۱۳۹۲ مرداد ۲۲, سه‌شنبه

چێخۆف لە چاوی تولستۆی، گوورکی و خوێنەری دوێنێ و ئەمڕۆ





پازدەی ژووئیە بەرانبەرە لە گەڵ سەد و نۆهەمەین ساڵی مەرگی ئەنتۆن چێخۆف( نووسەری بەناوبانگی رووسی). چێخۆف چەن مانگ پێش لە مەرگی شاهیدی سەرکەوتنی دوایین شاکاری خۆی شانۆنامەی( باخی ئاڵووباڵوو) بوو.
چیرۆکی ئەم شانۆنامە لە سەر بنەماڵەیەکی خانەدانی رووسە کە چۆن تێشکاون و لە ژێر باری قەرزاریدا دەناڵێن، دەبینن چۆن موڵک و ماڵی بهمیرات بۆماوی خۆیان بە فیڕۆ دەڕوات، لە گەڵ ئەوەی کا بانک مەجالی پێداون بۆ رزگاری باخەکەیان کارێک بکەن، بەڵام ئەم خانەدانە هیچ کارێک ناکەن تا لە کۆتاییدا باخەکە دەبێ بە موڵکی کابرایەکی جوتيارى تازە پێیاکەوتوو( کەسێک کە لەپڕ دەبێ بە خاوەن پارە). کاتێک کە خانەدانەکە ماڵەکە چۆڵ دەکەن، گوێیان لە دەنگی تەور و قرچەقرچی ناوقەدی داری ئاڵووباڵوەکانە کە دەبڕێنەوە.

چێخۆف شانۆنامەکەی خۆی به کۆمیدیایەکی سووک وەسف دەکات، کەچی کنستانتین ئستالنیسلاڤسکی، دەرهێنەرى ناوداری شانۆی مۆسکۆ، ئەم شانۆ نامەی چێخۆف بە تراژيدی رووسی ناودەبات و هەر لە سەر ئەم ئەساسە ئەم شانۆنامە دەباتە سەر سەکۆی شانۆ و ئەم کارەیشی بوو بە ناوێکی زێڕین بۆ خۆی و بۆ چێخۆفیش.

لەم جۆرە جیاوازی بۆچوونە لە ژیانی هونەری چێخۆف کەم نەبووە. ئەو لە سەدەی تولستۆی، دایستاڤسکی، توڕگینف، ڤیکتۆرهۆگۆ، ئیبسن، نیچە، و واگنز ژیانی دەکرد. سەدەیەک کە تێڕوانینی تراژیک لە هەموو ئوروپا هاوشانی هونەر بوو.
تۆماس مان ئەم سەدە بە دارستانی دێوەکانی دەشوبهاند؛ دارستانێک بە بیرۆکەی بەرزەمرۆڤانی فەلسەفە، رومانتیزمی شاعیرانە و شۆرشگێرانە، مۆسیقا و سەمفۆنیک، ئۆپێرای گەورەی واگنر و ئارمانخوازی قورس و قایمی سومبولیکی شانۆی ئیبسن.

لەم کێشمەکێشدا چێخۆف کۆمیدی دەنووسی. ئەوانەی کە وەک ئستنیسلاوڤسکی دەسخۆشی کارەکانیان لێدەکرد، لە هەموو مەجالێک کەڵکیان وەردەگرت بۆ ئەوەی کەمێک تراژديی چ لە لەسەر سەکۆی شانۆ و چ لە لێکۆڵینەو و رەخنە تێیوە گلێنن، لە ترسی ئەوەی کە نووسینەکانی چێخۆف بە جیددی وەر نەگرن. لە مەڕ کەسایتی ناو چیرۆکەکانی لەرادەبەدەر باسی پەراوێزیان دەکرد و رێچکەیان لە ناو ژیانی راستی نووسەرەکەدا پەیدا دەکرد؛ چ بە شێوەی هەڵە یان راست، بەمجۆرە سەرنجی خوێنەرانیان بۆ لای چیرۆکەکانی رادەکێشا.

ئەم مێتودە هەتا بە ئەمڕۆیش درێژەی هەیە، دەیان و سەدان ژیاننامە لە شیکردنەوەی ژیانی چێخۆف هەتا ئیستە بە چاپ گەیشتوون، کە زۆرینەی وەستان و رامانە لە سەر پەراوێزی ژیانی ئەم نووسەرە، بە تایبەت هەڵسووکەوتی لە گەڵ ژنان و زۆر کەمتر پەرژاونەتە سەر جێگە و پێگەی هونەری.

کۆکراوەی چەن جڵدی نامەکانی چێخۆف خەزنێکی بەنرخ و زۆرە بۆ ژیاننامەنووسەکان. لە مانگی مارش و ئاپرِیلی رابردوو شانۆنامەیەک بە ناوی ( تامەزرۆیی) لە سەر ئەساسی دەسکەوتی تازەی نووسەرێکی ئینگلیزی لە ژیانی عاشقانەی چێخۆف لە لەندەن چووە سەر سەکۆی شانۆ.

ویلیام بۆید نووسەری شانۆنامەکە لە دوای خوێندنەوە چیرۆکی کەم بڵاوکراوەیی چێخۆف بە ناوی (مەلاقاتی دۆستان) ( بینینی دۆستان ) دەچێت بۆ لای داناڵد ریفیڵد، یەکێ لە دوایین ژیاننامە نووسەکانی چێخۆف. ئەم پیاوە(ریفیڵد) بە قسەی بۆید شوێن پێی سی و سێ ژنی لە ژیانی چێخۆفدا پەیاکردوە. ِبؤيد بە پەیوەندیـدان رەوڵی وەکیلی سکاڵاکار و دووژنی چیرۆکی ( بینینی دۆستان ) بۆ چێخۆف و ژنەکانی رابردووی و بە تێهەڵکێشکردن لە گەڵ چیرۆکێکی تری چێخۆف بە ناوی ( ژیانی من ) شانۆنامەکەی خۆی نووسی. ئەم کارە بە بڕوای رەخنەگری رۆژنامەی گاردین، نە تەنیا دەنگی چێخۆفی تیدا نییە، تەنانەت دەنگی خوودی بۆیدی کەم تێدایە، هەرچەن ئەو مۆسیقا و ئەوەی کە پێی دەڵێن، ناوەرۆکی ئەبەدی رووسی لە ناو شانۆنامەکەدا ستایش دەکات.

جێی سەرسوڕمان ئەمەیە کە زۆر قسەو قسەلۆک لە مەڕ چیرۆکی ( بینینی دۆستان ) لە کاتی ژیانی نووسەر کراوە، و لە سەر کردەوەیەکی عەجوولانەی گۆڤارێک، بە چەن زمان بڵاوکراوەتەوە. بۆید لە نووسراوەیەک بە پێنووسی خۆی کە لە رۆژنامەی گاردین لە سەر چێخۆف نووسویتی و ئیشارەتی بەم بابەتەیش نەداوە. بەڵام لە نامەیەک کە چێخۆف بۆ دۆستەکەی "سورین" کە(چاپەری کتێبە) لە رێکەوتی شازدەی فیبرییەی February ١٨٩٨ هەیە، بەتایبەتی دەڵێت: لە شێوەی ریکلامکردنی گۆڤاری کۆزموپۆلیس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ( بینینی دۆستان ) و دەسکاری ناوی ئەم چیرۆکە کە گواێی بۆ ئەوەی چیرۆکەکە بەراستی بنوێنن، توڕە بوو و حاڵی تێکچووە.

چیرۆکی (بینینی دۆستان) هەڵبەت بێ بەهرە لە چیرۆکە کورت و پڕ بایەخەکانی چێخۆف نییە، و نووسەریش لە گەڵ دڵساردی لە راستیەکانی دەوروبەری چەن ساڵ دواتر بابەتەکەی دەکات بە هەوێنی شانۆنامەی ( باخی ئاڵووباڵوو)

چیرۆک و دژە چیرۆک:
چیرۆکەکانی چێخۆف سەرەڕای ئەوەی کە سەرکەوتنی زۆری بۆ خودی خۆی هێنا، بەڵام لە گەڵ سەردەمی خۆی زۆر سازگار نەبوو، کێشەی ئەم چیرۆکانە کە ئەمڕۆ لە چاوی خوێنەران زۆر رووسی دەنوێنێ، بە پێی قسەی زۆریەک لە لێکوڵەوەران و رەخنەگرانی سوننەتی هاوکاتی چیخۆف لەوەدا بوو کە دەیانگووت: ((بۆنی رووسی لێ ناییەت)).
تولستۆی لە گەڵ ئەو ماوە درێژە کە پشتگیری چیرۆکەکانی چێخۆفی کرد، کەچی دواتر هەموو چیرۆکەکانی رەدکردەوە و لە شوێنێک بە لاسایی لە بەرهەمەکانی ئیبسینی زانی، تولستۆی کۆمەلێک چیرۆکی لە بەرهەمەکانی چێخۆف هەڵبژارد و بەشان و باڵیاندا هات، شانۆنامەکانی بەدڵ نەبوو و دەیگووت: هیچ شتێکی سەیر و عەجایەت لە شانۆنامەکانیدا روونادات، کەسایتیەکان لە سەر مێزێک دادەنیشن و هەڵدەستن چوون کارێکی تریان نییە بۆ کردن و شوێنێکی تریان نییە بۆ رۆیشتن.

چێخۆف بە بزەوە گوێبیستی ئەم رەخنانە دەبوو. بە شاهیدی نامەکانی بۆ "سورێن" گەلێک شەو لە خەو راچەنیوە و بە زەوق و شەوەقەوە دەسخۆشی و ستایشی رۆمانی( شەڕ و ئاشتی) کردوە. رۆمانێک کە ((پیر))، بەدیلی ئەدەبی نووسەر لە ناویدا سەردانی شوێنی گرنگ و کاری گرنگ دەکات.(( سەردانی بەرەی شەڕ و بەرەوپیری برینەکان دەچێ، کاتێک شاری مسکۆ لە ژێر سمی ئەسپ سوارەکانی فەرانسەدا چۆڵ دەبێ خۆی مات ئەدات تا ناپليۆن دەرکەوێت: بەو هیوا کە بتوانێت بیکوژێ و ئەم نەهامەتیە مێژووییە کۆتایی پێ بێنێ…)
چێخۆف شەوانێکی زۆر لە گەڵ بەسەرهاتە شادیهێنەرەکان و پێنووسی سیحرئاویی تولستۆی سەرخۆش و مەست رۆژ دەکاتەوە، بەڵام کاتێک لە پشتی مێزەکەی دادەنیشت و بەرهەمەکانی خۆی دەنووسی لە زۆرینەیان هیچ رووداوێکی دراماتیکی رووی نەدەدا، لە گەڵ ئەم هەموو رووداوە سەیر و سەمەری سەردەمی خۆیدا، تەنیا و تەنیا پێداگری لە سەر شتی رۆژانە دەکرد. چێخۆف نووسەری سەردەمی رۆمانی کەڵەگەد و پڕ لەدەنگ و پیلان و شۆڕش بوو، کەچی جوتیار و کارمەندی دەوڵەت و سەرباز و قەشەو، کالیسکەئاژۆ و مامۆستای لادێ و سەدان مرۆفی تر هەوێنی بەرهەمەکانی بوون کە تام و لەزەتی زەمان و کاتی خۆی دەکوشت.

پێنج مەن ئەوین:
ئەو کاتەی کە لە سەر ئەوین و خۆشەویستی ئەدوێت لە دڵی نووسەری گەورەی رووس کە ئیستە وەک پێغەمەرێک لە موڵکی خانەدانی یاسنایاپۆلیانا هەڵکورماوە، نانیشێ. چێخۆف لە کاتی نووسینی (مەلی دەریایی) لە نامەیەک بۆ چاپەری("ناشر") "سورێن" شانۆنامەکەی بەمشێوە وەسف دەکات:
((کومیدیایەکەو، سێ رەوڵی ژنانە، شەش رەوڵی پیاوانە، چواربڕگە، چاوەنازێک (منظرە)( روو لە دەریا)، وتووێژی زۆر لە سەر ئەدەبیات، کرداری کەم، و پێنج مەن ئەوین.))

تولستۆی بە قسەی خۆی، نەیتوانی ئەم شانۆ نامە تا کۆتایی بخوێنێتەوە
بۆ هاوئاهەنگ کردنی نیگای ئەخلاقی خۆی، لە دڵتەڕی عاشقانەی چێخۆف لە بەردەم گوورکی، لێی پرسی: ئایا لە گەنجیدا بۆ ئەم جۆرە ماڵانە چووە؟ چێخۆف ئەشڵەژێ.
گوورگی لە نووسینی رۆژانەکەیدا دەنووسی، پیری دونیادیتەی ئێمە بە زمانی خۆماڵی لە عەجوولی سەردەمی گەنجی خۆی بە شانازییەوە دوا.
رۆژی دواتر چێخۆف لە کاتی پیاسەکردن لە ناو سەوزەڵانیەکە، ئەوی لە نزیک گورگی جوان و شکۆمەند، وەک کچانی شۆخو شەنگ وەسف دەکات، و کاتێک چێخۆف بۆ ماڵئاوایی کڕنۆشی بۆ دەبات تا دەستی ماچ بکات، بە چپە دەڵێ: شانۆنامەکانی تۆ لە بەرهەمەکانی شکسپیریش خراوترە.
چێخۆف هیچ ناڵێت، بەڵام لە نامەیەک بۆ سورێن لە نیشاندانی هێزی ئەخلاقی تۆلستۆی بە توندی رەخنە دەگرێ، هەرچەن لە شوێنێکی تر بە باشی وەسفی دەکات و دەڵێ: هەتا کاتێک تۆلستۆی زیندووە بێ زەوقی ئەدەبی لە پەراوێزدا دەمرێ. چێخۆف سەرەرای ئەوەی کە دژ بە رەخنەی نا ماقوڵی تۆلستۆی بۆ بێنرخکردنی گەشەی زانست بۆ قازانجی مەعنەوی بوو، بەڵام هیچکات وێنەی تۆلستۆی لە پاڵ وێنەی تورگنێف، گریگورویچ، یەکەم پاڵنەری ئەدەبی خۆی - و چایکۆفسکی مۆسیقاری هاونیشتمانی لە دیواری سەر مێزەکەی دانەگرت. تۆلستۆیش بە بزەیەکی باواکانە لە گفتوگۆی رەخنەگرانی چیرۆکەکانی چێخۆف بە وشەگەلێک وەک تابلۆ دەنەخشێنێ کە لە بەرانبەر دووربین لە گەڵ بێ نەزمی پرژ و بڵاو دەبنەوە و لە کۆتاییدا وەک تابلۆیەکی ئیمپرسیۆنیستی جوانی دەرنجامێکی سەرسوڕهێنەر دروست دەکات.

بەڵام گوورکی لە روانگەیەکی ئەخلاقیەوە سەیری شانۆنامەکانی چێخۆفی نەدەکرد، هەرچەن دڵی بە درام دابوو و کەمتر لە ئەندێشەی تەنز رۆچووبوو و بە خوێندنەوەی چەن جارەو چوونە سەر سەکۆی شانۆ لە کۆی تێڕوانینێکی ژێرانە لە گەڵ دەسخۆش و ستایشدا، جارێک بە شەوق و زەوقەوە بۆ چێخۆف نووسی:(( وردی و جوانییەک کە تۆ بە قەڵەمت دەینەخشێنی وەک ئەوە وایە کە خەڵکیتر بە ناوقەدی درەخت دەینووسن)).

میراتی چێخۆف
سەدان چیرۆکی کورت و درێژ، دەیان شانۆنامە، کتێبێکی گشتی لە مەڕ دوورگەی ساخالین، کۆی هەموو نامەکانی و دەسنووسە رۆژانەکانی کە بەرهەمی ژیانی کورتی و پربایەخی چێخۆفە. کاتێک لە وڵامی دۆستێکی گەنجیدا "ئەیوان یۆنین" گووتبووی پێم وانەبێت هەتا حەوت ساڵی لە دوای مەرگم بەرهەمەکانم بخوێنرێتەوە. کە یۆنین هۆکاری ژمارەی (حەوت ساڵ) دەپرسێ، لە وڵامدا بە بزەوە دەڵێ: دەی با حەوت نەبێ و حەوت و نیو بێت!
لە راستیدا ئەمڕۆ کە بەرهەمەکانی چێخۆف لە دوای ئەو هەموو هەوراز و نشێوە لە دوای زیاتر لە یەک سەدە وەک خۆی ماوەتەوە و پارێزراوە، زمانی تەنزی چێخۆف هەرچەن لە دەنگەدەنگ و هەراهەرای رزگاری مرۆڤدا، شوێنێک کە جێگەی ئەندێشە و هونەری زۆرینەی گەورە نووسەران بەکارهاتووە بزرە، بەڵام لە گەڵ نەمانی رەشەباکان سەربەرز و سوکنایی داوە و وەک دۆکتۆرێکی زامی شارەزای رۆح بە هانایە مرۆڤەوە هاتووە.

چێخۆف لە ئێران:
چێخۆف لە ئێران بە وەرگێڕانەکانی سادیق هیدایەت، مەحەمەد عەلی جەماڵزادە، بوزورگ عەلەوی، عەبدولحسین نووشین و کازم ئەنساری بۆ یەکەم جار بە خوێنەری فارس ناسێنرا. سیمین دانشوەر، هوشەنگ پورنەزەر، کامەران فانی و، داریوش مۆدەبیان، ئەحمەد گوڵشیری، بهروز، رەزا ئازەرەخشی، و هووشەنگ رادپوور لە وەرگێڕەکانی دواتری بەرهەمەکانی چێخۆف بە زمانی فارسی بوون.

سەرچاوەکان:
مجموعه ده جلدی داستانهای چخوف ترجمه استپانیان و نامههای او ترجمه ناهید کاشیچی توسط انتشارات توس به چاپ رسیده است.
یکی از زندگینامههای چخوف به قلم هانری تروایا، ترجمه علی بهبهانی، ویراسته جهانگیر افکاری توسط انتشاارات علمی و فرهنگی منتشر شده است.

عەزیز مەعتەزەدی (نووسەر و رەخنەگری هونەری)
لە فارسیەوە: ئاڵا هوشیار

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر