووەن.
٢ـ زۆرن ئەو بەردنووسان و کەتیبانە کە بە لێکوڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە، لەو سەردەمەدا کوڕان بە باوکەوە بانگ نەدەکران، بەڵکو بە ناوی دایکەوە بانگ دەکران.
٣ـ کەسایتیە گەورەکانی ئەو کات، زۆرینەی کات لە خەڵوەتگەکانی خۆیاندا دەمووچاوی دایکی خۆیان دەکێشا و بەم شێوە هەتا ئەبەد لە گەڵیدا دەژیان.

هیچ نیشانەیەک لە بەکاری هێنانی ژنان بۆ دەسەڵات نییە؛ چوون لە راستیدا فەرعوونیەکانی میسر هەم ژن و هەم پیاو هیچ زوڵم و زۆریکیان لە حەقی یەکدا نەدەکرد.


خوداکانی میسر
ئیزیس: خوڵقێنەری هەموو کەون:
ئیزیس هەم خوشک و هەم ژنی ئەوزیریس بووە و دایکی هەوەس و لە جێگە و پێگەی (دایکی دونیا) ناودەبرا،  ئیزیس لە گەڵ مێردەکەی ئەمری بە سەر هەموو خەڵکدا دەکرد، و ئاشتی و بەرەپێشچوونی بۆیان بە خەڵات دەهێنا.

مات: ئیلاهەی بەرابەری و عەداڵەت

لە ئاسەوار ناسی میسری، مات، ئیلاهەی نەزم ، و یەکدەست راگرتنی جیهانە(ئاشتی، بەرابەری، راستی و عەداڵەت) مات دایک و  کچ و هاسەری رەعە، لە لاییەکی تریشەوە خوشکی رۆحانی فەرعوونە. بە کەرەم و زانستی ئەوە کە جیهان بەرێوە دەچێ، مات نوورێکە کە رەع بە دونیای دەبەخشێ. یەکەم ئەرکی فەرعوون، بەرێوەبردنی یاسایی ئیلاهەی ماتە، لە هەموو وڵاتی میسردا، هەر بۆیە لە وێنەکانی فەرعوونەکاندا دەبینین کە مات خەریکی خەڵات کردن بۆ خوداکانی میسر، ئەوە بەو مانایە کە خودای میسر دەبێ لە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی ماتدا بجوڵێتەوە.

هاتوور: خودای ئەوین، مۆسیقا و سەما

لە لایەکەوە وەک چاوی رەع سەیر دەکرێ و لە لایەکی تریشەوە وەک (خودای جەژنەکان و ئەوین، مۆستیقا و سەما) ستایش دەکرێ، هاتوور یەکێ لە خودا کۆنەکانی میسرە، ناوی هاتوور بە مەعنای ((نشینگەی خوداری هوروس)) بووە بە هۆکارێک تا ئەو بە ژنی هوروس بزانن، بڕێک جاریش لە پەنای ئیزیس، دایکی هوروس و بەگشتی پشتیوانی هوروس دەزانن.

بە لێکدانەوە و لێکوڵینەوە لە خوداکانی شارستانییەتی فەرعوونەکان ئەومان بۆ روون دەبێتەوە کە لە ژن و پیاو لەو سەردەمەدا وەک یەک و لە ئاستی یەکدا سەیر کراون،.

میسر وڵاتی دەروونی ژنانە:

بەو شێوە کە لە زەوی میسر، نابەرابەری لە نێوان ژن و پیاودا بەدی ناکرێ، لە ئاسمان و لە بەهەشتیش و لە پەیوەندی دەروونیدا شتێک بە ناوی نابەرابەری بوونی نییە، لە سەردەمی فەرعوونەکان، ژنێک دەیتوانی بگات بە باڵاترین پلەی عیرفانی و رۆحانی ((مەلەکەی میسر، سەرۆک و فەرمانڕەوای هەموو ئایینەکان بوو، هێزی مەعنەوی خۆی دەدا بە قەشە گەورەکان تا لە شارە گەورەکان جەژن و بۆنەی ئایینی بگرن)"ژەک،٢٧١،١٩٩٦

دیارە کۆمەڵێک کاری تایبەت بە ژنان و کۆمەڵێک کاری تایبەتی پیاوانە بووە، بەڵام لە پەرستگەکاندا هەردوو رەگەزەکە هاوشان و هاوماڵی یەک بوون، جارێک ژنێک دەبوو بە گەورەیان و جارێک پیاوێک..

گەورەترین ژنی فیرعونی لە مێژووی میسر:
مەلەکە - فەرعوون،هەت شپسووت، پێنجەم  فەرعوون لە هەژدەیەم ئەڵقەی فەرعوونەکانی میسرە، کچی تووتمەسی یەکەم، هاوسەری تووتمەسی دووهەم و قەیوومی تووتمەسی سێهەم.
ئەم ژنە یەکێ لە قارەمانەکانی وڵات و مێژووی میسرە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە باس دەکرێ هەت شپسووت یەکەم و دوایین فەرعوونی میسر نەبووە، و بوونی فەرعوونی ژن بۆ شارستانیەتی میسر شتێکی تازە نەبووە، کاتێک تووتمەس مرد، کچەکەی هەت شپسووت کە تەمەنی لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ بووە، بە زەواج لە گەڵ زڕ براکەی توومەسی دووهەم بوو بە هاوسەری گەورەی خاندان، لە کاتی مەرگی فەرمانڕاو، کوڕەکەی "توومەستی سێهەم دەبێ بە فەرعوون، بەڵام بە هۆی منداڵ بوونیەوە، باوەژنی یەعنی هەت شپسووت دەبێ بە جێگری. لە دوای بیست و حەوتم ساڵی تووتمەسی سێهەم ئەم خانمە دەبێ بە فەرعوون.