۱۳۹۲ مرداد ۱۰, پنجشنبه

ئەها بابە: بۆسۆ لە دڵم هەڵدەستێ بۆ سۆران





لە مەکتەب گەڕامەوە،دایکم بە پەلە پارویەک نانی پێدام و گووتی:"جلم بۆ داناوی لە بەری بکە دەبێ برۆین بۆ زەماوەن"دایە،زەماوەندی کێیە؟
+زەماوەنی خاڵۆتە دەرۆین بۆ ئاوایی سەردۆش.
باوکم لە حەوەشەکە هاواری لێ‌هەستا و گووتی:ئاخ لە دەستی ژن هەتا خۆیان حازر ئەکەن گیانی پیاو ئەگەێننه‌ کوونە لوتی،وەلا و بیلا جوانی خان و مانی،دە خۆت رێخە خۆ دڵم تەقی لە بەر ئەم هەتاوە.
+ پیاوەکە خەریکم مناڵەکان ڕێك ده‌خه‌م بۆ ئەوەندە بێ‌ تەحەموولی؟
چاوێکی مۆڕ کرد، و دووجار لە ژێر لێوەوە ،گووتی:ئـــــم،ئــــــم
باوکم لاندییوەرێکی بوو،کە بە قەد هەموو دونیا دڵی پێی خۆش بوو ،هەموو جارێ دەیگووت:ئەگەر ئەو ماشێنە هەلا هەلابێ هەر قاپۆڕەکەی لە سەر بان دا ئەنێم،چوون خێر و خۆشی و تێروتۆخی بۆ ماڵ و منداڵم تیا بووە.
سوار لاندییوەر بووین بەرەو سەردۆش،چریکەی دەنگی زیرەک دیسان لە رێکوردەکە هەستایەوە:
ئەی نیزام بۆ خۆم نیزام
نیزام نیم و عەسکەرم
موبتەلای چاو ئەسمەرم....
لە سەر کانیە کەللە تەزێنەکەی کانی‌سانان وەستاو،دوو دەبە ئاوی بە هەناوی ماشێنەکەدا کرد بۆ ئەوەی تێنێک و تازەیی بە گەرووی ڕادیاتۆرەکە بەخشێ،شەوق و زەوقی باوکم هێندە زۆر بوو،کە هەستم ئەکرد بیست ساڵ گەنج‌تر بووەتەوە..!
-ئەرێ دایە، ئەوە باوکم بۆ وا بە كه‌یفه‌؟!
+رۆڵە گیان ئەوە ئەم شەو عەبەی رۆسەمی لە زەماوەن خاڵۆتە،لەگەڵ کۆمەلێک هاوڕێی سەردەمی هەرزەکاری خۆی،ئەمشەو ئەبێ بە سیمڕ سیمڕ کە مەگەر خوا بۆ خۆی بزانێ چی روو ئەدات.
سروشت و جوانی سەردۆش لە وەسف و باسکردن ناێت،بەتایبەتی لە وەرزی چرۆ و پۆپیتکەی تازە پشکوتودا،ئاوی کانیەکانی هەمووی زوڵال کە لە گەروودا بێ قورتە کردن دەرواتە خوار و ناوەستێ؛ تاسەت ناشکێ تا ورگت هەڵ‌ئەواسێ.
گەیشتینە کۆڵانەکەی ماڵی باوەگەورەم،باوکم دەستی نا سەر بۆقی ماشێنەکە و کردی بە هاوار هاوار ، هەموو ئاوایی تێ‌شیشابوو،قڕیوەو دەنگی زوڕنا لە گەڵ تەپڵ،گوێی ئەسمی،منداڵێک بە دەبەیەکەوە ئاوی بە بەردەم خەڵکەکەدا ئەپژاند ،بۆ ئەوەی خاک و خۆڵ هەڵنەستێ بەس بەو حاڵەوە خاک و خۆڵ لە ژێر پێی هەڵپەڕکێ چیدا ،هەڵئەبزا،ماشێنەکەی ڕاگرت و دابەزین ،حەمەسالەی ئەحا بەنا،دەستی باوکمی راکێشا و چۆپی دایە دەستی، هەتاکو ئەوکاتە هەڵپەڕکێی باوکم نەدیبوو،قوورس و مەغروور ،کە لێی ببوو بە لووت بەرزی هەڵ‌ئەپەڕی،شانی رائەوەشاند،شانی ئەدا ،خاک لێ‌ژێرقاچی‌دا ئەکەوتە سەما،تەپڵچی لە بەردەمیدا نووشتایەوە، گۆرانیبێژ بە چەپڵەوە:
یاخوا نەبڕێت دەنگ لە دلێران
رێوی راو نەکات لە جێگەی شێران
لە وشەی "شێراندا"پێیان لە عەرز ئەکوتا،بە دەنگی بەرز دەیانگوڕاند:لێی‌دا ،عیــــو.
لێدە،لێدە،لێدە هەرایە، کاکە هەرایە
هەڵپەڕکێ و شایی بۆ دەنگی ناییە...

لە سەر کەڵەکە بەردێک هەڵتروشکابووم و چاوم لە باوکم هەڵنەدەگرت،هەرچی ئەو پێی ئەکێشا بە عەرزا منیش لە سەر ئەو کەڵەکە بەردە سمکۆڵانم دەکرد،هەرجارەو بەردێک لە ژێر پێما ئەترازا.
هەتا عەلی‌یە کوێر کە شوانی ئاوایی بوو نەهاتەوە،هەڵپەڕکێ و سیمڕ سیمڕ بەردەوام بوو،عەلی سێ خوشکی بوو،هەرسێ خوشکەکەی خەریک بوو هار دەبوون بۆ مێرد،کەچی ئەو بێ‌ویژدانە نەیدەهێشت هیچیان مێرد بکەن،بۆیە پرچیان وەک بەفری یەک‌شەوەی لێ‌هاتبوو،کەچی هەر پەلی عەلی‌ برایان رائەکێشا.بەرغەل و رانی هێنایەوە و هەڵپەڕکێ خرا بەیانی.ئەوجار پیاوان لە دیوەخان ئەڵقەیان بەست بۆ قسەی خۆش و گوێ‌گرتن لە گۆرانی و خوگە ملە و تەڵەو رێوی و یەک هێنانەوە...
عەبەی رۆسەمی دەنگێکی بە سۆز و پڕ پێکی پێیوە بوو،کە مناڵی لە بێشکە ژیر ئەکردەوە،بە تام و زەوقەوە باوکم لە پەنای دەستیا دانیشتبوو، و زوو زوو خۆی هەڵئەدا ناو گۆرانیەکە و ئەیگووت:ئەک رەحمەت لەو دەنگەت،عەبە گیان،ئەک لە گۆڕا نەلەرزی، ئاو لە گۆزەیا ئەوەسێنێ.
دوایی ئەوەی کە عەبەی رۆسەمی پشوویەکی ئەخواست،تا قوڕگێک تازە کاتەوە،خەڵکەکە روویان لە عومەری قالە خوشکان کرد و گووتیان:ئادەی عومەر گیان تۆش دوو پارچە شیعری مامۆسا "قانیع‌"مان بۆ بخوێنەوە،ئەویش بێ‌یەک و دوو قۆزەیەکی دەکرد و دەیگووت:کەمێ ئاوم بۆ بێنن،ئاوەکەی ئەخوارد و هەڵی‌ئەدایە شیعر خوێندنەوە:
ئازیز هیلاکم ئازیز هیلاکم
وەک تەیری زامدار خڵتانی خاکم
پێچ ئەدەم وەک مار تەواو خەمناکم
خالۆ سدیقم پێی ئەبڕی و ئەیگووت :دە عومەر تێکی مەدە،با قانیع لە گۆڕا نەلەرزێ..


دەنگە بە سۆزەکەی عەبەی رۆسەمی کەوت هێندەی گۆرانی گووت،عومەری قالە خوشکان ئەوەی دەیزانی لە مامۆستا قانێع وتی ،شەوگار درێژ و خەڵکی پڕ لە کەیف و زەوق،دەستیان کرد بە دەس نیشانکردنی منداڵان ب
ۆ زۆران بازی چەن منداڵیان کرد بە گژی یەکدا ؛گەورەکان چەپڵەیان بۆ منداڵەکان دەکوتا ،هەر منداڵێک پشتی لە عەرز ئەکەوت دەستی ئەکرد بە زیڕە زیڕ و گریان و گەورەکان ئەیاندا لە قاقای پێکەنین، "لە کەوتنی هەر کەسێک کەسانێک شادومان دەبن و کەسانێکی تر دڵتەنگ و غەمین"...نۆرە گەیشتە هاوتەمەن و هاوشانەکانی من هەرچی چاویان گێرا کەس نەبوو هاوتەمەنی من،باوکم رووی لە خالیدی ئەحا بەنا کرد و گووتی:ئەرێ خالید ئەوە سۆران لە کوێیە تاکو بیدەین بە زۆراندا؟بە بیستنی سۆران خورپە لە دڵم هەستا،بەخۆمدا شکامەوە و دەمووچاوم مۆن بوو، ئەو پرسیارە لە مێشکمدا چەکەرەی سەند: بۆ سۆران؟هەرچەن سۆران هاوتەمەنی من بوو،بەڵام هێندە رەنگ زەرد و لاواز بوو کە دەتگووت:هەموو تەمەنی خەریکی دەس‌کەنەی نۆک بوە لە بەر تینی رۆژدا.کاک خالید هاواری لێ هەستا و بانگی سەلمای ژنی کرد:سەلما هۆ سەلما:ئەرێ سۆران لە کوێیە بانگی بکە بۆم.
هێندەی پێ نەچوو سۆران هاتە ژورەوە، لە پەنای باوکیدا لە سەر چۆک دانیشت، باوکم گووتی:خالید: ئەو کوڕەت بنێرە گۆڕەپان؛ بزانم ئاخۆ کامیان پشتی کامیان لە عەرز ئەدەن.خالید سەیری سۆرانی کرد و گووتی :هەستە برۆ مەیدان دەی بە قوربانی ئەو کوڕەی خۆم بم.رووم لە باوکم کرد و گووتم :ئاخر بابە من چۆن دەچم لە گەڵ سۆران زۆران دەگرم؟باوکم دەمووچاوی لێ تێکدام و گووتی:بۆ لێی دەترسی؟_نەبابە ناترسم ئاخر سۆران ؛قسەکەی پێ بڕیم و گووتی :هەستە با دوو شەپت تێ هەڵنەدەم ...
لە ناوەڕاستی دیوەخانەکەدا من و سۆران بەرانبەر بە یەک راوەستاین چاوەکانی هەر ئەو چاوانەی چەن ساڵ لەوە پێش بوو ،هەمان بریسکەی ساڵانی پێشوو لە چاوەکانیدا ،دەریایەک لە توڕەیی تیدا خۆی حەشاردا بوو.هەمان توڕەیی ئەو رۆژەی کە پەتی خستبووە گەرووی تووتکە سەگەکە و بە دوایی خۆیدا رایدەکێشا،ئەرێ ئەو رۆژە بینم و لێم پرسی سۆڕان بۆ وا دەکەیت لەو سەگە گوناحە؟گووتی:ئەوە تووتکەی ئەو سەگەیە کە دایکی لە بەردەرگای ماڵی باوەژنمدا ئەوەڕێت، ئەو سەگە بە نانی باوەژنم گەورە دەبێ و لە بەردەم ماڵی باوەژن و باوکی ژن ئاغام دا پاچەی خەڵکی دەگرێ، دەبێ هەتا بێچووە و فرچکی نەگرتووە هەڵی‌واسم،لە قەنارەی بدەم، مەگەر هەر بە منداڵی ئەو کاتەی کە من ساوا بووم و بە شیری دایکم فرچکم نەگرتبوو،منیان نەخنکاند ،منیان ئاوارەیی کۆڵان و کەلاوەکان نەکرد،منیان لارە ملی ماڵی مام و خاڵ و خزم و کەس نەکرد،ئیستە کەس هەیە لووتی خێر بهێنێ بە مندا؟نە!نە!کەس نییە هەموو کەسێک من بە مناڵێکی شەقاوە و خوێری و بەڕەلا دەزانێ... سۆران تووتکە سەگەی راکێشا و بردی لە سەر چۆمەکەدا بە دار بەڕوییەکدا هەڵی واسی،سەیری تووتکەکەی دەکرد و بەدەم گریان و هەنسکەوە دەیگووت:دەستیان ناوەتە گەرووم بۆیە پەتم نا گەرووت ...
باوشمان بە یەکدا کرد و بە ئەسپایی پێ گووتم:تکایە لە عەرزم مەدە باوەژنم ئەمشەو بە شەق دەمکوژێ...
لە یەک ئاڵاین،بە زۆران و باوش و هێزکردن، یەکمان هێناو یەکمان برد هاشاوڵی قاچی یەکمان ئەدا پەلاماری سەری یەک. چاوی لە باوەژنی هەڵنەدەگرت،هێندە ترسابوو،کە نەیدەزانی خەریکی چییە، لە پڕ قاچی لە سووچی قاڵیەکە کە لە ژێر پێماندا کۆ ببوو گیری کرد ، سوران قاچی لە یەک ئالا و گرمۆڵە بووبە پشتی سەر درا لە عەرز، تەقەلە سەری هەستا لە سەر ئەو چیمەنتوە رەقە،باوەژنی هاتە سەر سەری و چەن پۆکاوڵی لێ‌نا ...
باوشم پێیدا کرد هەڵی‌سێنمەوە کەچی باوکی گووتی:وازی لێ‌بێنە کوڕی خوێری ئەبێ بیدەی بە دەم گوورگەوە!
سوران بە چاوی پڕ لە بوغز و کین لە دیوەخان رۆیشتە دەر،هێندەی پێ‌نەچوو کە من بە دوایدا رۆیشتم لە سەر بانیجەکە زۆر چاوە چاوکم کرد ؛بەڵام سۆرانم نەبینی ،خۆم کرد بە گەوڕەکەدا ئاگام لێ‌بوو سۆران باوەشی بە کاوڕێکدا کردبوو و بە سەریدا ئەگریا،
سۆران:ئەوە چی ئەکەیت لێرە؟
_هیچ ئیرە باشترە بەس نییە ئەم حەیوانانە زمانیان نییە تا تانە و تەشەرم لێ‌بەن!،باوەحاجی ئەم کاوەڕەیشی پێداوم ، و زۆرم خۆش دەوێت حەز ئەکەم لە لای کاوەڕەکەم بخەوم.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر