۱۳۹۲ مرداد ۲۸, دوشنبه

جوانی بووه‌ به‌ كاڵایه‌ك بڕاوه‌ به‌ باڵای ژندا

جوانی بووه‌ به‌ كاڵایه‌ك بڕاوه‌ به‌ باڵای ژندا


ئه‌گه‌ر كچێكی هاوڕێت هه‌بێت و كارمه‌ند بێت و ته‌له‌فون بكات و بڵێ: من هاوسه‌رگیریم كردوه‌ و ئیتر نایه‌مه‌ سه‌ر كار و پێویستم به‌ كاری ئیداره‌ نییه‌، چۆن بیر ده‌كه‌یته‌وه‌؟ به‌ دڵنیایه‌وه‌ خۆشحاڵ ده‌بی له‌وه‌ی كه‌ مێردێكی په‌یدا كردوه‌ و پێویستی به‌ كاری ژنه‌كه‌ی نییه‌، خۆشحاڵی له‌وه‌ی كه‌ سه‌روسامانی گرتووه‌. ئیسته‌ هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ پێچه‌وانه‌ رووبدات و هاوڕێكه‌ت ته‌له‌فون بكات و بڵێ: مێردی كردوه‌ و مێرده‌كه‌ی كار ناكات و ده‌بێ بۆ ژیانی خۆی و مێرده‌كه‌ی شه‌و ورۆژ كار بكات، ئێمه‌ چۆن بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ ئایا یه‌كسه‌ر ناڵێن، جا ئه‌وه‌ چ پیاوێكه‌ كه‌ كار ناكات و ده‌بێ تۆ كاری بۆ بكه‌یت و بژێوی ژیانی دابین بكه‌یت، ئایا هاوڕێكه‌مان ئاگاداری ناكه‌ینه‌وه‌: كه‌ تكایه‌ ئاگات له‌ خۆت بێت، ئه‌م پیاوه‌ به‌ كارت ده‌هێنێ؟….
زۆرینه‌ی زه‌واجه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌ سه‌ر ئه‌م جۆره‌ ئه‌قڵیته‌ییه‌ كه‌ پیاو ده‌بێ خاون پاره‌ بێت و ده‌ستی له‌ گیرفانی خۆیدا بێت و ژن نابێت كار بكات، چوون كاری ده‌ره‌وه‌ ئه‌ركی ژن نییه‌ و ژن ده‌بێ ته‌نیا كاری ناوماڵ بكات و جوانی خۆی رابگرێ. له‌ راستیدا جوانی و ناسكی و نه‌رم و نیانی ژن یه‌كێ له‌ كه‌ره‌سه‌كانه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی خۆیان، كه‌ره‌سه‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌روونی ژندا گه‌وره‌ ده‌بێت و له‌ گه‌ڵی ده‌ژی… پیاوانیش خاوه‌ن كه‌ره‌سه‌یه‌كن به‌ ناوی پاره‌، به‌ڵام به‌ یه‌ك جیاوازیه‌وه‌، كه‌ پیاوان كڕیارن و ژنان فرۆشیار.
ئه‌م جۆره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌ كوردستان و به‌گشتی هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه‌، بۆ نمونه‌: له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی پێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زانكۆی میشیگان، له‌ ساڵی ١٩٨٦ له‌ باره‌ی كوڕان و كچانی زانكۆی (High school Senior ) له‌ ئه‌مریكا، پرسیارێك له‌ كچان كرابوو” چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵ پیاوێك زه‌واج بكه‌ن كه‌ پیاوه‌كه‌ كار نه‌كات و ژنه‌كه‌ كار بكات؟، ٧٧ له‌ سه‌دی كچه‌كان ئه‌م شێوه‌ زه‌واجیان لا په‌سه‌ند و قه‌بووڵ نه‌بووه‌ و وتویانه‌، شتی وا بۆ بیركردنه‌وه‌ نابێ، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی، یه‌عنی ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌یان هه‌موو كاتێك كار بكه‌ن و ژنه‌كان ماڵداری بكه‌ن چی؟
٧١ له‌ سه‌دی كچه‌كان به‌م كاره‌ و به‌م جۆره‌ زه‌واجه‌ رازی بوون. سه‌د له‌ سه‌دی كچه‌كان ته‌نیا ٣٩ له‌ سه‌دی حازر نه‌بوو كه‌ پیاوه‌كانیان به‌رده‌وام كار بكه‌ن و خۆیشیان حازر بوون هاوشانی پیاوه‌كانیان كار بكه‌ن. ئه‌و كوڕانه‌یش كه‌ حازر نه‌بون ژنه‌كانیان كاریان بۆ بكات و خۆیان دابنیشن ٧٥ له‌ سه‌د بوون و له‌ سه‌د ١٥ كوڕان پێیان خۆش بوو كه‌ ژنه‌كانیان كار بكات.
ئه‌گه‌ر ژنێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئێوه‌، بۆ نمونه‌ خوشك یان كچتان رۆژێك بڵێ: به‌ هیوام زه‌واج بكه‌م، یه‌كه‌م پرسیار كه‌ لێی ده‌كه‌ن چییه‌؟ ئایا پرسیار ناكه‌ن ئیش و كاری چییه‌؟ مانگانه‌ی چه‌ندێكه‌، ده‌وڵه‌مه‌نده‌؟
به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژێك كوڕێك بۆ ماڵ بگه‌ڕێته‌وه‌ و بڵێ زه‌واج ده‌كه‌م، یه‌كه‌م پرسیار چی لێ ده‌پرسن؟ ئایا ناپرسن، جوانه‌؟ چه‌نێك باڵایه‌تی و له‌سه‌ر ئه‌خلاق و هه‌ڵسووكه‌وتیشی پرسیار ده‌كه‌ن( هه‌رچه‌ن ئه‌خلاقیش جۆرێك فرۆشتنی هه‌مان كاڵای جوانییه‌) له‌ كۆتاییدا حه‌زیش ده‌كه‌ن كچه‌كه‌ زمان له‌ ده‌میا نه‌بێت و به‌ قه‌ولی كوردی سه‌ربه‌ده‌ره‌وه‌ نه‌بێ!
ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌تان مێرد به‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌دار بكات، هه‌مووتان له‌ سه‌ری كۆك و رێكن، ئه‌گه‌ریش ناشیرینیش بێت، پاره‌كه‌ی ده‌یشارێته‌وه‌!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنێك پاره‌ی بێت و بیهه‌وێت مێرد به‌ كابرایه‌كی فه‌قیر و كه‌م داهات بكات، زۆر نائاساییه‌، ده‌ڵێن: ده‌وڵه‌مه‌نی و پاره‌داری بۆ ژن نه‌هاتووه‌ و سیفه‌ت و ئه‌خلاقێكی پیاوانه‌یه‌ و جوانیش ئه‌خلاق و سیفه‌تی ژنانه‌یه‌، پیاوی بێ پاره‌ و ژنی ناشیرین هه‌ردووك وه‌ك یه‌ك شانسی په‌یاكردنی هاوسه‌ری خۆویستی خۆیان هه‌یه‌. چوون پیاو بۆ كڕینی ژن و جوانی ژن ده‌بێ پاره‌ی باشی بێت و ژنیش بۆ فرۆشتنی ده‌بێ جوان بێت، پاره‌ كه‌ره‌سه‌ی هێزی پیاو و جوانیش كه‌ره‌سه‌ی هێزی ژنه‌، بێ ئه‌م دووكه‌ره‌سه‌ هیچكامیان ناتوانن بڕۆنه‌ ناو بازاری سه‌ودا كردن. هه‌ر بۆیه‌ بیر و هۆشی زۆرینه‌ی ژنان جوانی و بیر هۆشی پیاوان له‌ لای پاره‌ و جێگه‌ و پێگه‌یه‌. ئه‌گه‌ر پێتان وایه‌ ئه‌مه‌ راست نییه‌، سه‌یری كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری بكه‌ن:
به‌ پێی گۆڤاری (ده‌روونناسی ئه‌مڕۆ) كه‌ له‌ وڵاتی ئه‌مریكا ده‌رده‌چێ سی و یه‌ك له‌ سه‌دی ژنان حه‌ز ده‌كه‌ن مێرده‌كانیان جوان بێت، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ بۆ پیاوان ٥٦ له‌ سه‌ده‌، پیاوان حه‌ز ده‌كه‌ن ژنه‌كانیان جوان بێت.
به‌ پێی لێكوڵینه‌وه‌ی گۆفاری (پاره‌) ٥٨ له‌ سه‌دی ژنان پیاوه‌كه‌یان به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌وه‌ ده‌وێت كه‌ ده‌ریده‌هێنن. ٢٥ له‌ سه‌دی پیاوان پاره‌ی ژنه‌كه‌یان بۆ گرنگ بووه‌.
له‌ لێكوڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ ساڵی ١٩٨٩ له‌ لایه‌ن گۆڤاری (دروونناسی و سكسی ئینسانی) ئه‌نجام درابوو، داوایان كردبوو له‌ كچانی زانكۆ كه‌ شه‌وێك بڕۆنه‌ ده‌ر و له‌ گه‌ڵ پیاوان قسه‌ بكه‌ن كه‌مێك به‌ شان و باڵیاندا هه‌ڵده‌ن و له‌ گه‌ڵیان بێنه‌وه‌ و سكسیان له‌ گه‌ڵ بكه‌ن.
٧٥ له‌ سه‌دی پیاوان ده‌عوه‌تی ژنه‌كانیان قه‌بووڵكردبوو و حازر بوون له‌ گه‌ڵیان بخه‌ون، ئه‌ی ئه‌گه‌ر پیاوان به‌ هیوا بن له‌ گه‌ڵ ژنان قسه‌ بكه‌ن و به‌ شان و باڵیاندا هه‌ڵده‌ن به‌ یه‌كه‌م جار له‌ گه‌ڵیان جووت ده‌بن؟ ره‌نگه‌ له‌ سه‌دا یه‌ك یان دوو. چوون جوانی ژن كاڵایه‌كه‌ كه‌ بڕاوه‌ به‌و باڵا و نرخی گرانه‌!

۱۳۹۲ مرداد ۲۶, شنبه

خۆزگە بڕوسلی برا گەورەی من بوایە؟


بۆ یەکەمجار کە بڕوسلیم ناسی، لە باخی پارکی مەریوان بوو، لە سەر کورسێکی درێژی تەختە، لە سینەمایەک کە بە گۆنی بەن داپۆشرابوو و پێش لە چوونە ژوورەوە بۆ ناو سینەماکە دەبوو پێنج تمەن بدەیت تا لە سەر ئەو کورسیانە دانیشی و فیلمەکە دەست پێ بکات…
لە سەر کورسیەکە بێدەنگ دائەنیشتین و چاومان لە تەلەفزیۆنەکە ئەبڕی تا بڕوسلی دەرئەکەوت، لە گەڵ دەرکەوتنی بڕوسڵی، دەبوو بە هاتوهاوار و هەموومان دەمانکرد بە فیکە لێدان و هۆتاف کێشان، بڕوسلی قارەمانی خەونەکانی من، بە گاردگرتن لە بەرانبەر {شەڕ}و چاو زیتکردنەوە و بە سەرکەوتنەکانی بە سەر بەرانبەریدا سینەما تاریکەکەی ناوباخی پارکی شاری مەریوانی دەهەژاند؛ من لە خۆشیدا ئاو بەچاومدا ئەهاتە خوار، و وەک پشیلە لە گەڵ قیژەی بڕوسلی دەمقیژاند، نەک من هەموو ئەو سینەما بچووکە دەبوون بە بڕوسلی… بڕوسلی قاچی راستی چەن جاڕ هەڵدەبڕی و بە سەری بەرانبەریدا ئەکێشا و بە مشتی گرێکراوی لە سەر دڵی شەڕی دەکوتا. من لە جێگەی خۆم هەڵدەبەزیمەوە ئەوندە بە قایم لە جێگەی خۆم رادەپسکام هەموو جارێک سەرم دەیکێشا بە سەرمیچی سینەماکەدا، ئازاری سەرئێشەو و شادی سەرکەوتنی قارەمانەکەی من تێکەڵی یەک دەبوون.
بڕوسڵی قارەمانی بێ وێنەی خەونەکانی من یەک لە سەر یەک دوژمنانی دائپڵۆسی و تاروماری دەکردن، ئەو کاتەی کە بڕوسلی ئەو سەرکەوتنانەی تۆمار دەکرد، من جموجوڵێک دەچووە گیانم و دەمگووت: تۆ بڵێی منیش بتوانم هاوشێوەی بڕوسلی نەیارانی خۆم لەت و پەت بکەم؟ دوژمن و نەیاری بڕوسلی ئەوانە بوون کە راهێنەرەکەی بڕوسلییان کوشتبوو، ئەوانە بوون کە چاویان بە سەرکەوتنی بڕوسلیدا هەڵ نەدەهات، ئەرێ ئەی نەیارانی من کێن؟ دەبێ من کێ داپڵۆسم؟ ئەرێ ئەی من کێ دوژمنمە؟ دەبێ من لە بەرانبەر کێ و چیدا گارد بگرم؟ دەمزانی دەبێ گارد بگرم و وەک بڕوسلی رۆحی تۆڵە لە گیانمدا بێت، بەڵام مەخابن نەمدەزانی دەبێ لە گەڵ کێ بجەنگم؟ ئایا دەبێ بڕۆم و ئیخە بە خەڵک بگرم و دوژمن بۆ خۆم داتاشم؟
هەر بۆیە کاتێک لە سینەما ئەهاتمەدەر وەک گای سەرشێت جووڵەی دەست و قاچی بڕوسلیم دووبارە دەکردەوە و ئێخەم بە هاوتەمەنەکانی خۆم دەگرد، پێم وابوو ئەوان نەیارن و منیش بڕوسلی (بەڵێ بڕوسلی لە گیانی مندا چەکەرەی کردبوو) زۆر جار بەدەرکەوتن لە سینەما ئێخەم بە چەن کەس گرتووە و لە سەر ئەوە دەیانجار سەریان شکاندووم و سەری خەڵکم شکاندوە، بەڵام من بڕیارم دابوو بم بە بڕوسلی و سەری شەڕ پان بکەمەوە…
بۆ یەکەمجار کە دوژمن لە پێش چاوم خۆی نواند، سەربازێکی تورک بوو، کە بە شەق، کۆڵی کۆڵبەرێک، کە کۆڵەکەی هەموو شووشە بوو شکاند، لەو کاتەدا چاوم بە مەرگی راهێنەرەکەی بڕوسلی کەوت، وەک بڕوسلی و بەلاسایی کردنەوەی بڕوسلی دەستم دایە ژێر باڵی کۆڵبەرکەو هەڵمساند، بێ ئەوەی ئەم قسە زل و زەبەلاحانەی ئیستە بزانم، وتم: پدر سگ چرا میزنیش؟ این کرد و هم خون منە… قیژاندم و هەڵمەتم بۆ سەرباز برد:
شەقێک لە سەرباز و شەقێک لە من بەربووینە گیانی یەک، نەک وەک بڕوسلی سەرنەکەوتم، بەڵکو ئەوندەی شەق تێهەڵدام، شەق بە شەق ئەیگووت، خۆت لابدە، بە قۆناخە چەک سەری شکاندم و لە ناو قوڕوچڵپاوی مەرزی باشماخ تەڕاتێنێکی باشی پێکردم، ئەو رۆژە بوو، خۆزگەم خواست کە بڕوسلی برا گەورەی من بوایە!

۱۳۹۲ مرداد ۲۲, سه‌شنبه

چێخۆف لە چاوی تولستۆی، گوورکی و خوێنەری دوێنێ و ئەمڕۆ





پازدەی ژووئیە بەرانبەرە لە گەڵ سەد و نۆهەمەین ساڵی مەرگی ئەنتۆن چێخۆف( نووسەری بەناوبانگی رووسی). چێخۆف چەن مانگ پێش لە مەرگی شاهیدی سەرکەوتنی دوایین شاکاری خۆی شانۆنامەی( باخی ئاڵووباڵوو) بوو.
چیرۆکی ئەم شانۆنامە لە سەر بنەماڵەیەکی خانەدانی رووسە کە چۆن تێشکاون و لە ژێر باری قەرزاریدا دەناڵێن، دەبینن چۆن موڵک و ماڵی بهمیرات بۆماوی خۆیان بە فیڕۆ دەڕوات، لە گەڵ ئەوەی کا بانک مەجالی پێداون بۆ رزگاری باخەکەیان کارێک بکەن، بەڵام ئەم خانەدانە هیچ کارێک ناکەن تا لە کۆتاییدا باخەکە دەبێ بە موڵکی کابرایەکی جوتيارى تازە پێیاکەوتوو( کەسێک کە لەپڕ دەبێ بە خاوەن پارە). کاتێک کە خانەدانەکە ماڵەکە چۆڵ دەکەن، گوێیان لە دەنگی تەور و قرچەقرچی ناوقەدی داری ئاڵووباڵوەکانە کە دەبڕێنەوە.

چێخۆف شانۆنامەکەی خۆی به کۆمیدیایەکی سووک وەسف دەکات، کەچی کنستانتین ئستالنیسلاڤسکی، دەرهێنەرى ناوداری شانۆی مۆسکۆ، ئەم شانۆ نامەی چێخۆف بە تراژيدی رووسی ناودەبات و هەر لە سەر ئەم ئەساسە ئەم شانۆنامە دەباتە سەر سەکۆی شانۆ و ئەم کارەیشی بوو بە ناوێکی زێڕین بۆ خۆی و بۆ چێخۆفیش.

لەم جۆرە جیاوازی بۆچوونە لە ژیانی هونەری چێخۆف کەم نەبووە. ئەو لە سەدەی تولستۆی، دایستاڤسکی، توڕگینف، ڤیکتۆرهۆگۆ، ئیبسن، نیچە، و واگنز ژیانی دەکرد. سەدەیەک کە تێڕوانینی تراژیک لە هەموو ئوروپا هاوشانی هونەر بوو.
تۆماس مان ئەم سەدە بە دارستانی دێوەکانی دەشوبهاند؛ دارستانێک بە بیرۆکەی بەرزەمرۆڤانی فەلسەفە، رومانتیزمی شاعیرانە و شۆرشگێرانە، مۆسیقا و سەمفۆنیک، ئۆپێرای گەورەی واگنر و ئارمانخوازی قورس و قایمی سومبولیکی شانۆی ئیبسن.

لەم کێشمەکێشدا چێخۆف کۆمیدی دەنووسی. ئەوانەی کە وەک ئستنیسلاوڤسکی دەسخۆشی کارەکانیان لێدەکرد، لە هەموو مەجالێک کەڵکیان وەردەگرت بۆ ئەوەی کەمێک تراژديی چ لە لەسەر سەکۆی شانۆ و چ لە لێکۆڵینەو و رەخنە تێیوە گلێنن، لە ترسی ئەوەی کە نووسینەکانی چێخۆف بە جیددی وەر نەگرن. لە مەڕ کەسایتی ناو چیرۆکەکانی لەرادەبەدەر باسی پەراوێزیان دەکرد و رێچکەیان لە ناو ژیانی راستی نووسەرەکەدا پەیدا دەکرد؛ چ بە شێوەی هەڵە یان راست، بەمجۆرە سەرنجی خوێنەرانیان بۆ لای چیرۆکەکانی رادەکێشا.

ئەم مێتودە هەتا بە ئەمڕۆیش درێژەی هەیە، دەیان و سەدان ژیاننامە لە شیکردنەوەی ژیانی چێخۆف هەتا ئیستە بە چاپ گەیشتوون، کە زۆرینەی وەستان و رامانە لە سەر پەراوێزی ژیانی ئەم نووسەرە، بە تایبەت هەڵسووکەوتی لە گەڵ ژنان و زۆر کەمتر پەرژاونەتە سەر جێگە و پێگەی هونەری.

کۆکراوەی چەن جڵدی نامەکانی چێخۆف خەزنێکی بەنرخ و زۆرە بۆ ژیاننامەنووسەکان. لە مانگی مارش و ئاپرِیلی رابردوو شانۆنامەیەک بە ناوی ( تامەزرۆیی) لە سەر ئەساسی دەسکەوتی تازەی نووسەرێکی ئینگلیزی لە ژیانی عاشقانەی چێخۆف لە لەندەن چووە سەر سەکۆی شانۆ.

ویلیام بۆید نووسەری شانۆنامەکە لە دوای خوێندنەوە چیرۆکی کەم بڵاوکراوەیی چێخۆف بە ناوی (مەلاقاتی دۆستان) ( بینینی دۆستان ) دەچێت بۆ لای داناڵد ریفیڵد، یەکێ لە دوایین ژیاننامە نووسەکانی چێخۆف. ئەم پیاوە(ریفیڵد) بە قسەی بۆید شوێن پێی سی و سێ ژنی لە ژیانی چێخۆفدا پەیاکردوە. ِبؤيد بە پەیوەندیـدان رەوڵی وەکیلی سکاڵاکار و دووژنی چیرۆکی ( بینینی دۆستان ) بۆ چێخۆف و ژنەکانی رابردووی و بە تێهەڵکێشکردن لە گەڵ چیرۆکێکی تری چێخۆف بە ناوی ( ژیانی من ) شانۆنامەکەی خۆی نووسی. ئەم کارە بە بڕوای رەخنەگری رۆژنامەی گاردین، نە تەنیا دەنگی چێخۆفی تیدا نییە، تەنانەت دەنگی خوودی بۆیدی کەم تێدایە، هەرچەن ئەو مۆسیقا و ئەوەی کە پێی دەڵێن، ناوەرۆکی ئەبەدی رووسی لە ناو شانۆنامەکەدا ستایش دەکات.

جێی سەرسوڕمان ئەمەیە کە زۆر قسەو قسەلۆک لە مەڕ چیرۆکی ( بینینی دۆستان ) لە کاتی ژیانی نووسەر کراوە، و لە سەر کردەوەیەکی عەجوولانەی گۆڤارێک، بە چەن زمان بڵاوکراوەتەوە. بۆید لە نووسراوەیەک بە پێنووسی خۆی کە لە رۆژنامەی گاردین لە سەر چێخۆف نووسویتی و ئیشارەتی بەم بابەتەیش نەداوە. بەڵام لە نامەیەک کە چێخۆف بۆ دۆستەکەی "سورین" کە(چاپەری کتێبە) لە رێکەوتی شازدەی فیبرییەی February ١٨٩٨ هەیە، بەتایبەتی دەڵێت: لە شێوەی ریکلامکردنی گۆڤاری کۆزموپۆلیس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ( بینینی دۆستان ) و دەسکاری ناوی ئەم چیرۆکە کە گواێی بۆ ئەوەی چیرۆکەکە بەراستی بنوێنن، توڕە بوو و حاڵی تێکچووە.

چیرۆکی (بینینی دۆستان) هەڵبەت بێ بەهرە لە چیرۆکە کورت و پڕ بایەخەکانی چێخۆف نییە، و نووسەریش لە گەڵ دڵساردی لە راستیەکانی دەوروبەری چەن ساڵ دواتر بابەتەکەی دەکات بە هەوێنی شانۆنامەی ( باخی ئاڵووباڵوو)

چیرۆک و دژە چیرۆک:
چیرۆکەکانی چێخۆف سەرەڕای ئەوەی کە سەرکەوتنی زۆری بۆ خودی خۆی هێنا، بەڵام لە گەڵ سەردەمی خۆی زۆر سازگار نەبوو، کێشەی ئەم چیرۆکانە کە ئەمڕۆ لە چاوی خوێنەران زۆر رووسی دەنوێنێ، بە پێی قسەی زۆریەک لە لێکوڵەوەران و رەخنەگرانی سوننەتی هاوکاتی چیخۆف لەوەدا بوو کە دەیانگووت: ((بۆنی رووسی لێ ناییەت)).
تولستۆی لە گەڵ ئەو ماوە درێژە کە پشتگیری چیرۆکەکانی چێخۆفی کرد، کەچی دواتر هەموو چیرۆکەکانی رەدکردەوە و لە شوێنێک بە لاسایی لە بەرهەمەکانی ئیبسینی زانی، تولستۆی کۆمەلێک چیرۆکی لە بەرهەمەکانی چێخۆف هەڵبژارد و بەشان و باڵیاندا هات، شانۆنامەکانی بەدڵ نەبوو و دەیگووت: هیچ شتێکی سەیر و عەجایەت لە شانۆنامەکانیدا روونادات، کەسایتیەکان لە سەر مێزێک دادەنیشن و هەڵدەستن چوون کارێکی تریان نییە بۆ کردن و شوێنێکی تریان نییە بۆ رۆیشتن.

چێخۆف بە بزەوە گوێبیستی ئەم رەخنانە دەبوو. بە شاهیدی نامەکانی بۆ "سورێن" گەلێک شەو لە خەو راچەنیوە و بە زەوق و شەوەقەوە دەسخۆشی و ستایشی رۆمانی( شەڕ و ئاشتی) کردوە. رۆمانێک کە ((پیر))، بەدیلی ئەدەبی نووسەر لە ناویدا سەردانی شوێنی گرنگ و کاری گرنگ دەکات.(( سەردانی بەرەی شەڕ و بەرەوپیری برینەکان دەچێ، کاتێک شاری مسکۆ لە ژێر سمی ئەسپ سوارەکانی فەرانسەدا چۆڵ دەبێ خۆی مات ئەدات تا ناپليۆن دەرکەوێت: بەو هیوا کە بتوانێت بیکوژێ و ئەم نەهامەتیە مێژووییە کۆتایی پێ بێنێ…)
چێخۆف شەوانێکی زۆر لە گەڵ بەسەرهاتە شادیهێنەرەکان و پێنووسی سیحرئاویی تولستۆی سەرخۆش و مەست رۆژ دەکاتەوە، بەڵام کاتێک لە پشتی مێزەکەی دادەنیشت و بەرهەمەکانی خۆی دەنووسی لە زۆرینەیان هیچ رووداوێکی دراماتیکی رووی نەدەدا، لە گەڵ ئەم هەموو رووداوە سەیر و سەمەری سەردەمی خۆیدا، تەنیا و تەنیا پێداگری لە سەر شتی رۆژانە دەکرد. چێخۆف نووسەری سەردەمی رۆمانی کەڵەگەد و پڕ لەدەنگ و پیلان و شۆڕش بوو، کەچی جوتیار و کارمەندی دەوڵەت و سەرباز و قەشەو، کالیسکەئاژۆ و مامۆستای لادێ و سەدان مرۆفی تر هەوێنی بەرهەمەکانی بوون کە تام و لەزەتی زەمان و کاتی خۆی دەکوشت.

پێنج مەن ئەوین:
ئەو کاتەی کە لە سەر ئەوین و خۆشەویستی ئەدوێت لە دڵی نووسەری گەورەی رووس کە ئیستە وەک پێغەمەرێک لە موڵکی خانەدانی یاسنایاپۆلیانا هەڵکورماوە، نانیشێ. چێخۆف لە کاتی نووسینی (مەلی دەریایی) لە نامەیەک بۆ چاپەری("ناشر") "سورێن" شانۆنامەکەی بەمشێوە وەسف دەکات:
((کومیدیایەکەو، سێ رەوڵی ژنانە، شەش رەوڵی پیاوانە، چواربڕگە، چاوەنازێک (منظرە)( روو لە دەریا)، وتووێژی زۆر لە سەر ئەدەبیات، کرداری کەم، و پێنج مەن ئەوین.))

تولستۆی بە قسەی خۆی، نەیتوانی ئەم شانۆ نامە تا کۆتایی بخوێنێتەوە
بۆ هاوئاهەنگ کردنی نیگای ئەخلاقی خۆی، لە دڵتەڕی عاشقانەی چێخۆف لە بەردەم گوورکی، لێی پرسی: ئایا لە گەنجیدا بۆ ئەم جۆرە ماڵانە چووە؟ چێخۆف ئەشڵەژێ.
گوورگی لە نووسینی رۆژانەکەیدا دەنووسی، پیری دونیادیتەی ئێمە بە زمانی خۆماڵی لە عەجوولی سەردەمی گەنجی خۆی بە شانازییەوە دوا.
رۆژی دواتر چێخۆف لە کاتی پیاسەکردن لە ناو سەوزەڵانیەکە، ئەوی لە نزیک گورگی جوان و شکۆمەند، وەک کچانی شۆخو شەنگ وەسف دەکات، و کاتێک چێخۆف بۆ ماڵئاوایی کڕنۆشی بۆ دەبات تا دەستی ماچ بکات، بە چپە دەڵێ: شانۆنامەکانی تۆ لە بەرهەمەکانی شکسپیریش خراوترە.
چێخۆف هیچ ناڵێت، بەڵام لە نامەیەک بۆ سورێن لە نیشاندانی هێزی ئەخلاقی تۆلستۆی بە توندی رەخنە دەگرێ، هەرچەن لە شوێنێکی تر بە باشی وەسفی دەکات و دەڵێ: هەتا کاتێک تۆلستۆی زیندووە بێ زەوقی ئەدەبی لە پەراوێزدا دەمرێ. چێخۆف سەرەرای ئەوەی کە دژ بە رەخنەی نا ماقوڵی تۆلستۆی بۆ بێنرخکردنی گەشەی زانست بۆ قازانجی مەعنەوی بوو، بەڵام هیچکات وێنەی تۆلستۆی لە پاڵ وێنەی تورگنێف، گریگورویچ، یەکەم پاڵنەری ئەدەبی خۆی - و چایکۆفسکی مۆسیقاری هاونیشتمانی لە دیواری سەر مێزەکەی دانەگرت. تۆلستۆیش بە بزەیەکی باواکانە لە گفتوگۆی رەخنەگرانی چیرۆکەکانی چێخۆف بە وشەگەلێک وەک تابلۆ دەنەخشێنێ کە لە بەرانبەر دووربین لە گەڵ بێ نەزمی پرژ و بڵاو دەبنەوە و لە کۆتاییدا وەک تابلۆیەکی ئیمپرسیۆنیستی جوانی دەرنجامێکی سەرسوڕهێنەر دروست دەکات.

بەڵام گوورکی لە روانگەیەکی ئەخلاقیەوە سەیری شانۆنامەکانی چێخۆفی نەدەکرد، هەرچەن دڵی بە درام دابوو و کەمتر لە ئەندێشەی تەنز رۆچووبوو و بە خوێندنەوەی چەن جارەو چوونە سەر سەکۆی شانۆ لە کۆی تێڕوانینێکی ژێرانە لە گەڵ دەسخۆش و ستایشدا، جارێک بە شەوق و زەوقەوە بۆ چێخۆف نووسی:(( وردی و جوانییەک کە تۆ بە قەڵەمت دەینەخشێنی وەک ئەوە وایە کە خەڵکیتر بە ناوقەدی درەخت دەینووسن)).

میراتی چێخۆف
سەدان چیرۆکی کورت و درێژ، دەیان شانۆنامە، کتێبێکی گشتی لە مەڕ دوورگەی ساخالین، کۆی هەموو نامەکانی و دەسنووسە رۆژانەکانی کە بەرهەمی ژیانی کورتی و پربایەخی چێخۆفە. کاتێک لە وڵامی دۆستێکی گەنجیدا "ئەیوان یۆنین" گووتبووی پێم وانەبێت هەتا حەوت ساڵی لە دوای مەرگم بەرهەمەکانم بخوێنرێتەوە. کە یۆنین هۆکاری ژمارەی (حەوت ساڵ) دەپرسێ، لە وڵامدا بە بزەوە دەڵێ: دەی با حەوت نەبێ و حەوت و نیو بێت!
لە راستیدا ئەمڕۆ کە بەرهەمەکانی چێخۆف لە دوای ئەو هەموو هەوراز و نشێوە لە دوای زیاتر لە یەک سەدە وەک خۆی ماوەتەوە و پارێزراوە، زمانی تەنزی چێخۆف هەرچەن لە دەنگەدەنگ و هەراهەرای رزگاری مرۆڤدا، شوێنێک کە جێگەی ئەندێشە و هونەری زۆرینەی گەورە نووسەران بەکارهاتووە بزرە، بەڵام لە گەڵ نەمانی رەشەباکان سەربەرز و سوکنایی داوە و وەک دۆکتۆرێکی زامی شارەزای رۆح بە هانایە مرۆڤەوە هاتووە.

چێخۆف لە ئێران:
چێخۆف لە ئێران بە وەرگێڕانەکانی سادیق هیدایەت، مەحەمەد عەلی جەماڵزادە، بوزورگ عەلەوی، عەبدولحسین نووشین و کازم ئەنساری بۆ یەکەم جار بە خوێنەری فارس ناسێنرا. سیمین دانشوەر، هوشەنگ پورنەزەر، کامەران فانی و، داریوش مۆدەبیان، ئەحمەد گوڵشیری، بهروز، رەزا ئازەرەخشی، و هووشەنگ رادپوور لە وەرگێڕەکانی دواتری بەرهەمەکانی چێخۆف بە زمانی فارسی بوون.

سەرچاوەکان:
مجموعه ده جلدی داستانهای چخوف ترجمه استپانیان و نامههای او ترجمه ناهید کاشیچی توسط انتشارات توس به چاپ رسیده است.
یکی از زندگینامههای چخوف به قلم هانری تروایا، ترجمه علی بهبهانی، ویراسته جهانگیر افکاری توسط انتشاارات علمی و فرهنگی منتشر شده است.

عەزیز مەعتەزەدی (نووسەر و رەخنەگری هونەری)
لە فارسیەوە: ئاڵا هوشیار

۱۳۹۲ مرداد ۱۰, پنجشنبه

ئەها بابە: بۆسۆ لە دڵم هەڵدەستێ بۆ سۆران





لە مەکتەب گەڕامەوە،دایکم بە پەلە پارویەک نانی پێدام و گووتی:"جلم بۆ داناوی لە بەری بکە دەبێ برۆین بۆ زەماوەن"دایە،زەماوەندی کێیە؟
+زەماوەنی خاڵۆتە دەرۆین بۆ ئاوایی سەردۆش.
باوکم لە حەوەشەکە هاواری لێ‌هەستا و گووتی:ئاخ لە دەستی ژن هەتا خۆیان حازر ئەکەن گیانی پیاو ئەگەێننه‌ کوونە لوتی،وەلا و بیلا جوانی خان و مانی،دە خۆت رێخە خۆ دڵم تەقی لە بەر ئەم هەتاوە.
+ پیاوەکە خەریکم مناڵەکان ڕێك ده‌خه‌م بۆ ئەوەندە بێ‌ تەحەموولی؟
چاوێکی مۆڕ کرد، و دووجار لە ژێر لێوەوە ،گووتی:ئـــــم،ئــــــم
باوکم لاندییوەرێکی بوو،کە بە قەد هەموو دونیا دڵی پێی خۆش بوو ،هەموو جارێ دەیگووت:ئەگەر ئەو ماشێنە هەلا هەلابێ هەر قاپۆڕەکەی لە سەر بان دا ئەنێم،چوون خێر و خۆشی و تێروتۆخی بۆ ماڵ و منداڵم تیا بووە.
سوار لاندییوەر بووین بەرەو سەردۆش،چریکەی دەنگی زیرەک دیسان لە رێکوردەکە هەستایەوە:
ئەی نیزام بۆ خۆم نیزام
نیزام نیم و عەسکەرم
موبتەلای چاو ئەسمەرم....
لە سەر کانیە کەللە تەزێنەکەی کانی‌سانان وەستاو،دوو دەبە ئاوی بە هەناوی ماشێنەکەدا کرد بۆ ئەوەی تێنێک و تازەیی بە گەرووی ڕادیاتۆرەکە بەخشێ،شەوق و زەوقی باوکم هێندە زۆر بوو،کە هەستم ئەکرد بیست ساڵ گەنج‌تر بووەتەوە..!
-ئەرێ دایە، ئەوە باوکم بۆ وا بە كه‌یفه‌؟!
+رۆڵە گیان ئەوە ئەم شەو عەبەی رۆسەمی لە زەماوەن خاڵۆتە،لەگەڵ کۆمەلێک هاوڕێی سەردەمی هەرزەکاری خۆی،ئەمشەو ئەبێ بە سیمڕ سیمڕ کە مەگەر خوا بۆ خۆی بزانێ چی روو ئەدات.
سروشت و جوانی سەردۆش لە وەسف و باسکردن ناێت،بەتایبەتی لە وەرزی چرۆ و پۆپیتکەی تازە پشکوتودا،ئاوی کانیەکانی هەمووی زوڵال کە لە گەروودا بێ قورتە کردن دەرواتە خوار و ناوەستێ؛ تاسەت ناشکێ تا ورگت هەڵ‌ئەواسێ.
گەیشتینە کۆڵانەکەی ماڵی باوەگەورەم،باوکم دەستی نا سەر بۆقی ماشێنەکە و کردی بە هاوار هاوار ، هەموو ئاوایی تێ‌شیشابوو،قڕیوەو دەنگی زوڕنا لە گەڵ تەپڵ،گوێی ئەسمی،منداڵێک بە دەبەیەکەوە ئاوی بە بەردەم خەڵکەکەدا ئەپژاند ،بۆ ئەوەی خاک و خۆڵ هەڵنەستێ بەس بەو حاڵەوە خاک و خۆڵ لە ژێر پێی هەڵپەڕکێ چیدا ،هەڵئەبزا،ماشێنەکەی ڕاگرت و دابەزین ،حەمەسالەی ئەحا بەنا،دەستی باوکمی راکێشا و چۆپی دایە دەستی، هەتاکو ئەوکاتە هەڵپەڕکێی باوکم نەدیبوو،قوورس و مەغروور ،کە لێی ببوو بە لووت بەرزی هەڵ‌ئەپەڕی،شانی رائەوەشاند،شانی ئەدا ،خاک لێ‌ژێرقاچی‌دا ئەکەوتە سەما،تەپڵچی لە بەردەمیدا نووشتایەوە، گۆرانیبێژ بە چەپڵەوە:
یاخوا نەبڕێت دەنگ لە دلێران
رێوی راو نەکات لە جێگەی شێران
لە وشەی "شێراندا"پێیان لە عەرز ئەکوتا،بە دەنگی بەرز دەیانگوڕاند:لێی‌دا ،عیــــو.
لێدە،لێدە،لێدە هەرایە، کاکە هەرایە
هەڵپەڕکێ و شایی بۆ دەنگی ناییە...

لە سەر کەڵەکە بەردێک هەڵتروشکابووم و چاوم لە باوکم هەڵنەدەگرت،هەرچی ئەو پێی ئەکێشا بە عەرزا منیش لە سەر ئەو کەڵەکە بەردە سمکۆڵانم دەکرد،هەرجارەو بەردێک لە ژێر پێما ئەترازا.
هەتا عەلی‌یە کوێر کە شوانی ئاوایی بوو نەهاتەوە،هەڵپەڕکێ و سیمڕ سیمڕ بەردەوام بوو،عەلی سێ خوشکی بوو،هەرسێ خوشکەکەی خەریک بوو هار دەبوون بۆ مێرد،کەچی ئەو بێ‌ویژدانە نەیدەهێشت هیچیان مێرد بکەن،بۆیە پرچیان وەک بەفری یەک‌شەوەی لێ‌هاتبوو،کەچی هەر پەلی عەلی‌ برایان رائەکێشا.بەرغەل و رانی هێنایەوە و هەڵپەڕکێ خرا بەیانی.ئەوجار پیاوان لە دیوەخان ئەڵقەیان بەست بۆ قسەی خۆش و گوێ‌گرتن لە گۆرانی و خوگە ملە و تەڵەو رێوی و یەک هێنانەوە...
عەبەی رۆسەمی دەنگێکی بە سۆز و پڕ پێکی پێیوە بوو،کە مناڵی لە بێشکە ژیر ئەکردەوە،بە تام و زەوقەوە باوکم لە پەنای دەستیا دانیشتبوو، و زوو زوو خۆی هەڵئەدا ناو گۆرانیەکە و ئەیگووت:ئەک رەحمەت لەو دەنگەت،عەبە گیان،ئەک لە گۆڕا نەلەرزی، ئاو لە گۆزەیا ئەوەسێنێ.
دوایی ئەوەی کە عەبەی رۆسەمی پشوویەکی ئەخواست،تا قوڕگێک تازە کاتەوە،خەڵکەکە روویان لە عومەری قالە خوشکان کرد و گووتیان:ئادەی عومەر گیان تۆش دوو پارچە شیعری مامۆسا "قانیع‌"مان بۆ بخوێنەوە،ئەویش بێ‌یەک و دوو قۆزەیەکی دەکرد و دەیگووت:کەمێ ئاوم بۆ بێنن،ئاوەکەی ئەخوارد و هەڵی‌ئەدایە شیعر خوێندنەوە:
ئازیز هیلاکم ئازیز هیلاکم
وەک تەیری زامدار خڵتانی خاکم
پێچ ئەدەم وەک مار تەواو خەمناکم
خالۆ سدیقم پێی ئەبڕی و ئەیگووت :دە عومەر تێکی مەدە،با قانیع لە گۆڕا نەلەرزێ..


دەنگە بە سۆزەکەی عەبەی رۆسەمی کەوت هێندەی گۆرانی گووت،عومەری قالە خوشکان ئەوەی دەیزانی لە مامۆستا قانێع وتی ،شەوگار درێژ و خەڵکی پڕ لە کەیف و زەوق،دەستیان کرد بە دەس نیشانکردنی منداڵان ب
ۆ زۆران بازی چەن منداڵیان کرد بە گژی یەکدا ؛گەورەکان چەپڵەیان بۆ منداڵەکان دەکوتا ،هەر منداڵێک پشتی لە عەرز ئەکەوت دەستی ئەکرد بە زیڕە زیڕ و گریان و گەورەکان ئەیاندا لە قاقای پێکەنین، "لە کەوتنی هەر کەسێک کەسانێک شادومان دەبن و کەسانێکی تر دڵتەنگ و غەمین"...نۆرە گەیشتە هاوتەمەن و هاوشانەکانی من هەرچی چاویان گێرا کەس نەبوو هاوتەمەنی من،باوکم رووی لە خالیدی ئەحا بەنا کرد و گووتی:ئەرێ خالید ئەوە سۆران لە کوێیە تاکو بیدەین بە زۆراندا؟بە بیستنی سۆران خورپە لە دڵم هەستا،بەخۆمدا شکامەوە و دەمووچاوم مۆن بوو، ئەو پرسیارە لە مێشکمدا چەکەرەی سەند: بۆ سۆران؟هەرچەن سۆران هاوتەمەنی من بوو،بەڵام هێندە رەنگ زەرد و لاواز بوو کە دەتگووت:هەموو تەمەنی خەریکی دەس‌کەنەی نۆک بوە لە بەر تینی رۆژدا.کاک خالید هاواری لێ هەستا و بانگی سەلمای ژنی کرد:سەلما هۆ سەلما:ئەرێ سۆران لە کوێیە بانگی بکە بۆم.
هێندەی پێ نەچوو سۆران هاتە ژورەوە، لە پەنای باوکیدا لە سەر چۆک دانیشت، باوکم گووتی:خالید: ئەو کوڕەت بنێرە گۆڕەپان؛ بزانم ئاخۆ کامیان پشتی کامیان لە عەرز ئەدەن.خالید سەیری سۆرانی کرد و گووتی :هەستە برۆ مەیدان دەی بە قوربانی ئەو کوڕەی خۆم بم.رووم لە باوکم کرد و گووتم :ئاخر بابە من چۆن دەچم لە گەڵ سۆران زۆران دەگرم؟باوکم دەمووچاوی لێ تێکدام و گووتی:بۆ لێی دەترسی؟_نەبابە ناترسم ئاخر سۆران ؛قسەکەی پێ بڕیم و گووتی :هەستە با دوو شەپت تێ هەڵنەدەم ...
لە ناوەڕاستی دیوەخانەکەدا من و سۆران بەرانبەر بە یەک راوەستاین چاوەکانی هەر ئەو چاوانەی چەن ساڵ لەوە پێش بوو ،هەمان بریسکەی ساڵانی پێشوو لە چاوەکانیدا ،دەریایەک لە توڕەیی تیدا خۆی حەشاردا بوو.هەمان توڕەیی ئەو رۆژەی کە پەتی خستبووە گەرووی تووتکە سەگەکە و بە دوایی خۆیدا رایدەکێشا،ئەرێ ئەو رۆژە بینم و لێم پرسی سۆڕان بۆ وا دەکەیت لەو سەگە گوناحە؟گووتی:ئەوە تووتکەی ئەو سەگەیە کە دایکی لە بەردەرگای ماڵی باوەژنمدا ئەوەڕێت، ئەو سەگە بە نانی باوەژنم گەورە دەبێ و لە بەردەم ماڵی باوەژن و باوکی ژن ئاغام دا پاچەی خەڵکی دەگرێ، دەبێ هەتا بێچووە و فرچکی نەگرتووە هەڵی‌واسم،لە قەنارەی بدەم، مەگەر هەر بە منداڵی ئەو کاتەی کە من ساوا بووم و بە شیری دایکم فرچکم نەگرتبوو،منیان نەخنکاند ،منیان ئاوارەیی کۆڵان و کەلاوەکان نەکرد،منیان لارە ملی ماڵی مام و خاڵ و خزم و کەس نەکرد،ئیستە کەس هەیە لووتی خێر بهێنێ بە مندا؟نە!نە!کەس نییە هەموو کەسێک من بە مناڵێکی شەقاوە و خوێری و بەڕەلا دەزانێ... سۆران تووتکە سەگەی راکێشا و بردی لە سەر چۆمەکەدا بە دار بەڕوییەکدا هەڵی واسی،سەیری تووتکەکەی دەکرد و بەدەم گریان و هەنسکەوە دەیگووت:دەستیان ناوەتە گەرووم بۆیە پەتم نا گەرووت ...
باوشمان بە یەکدا کرد و بە ئەسپایی پێ گووتم:تکایە لە عەرزم مەدە باوەژنم ئەمشەو بە شەق دەمکوژێ...
لە یەک ئاڵاین،بە زۆران و باوش و هێزکردن، یەکمان هێناو یەکمان برد هاشاوڵی قاچی یەکمان ئەدا پەلاماری سەری یەک. چاوی لە باوەژنی هەڵنەدەگرت،هێندە ترسابوو،کە نەیدەزانی خەریکی چییە، لە پڕ قاچی لە سووچی قاڵیەکە کە لە ژێر پێماندا کۆ ببوو گیری کرد ، سوران قاچی لە یەک ئالا و گرمۆڵە بووبە پشتی سەر درا لە عەرز، تەقەلە سەری هەستا لە سەر ئەو چیمەنتوە رەقە،باوەژنی هاتە سەر سەری و چەن پۆکاوڵی لێ‌نا ...
باوشم پێیدا کرد هەڵی‌سێنمەوە کەچی باوکی گووتی:وازی لێ‌بێنە کوڕی خوێری ئەبێ بیدەی بە دەم گوورگەوە!
سوران بە چاوی پڕ لە بوغز و کین لە دیوەخان رۆیشتە دەر،هێندەی پێ‌نەچوو کە من بە دوایدا رۆیشتم لە سەر بانیجەکە زۆر چاوە چاوکم کرد ؛بەڵام سۆرانم نەبینی ،خۆم کرد بە گەوڕەکەدا ئاگام لێ‌بوو سۆران باوەشی بە کاوڕێکدا کردبوو و بە سەریدا ئەگریا،
سۆران:ئەوە چی ئەکەیت لێرە؟
_هیچ ئیرە باشترە بەس نییە ئەم حەیوانانە زمانیان نییە تا تانە و تەشەرم لێ‌بەن!،باوەحاجی ئەم کاوەڕەیشی پێداوم ، و زۆرم خۆش دەوێت حەز ئەکەم لە لای کاوەڕەکەم بخەوم.

گەڕۆک

وەرز، وەرزی خەندە بوو
شەقام تۆی لێم بزرکرد
وەرز، وەرزی گریان بوو
شەقام تۆی پەیدا کرد
یان تۆ پەیدای، یان من بزر.
خەوتن لە سەر کونی هەواکێشی مێترۆ لە پاریس و
ژماردنی ئەستێرەکانی ئاسمان و
تلاوتل کردن لە سەر کارتۆنی دەرمانخۆرەکان
تامەزرۆی ژوورێکی گەرم و سەرینێکی نەرم
دۆکەڵی کەباب و خەوێکی برسی.
حەمام کردن لە حەمامی گێیەکان
بە دزی دووربینی نەیارانەوە.
قسەکردن لە گەڵ حیزەکان
بۆ لە بیر بردنەوەی ئەوینی نیشتمان
حەز و خولیای دواندنی لەشفرۆشەکان
بۆ رۆچوون لە جیهانی بێ دەمامکی
ئەرێ بە راست کێ یارە؟
ئەرێ بە ڕاست کێ نەیارە؟
بۆ لە ژێر بورجی ئیڤڵ
خۆم نەکەم بە خۆراکی ماسی؟
با یار چاوی لێم بێت
بۆ نەیار چاوی لێم بێت
پاریس، پاریس،
بەهیبەتەوە لێمدەڕوانێ،
گورچیلەی چەپم لە پاریس لە سەر کونی مێترۆیەک بە جێ ماوە
سەرینەکەم لە شاری نیس، خەڵاتی پەنابەرێکی کورد کرد
پێڵاوەکانم لە رۆما، لە پارکی پەپولە شەق و شڕ بوو
شەقامەکان دوور و درێژ
خەوتن لە کەنیسەیەکی رۆما،
بە دزی قەشەکانەوە،
ئیبراهیمی باوک چاوی زیت و کەڵبەی خوێناوی
ئیسماعیل لەم شەقامانەدا وێڵ و وەیلان،
لە ئاڵمان زەرتشت بۆ حەوت یۆرۆ
دەچێتە دەرگای مارکسی ریش پان!
خەونم کەشتیەکە دەڕوات بۆ کۆپنهاگ
لە دانیمارک بووم بە کوردێکی دز
وڵاتی نەرویج،
خنجێرێکی دەبانی لە سەر سینگم چەقاند،
هەر ئەڕۆم و برینەکانم قوڵتر ئەبێ
فرمێسکەکانم شینتر ئەبێ،
گا ئاسا نەقیزەیان دام
لە ناو کەف و کوڵی ئازارمدا بەلەسەبووم
لە فینلاند بووم بە زۆڵێکی عاشق.
سوید وەک سەگ نازی کێشام و
وەک پشیلە تێی هەڵدام.

۱۳۹۲ مرداد ۹, چهارشنبه

تاڵ



ئاشنایمان دەگەڕایەوە بۆ کۆڵانە قوڕەکان،کە ئیستە جیگەی خۆی‌داوە بە بینا وتەلار و قەسر و قوسوور....

ئێوارەیەک  بە نیازی خواردنەوە؛ قاپێک عارەقم لە پێش خۆم دانا و ئەگەر هەڵە نەبم هەر لە یەکم پیاڵە کە تێم کرد موبایلەکەم جەرەسی لێ‌دا ،بە بۆڵە بۆڵ و جنیودان دەستم دایە مۆبایلەکەم: ئاخۆ کێیە بەم ئێوارە تەلەفوون بۆ من دەکات؟
ناوی لە سەر نەبوو،تەنانەت رەقەمێش ،هەر بۆیە لە پێشی خۆم‌دانا بۆ ئەوەی جەرەسەکەی تەواو بێ، ئاخر مێلۆدی مۆبایلەکەم دەنگی شمشاڵە بە سۆزەکەی "سەلیم چاوشین" بوو، هەڵبەت لە راستیدا ئەو دەنگی شمشاڵە هی سەلیم نەبوو، بەڵام  من خۆم گێل دەکرد و حەزم دەکرد ئەو دەنگە لە شمشاڵی سەلیمەوە دەرچێ، بۆ نمونە مرۆڤ بیرەوەری لە زەڕینی کەر هەبێ لە لای لە مۆسیقای شۆپان خۆشترە! ئیتر مرۆڤە چ دەلێت :هەموومان شیری خاومان خواردوە...
ئاخ سەلیم چاوشین...
پەیکێکی ترم بۆ خۆم تێکرد و بە خۆشی شنەی‌شەماڵەوە خواردمەوە.ئەو سەلێم چاوشینە ،زۆر خۆی بوو، هەڵبەت نە بە باری زانایدا ،بە پێچەوانە بە باری کەریتی‌دا، بەس ئەوەندە لە دڵم رۆچووبوو، بە نوێڵ و قەڵەم و چەکوشیش دەرنەدەهات، سەرو سمێلی نەبوو، کۆسە، جوتێک چاوی شینی جوان، خودا بۆ خۆی زانیبوی ئەو کەرە هێندە دڵتەڕە هەر بۆیە بە کۆسەی هێشتبوویەوە، گاڵتەی بە رۆژگاران دەهات، دەمگووت: سەلیمە کەر ئەوە چەن ساڵتە؟دەیگووت: دە چڵتە چڵت مەکە هەتیو من ساڵم لە دەس خوا بڕییوە!

بەس هەرشەو و حکایتیکی بۆ دەگێڕامەوە: لەو شەڕانەی کە بەشداری تیدا کردبوو، بەس هیچ کات  خۆی نەئەدا لە وەسفکردنی خۆی. دەمگووت: سەلیم ئەی تۆ لە کوێی شەڕەکەدا بوویت، بە پێکەنینەوە دەیگووت: هەتیو من خۆم پیس کردبوو، لە سەرچۆمێک خەریکی داشۆردنی گەڵ‌قوونی خۆم بووم. دەمزانی راست ناکات، بەس ئیتر تەبێعەتی وابوو بە شان و باڵی خۆیدا نەدەهات.
بە شەودا دەرۆیشتین و لە سەر دوو بەرد هەڵدەکورماین و شمشاڵەکەی کە بەردەوام لە دووتوێی پەڕۆیەکدا بوو دەری‌دەهێنا و دەستی دەکرد بە شمشاڵ لێدان. ئەو کاتەی کە شمشاڵی لێ‌ئەدا خۆیشی دەگریا، من پێکەنیم دەهاتێ، دەمگووت:

ئەو کەرە بەو رۆژگارە پێ‌دەکەنێ، کەچی لە کاتی شمشاڵ لێداندا دەگری...!

پەیکێکی ترم تێکرد

دەستم دایە زەیتونەکە و دانەیەکم هەڵگرت، مرۆڤ کە سەرخۆش دەبێ زۆر سەرنج ئەدات، سەرنجی بچووکترین شت، زیتونەکە کەمێ فلیقابوو، ئەها بیرم هاتەوە، ئەو کچە قژ لە سەرە هەرجارە کە یەکمان دەبینی چەن زەیتوونی لە گەڵ خۆی دەهێنا و دەیگووت: دەبێ هەر لە پێش چاو من بێخۆیت ،پێستت جوان دەکات، دەمگووت: کچ‌ە تیو بۆ رەنگی پێستم ناشیرینە؟ دەیگووت: نە، بەس حەز دەکەم کە ماچت دەکەم  بۆنی زەیتون لە دەمت بێ! رۆژیک کە بە هیوا بووین یەک بینین و زۆر چاوەڕێم کرد نەهات، دواتر کە هەواڵیان پێ‌دام مێردی کردبوو. زەیتونەکەم توڕفڕێدا و پیاڵەکەم بە خەستی نا بە سەرەوە...

۱۳۹۲ مرداد ۸, سه‌شنبه

ئیکسپرسیۆنیزم:

ئیکسپرسیۆنیزم:
 مەکتەبی ئیکسپرسیۆنیزم (expressionism) مەکتەبێکی تازە و نا ئاشناییە بە ئەدیبان و نووسەرانی کورد - هەوڵی من لەم وتارەدا ئەوەیە کە بتوانم کورت و پوخت لە سەر ئەم مەکتەبە بدوێم و بە شاعیران و نووسەرانی کوردی ئاشنا بکەم!

وشەی ئیکسپرسیۆنیزم: لە دوو بەش پێک هاتووە: ex بە مەعنای دەرەکی دێت و prssion بە مەعنای گووشار و گووشین دێت  ئەم وشە لە زمانە ئوروپاییەکان گەلێک مەعنا ئەدات بە دەستەوە: دەڕبڕین، پەراوێز، فیگۆڕی دەموچاو و هەر وەها بە مەعنای دەربڕینی هەستی ناوەکی، پۆختەی ئەم وشە بە مەعنایی گووشینـ ە، وەک گووشینی مێوەیەک تا جەوهەرەی بگرین.

سەرهەڵدانی ئیکسپرسیۆنیزم یا راڤەگەریی، مەکتەبێکە بۆ  ئەدەبیات، نەققاشی، پەیکەر تاشی و سینەما. ئەم مەکتەبە لە سەرەتایی ساڵی 1905 لە وڵاتی ئاڵمان دروست بووە و سەری هەڵداوە، تا دە ساڵ دوای شەڕی یەکەمی جیهانی (1941-1918 ) خۆی درێژ کردوەتەوە. ئەم مەکتەبە کاریگەرێکی سەیری لە ناو هونەرمەندانی ئاڵمان و وڵاتەکانی ئیسکاندیناوی دا هەبووە. پێ دەچێ بە کار هێنانی وشەی ئیکسپرسیۆنیزم بۆ نەققاش زولیان ئەگوست هەرۆ ( نەققاشی فەرانسەیە)ی بە کار هاتبێ. ونسان وەنکوگ (1853-1890) نەققاشی هۆڵەندی و هودڵی نەققاشی سویسی (نەمسا) کەسانێک بوون کە لە پەرە پێدانی ئەم مەکتەبەدا رەوڵی باشیان گێڕا.

ئیکسپرسیۆنیزم رێگەیەکە کە جیهان زێدەتر لە رووی هەستەوە سەیر دەکات، پێنیشاندانی حەقێقت لە سەر دونیای هەستی ناوەکی هونەرمەندانەوە، دەتوانین به نیشانەو و هەڵسووکەوت و مەیلی رۆمانتیکانەی هونەرمەندانی بزانین بۆ بەرەنگاری و وەستانەوە بەرانبەر بە  دونیای میکانیکی و روو لە گەشەی سەدەی بیستەم. هونەرمەندانی خوڵقێنەری ئەم مەکتەبە بە هۆی ژیانکردن لە سەدەی بیست - کە ساڵانی شەڕ و نەهامەتی و ماڵ وێرانی ئوروپا بوو - روویان لە مەکتەبێک کرد تا بتوانن لە گوشاری شەڕی سەروماڵی و سەرهەڵدانی مودڕنیتە خۆ دەرباز بکەن و لە رووی خەیاڵەوە بڕواننە ئەو راستییە تەفت و تاڵە کە سەرلەبەری مرۆڤایتی تووشی نوقم بوون لە زەلکاوی ناهۆمێدی دا کردبوو، ئەو ساڵانە کە ئیکسپرسیۆنیزم سەری هەڵدا بیرۆکەی فرۆید زۆرینەی دونیایی داگرتبوو، وتەکانی فرۆید کە دەچووە قوڵایی مرۆڤەوە و شەقڵی دەروونی دەشکاند خاوەندارانی ئەم رێچکەی وا لێکرد کە بە دوور لە دونیای راستی، هەوڵبدەن لە پەراوێزەوە بۆ هونەر و دارشتنەوەی راستی بە شێوەیەکی خەیاڵی و سەر سوڕ هێنەر و تیکەڵ بە رەنگ و خەتتی چەپ و چیڕ و قەوی خۆیان لەو دۆخە کە دونیای داگرتبوو دەرباز بکەن؛ بێ هیوایی لە سەردەمێک کە ئیتر کاری هونەری بەهای خۆی لە دەست ئەدا و کارە بە پێزەکان دەچوونە پەراوێزەوە.

بیر و بۆچوونی ئیکسپرسیۆنیزمەکان:
رەد کردنەوەی کۆمەڵگای سەرمایەداری ( capitellum) و مودڕنیتەیە، باوەڕی ئەم مەکتەبە رەدکردنەوە و بەرپەرچ دانەوەی کۆمەڵگای سەرمایە و ژیانی پر زەرق و بەرق و رێک و پێکی بورژواییە و بە گشتی لە گەڵ ژیانی مودڕنیتە کێشەیان هەیە و دژ بە جیاوازی چینەکان دەوەستن.
ئەم مەکتەبە لە دوای ورد و خاشکردنی سوننەت و نەزم و بوونی گرێبەستەکانی رابردوو لە چوارچێوەی هونەرییە، لە راستیدا ئەم مەکتەبە بە هیوایە بەهاکانی کۆن لە ناو ببات و بەهای تازە و نوێ لە جێگەی دابنێنن کە زۆر جار لەم کار و کردارەدا تیکەی گەورە هەڵدەگرن!

هەوڵ بۆ گۆڕین:
ئیکسپرسیۆنیزمەکان تێـرامان و نیگایەکی نوێیان بۆ ژیان هەیە کە بە جۆرێک لە گەڵ هەڵچوون و داچوون دەری دەبڕن، ئەوان خۆیان لە ژێر گوشاری ژیانی دونیای مودڕن و شاردا دەبینن و لە لاییەکی تر لە ژێر فشار و هەست بە مەترسی روودانی هەر جۆرە رووداوێک دەکەن  و ئەم مەترسیە دەروونیە وایان لێدەکات هەوڵ بۆ گۆڕین بدەن.


ئیکسپرسرسیۆنیزم لە ناو شیعر و داستان:

ئەم مەکتەبە لە ناو شیعر و داستاندا ناوەرۆکێکی زۆر قوڵی هەیە و دەستی ئاواڵایە تا قسەی زیاترمان بۆ بکات و لە گەڵ خۆی پەلکێشمان بکات بۆ دونیای دەروون و دوور لە راستی دونیا پڕ زرق و برقی مودڕنیتە. ئیکسپرسیۆنیزم لە داستان و شیعردا بابەتێکی ئاڵۆزە کە لێرە چەن نمونە ناو دەبەم:
 کۆمەڵێک لە شیعرەکانی (ئەلیۆت)(Thomas Stearns Eliot) بە تایبەت  لە شیعری ( زەوی نەزۆک) و رۆمانی (دیفۆرمە)ی (Die Verwandlung) (مسخ) (کافکا) (Franz Kafka) و هەروەها کۆمەڵێک لە کارەکانی (رولفۆ)(ئەستۆریاس) … لە گەڵ کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیا کە ئەم بەرهەمانە لە یەک دائەبڕێ، دەتوان لە چوارچێوەی مەکتەبی ئیکسپرسیۆنیستی ناوزەدیان بکەین.

(زەوی نەزۆک)ی ئەلیۆت لە راستیدا پارچەپارچە کردنی ئەم جیهانەیە کە تیدا ژیان دەکەین؛ هەوڵی ئەلیۆت بۆ سڕینەوەی ئەم جیهانەیە کە لە بیر و هزری ئێمەدا وەک عادەت هەوێنی گرتووە، ئەلیۆت پێی وایە بەم شێوە باوڕمان بە دونیا نییە بەڵکو بوونی جیهان بەو شێوە کە لە پێش چاوی ئێمە بووە بە راستی…

جیهانی کافکا، جیهانی کابوس و لە خۆ نامۆ بوونەکانە و دەکەوێتە دژایتی ئەم شێوە خوڵقاوەی جیهان و  دووبارە خوڵقاندنەوەی بە شێوەیەکی تر لە پێش چاومان، هەرچەن لە پێش چاوی ئێمە جۆرێکی تر لە خوڵقاندن  قورس و گران دێت یان بە هیچ شێوەیەک نابێ و ناکرێ ( دیفۆرمە )(Die Verwandlung) (مسخ) رۆمانی کافکا جۆرێکی ترە لە خوڵقاندنی ئەو دونیا کە دژه لە گەڵ دونیای رئالیستی و ناوەرۆکی چیرۆکەکەی هەوێنی لە جۆرێکی تر و بە چاوێکی تر بینین وەرگرتووە، کافکا لەم چیرۆکە، هیواکان و حەز و خولیا و جیهانی تایبەت بە خۆی بە سەر پانتایی و ئەزموونی مێشکی ئێمەدا ئەسئەپێنێ.

ئیکسپرسیۆنیزم لە ناو ئەدەبیاتی (شیعر یان داستان) کوردی دا:
هەتا بە ئەمڕۆ کە من خەریکی نووسینی ئەم وتارەم، نە چیرۆک و نە شیعری کوردیم  لە چوارچێوەی ئەم مەکتەبەدا نەدییوە و ئەدیبان و نووسەرانی کورد لەم بوارەدا کاریان نەکردوە و شیعریان نەهۆنیوەتەوە.
سێ ساڵ لەوە پێش من لە کەش و هەوایەکی ئیکسپرسیۆنیستی دا دوو شیعرم نووسیوە، کە لەم وتارەدا جێگەی نابێتەوە مەگەر لە داهاتوودا...


سەرچاوەکان:
١ـ مکتب های ادبی تهران ١٣٨٤ جلد دوم ص ٧١٢
٢ـ تآملی در هنر و ادبیات اکسپرسیونیستی: احمد قدرتی پور
٣ ویکی پیدیا

ئاڵا هووشیار