۱۳۹۲ مرداد ۱۰, پنجشنبه

گەڕۆک

وەرز، وەرزی خەندە بوو
شەقام تۆی لێم بزرکرد
وەرز، وەرزی گریان بوو
شەقام تۆی پەیدا کرد
یان تۆ پەیدای، یان من بزر.
خەوتن لە سەر کونی هەواکێشی مێترۆ لە پاریس و
ژماردنی ئەستێرەکانی ئاسمان و
تلاوتل کردن لە سەر کارتۆنی دەرمانخۆرەکان
تامەزرۆی ژوورێکی گەرم و سەرینێکی نەرم
دۆکەڵی کەباب و خەوێکی برسی.
حەمام کردن لە حەمامی گێیەکان
بە دزی دووربینی نەیارانەوە.
قسەکردن لە گەڵ حیزەکان
بۆ لە بیر بردنەوەی ئەوینی نیشتمان
حەز و خولیای دواندنی لەشفرۆشەکان
بۆ رۆچوون لە جیهانی بێ دەمامکی
ئەرێ بە راست کێ یارە؟
ئەرێ بە ڕاست کێ نەیارە؟
بۆ لە ژێر بورجی ئیڤڵ
خۆم نەکەم بە خۆراکی ماسی؟
با یار چاوی لێم بێت
بۆ نەیار چاوی لێم بێت
پاریس، پاریس،
بەهیبەتەوە لێمدەڕوانێ،
گورچیلەی چەپم لە پاریس لە سەر کونی مێترۆیەک بە جێ ماوە
سەرینەکەم لە شاری نیس، خەڵاتی پەنابەرێکی کورد کرد
پێڵاوەکانم لە رۆما، لە پارکی پەپولە شەق و شڕ بوو
شەقامەکان دوور و درێژ
خەوتن لە کەنیسەیەکی رۆما،
بە دزی قەشەکانەوە،
ئیبراهیمی باوک چاوی زیت و کەڵبەی خوێناوی
ئیسماعیل لەم شەقامانەدا وێڵ و وەیلان،
لە ئاڵمان زەرتشت بۆ حەوت یۆرۆ
دەچێتە دەرگای مارکسی ریش پان!
خەونم کەشتیەکە دەڕوات بۆ کۆپنهاگ
لە دانیمارک بووم بە کوردێکی دز
وڵاتی نەرویج،
خنجێرێکی دەبانی لە سەر سینگم چەقاند،
هەر ئەڕۆم و برینەکانم قوڵتر ئەبێ
فرمێسکەکانم شینتر ئەبێ،
گا ئاسا نەقیزەیان دام
لە ناو کەف و کوڵی ئازارمدا بەلەسەبووم
لە فینلاند بووم بە زۆڵێکی عاشق.
سوید وەک سەگ نازی کێشام و
وەک پشیلە تێی هەڵدام.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر