۱۳۹۲ مرداد ۲۶, شنبه

خۆزگە بڕوسلی برا گەورەی من بوایە؟


بۆ یەکەمجار کە بڕوسلیم ناسی، لە باخی پارکی مەریوان بوو، لە سەر کورسێکی درێژی تەختە، لە سینەمایەک کە بە گۆنی بەن داپۆشرابوو و پێش لە چوونە ژوورەوە بۆ ناو سینەماکە دەبوو پێنج تمەن بدەیت تا لە سەر ئەو کورسیانە دانیشی و فیلمەکە دەست پێ بکات…
لە سەر کورسیەکە بێدەنگ دائەنیشتین و چاومان لە تەلەفزیۆنەکە ئەبڕی تا بڕوسلی دەرئەکەوت، لە گەڵ دەرکەوتنی بڕوسڵی، دەبوو بە هاتوهاوار و هەموومان دەمانکرد بە فیکە لێدان و هۆتاف کێشان، بڕوسلی قارەمانی خەونەکانی من، بە گاردگرتن لە بەرانبەر {شەڕ}و چاو زیتکردنەوە و بە سەرکەوتنەکانی بە سەر بەرانبەریدا سینەما تاریکەکەی ناوباخی پارکی شاری مەریوانی دەهەژاند؛ من لە خۆشیدا ئاو بەچاومدا ئەهاتە خوار، و وەک پشیلە لە گەڵ قیژەی بڕوسلی دەمقیژاند، نەک من هەموو ئەو سینەما بچووکە دەبوون بە بڕوسلی… بڕوسلی قاچی راستی چەن جاڕ هەڵدەبڕی و بە سەری بەرانبەریدا ئەکێشا و بە مشتی گرێکراوی لە سەر دڵی شەڕی دەکوتا. من لە جێگەی خۆم هەڵدەبەزیمەوە ئەوندە بە قایم لە جێگەی خۆم رادەپسکام هەموو جارێک سەرم دەیکێشا بە سەرمیچی سینەماکەدا، ئازاری سەرئێشەو و شادی سەرکەوتنی قارەمانەکەی من تێکەڵی یەک دەبوون.
بڕوسڵی قارەمانی بێ وێنەی خەونەکانی من یەک لە سەر یەک دوژمنانی دائپڵۆسی و تاروماری دەکردن، ئەو کاتەی کە بڕوسلی ئەو سەرکەوتنانەی تۆمار دەکرد، من جموجوڵێک دەچووە گیانم و دەمگووت: تۆ بڵێی منیش بتوانم هاوشێوەی بڕوسلی نەیارانی خۆم لەت و پەت بکەم؟ دوژمن و نەیاری بڕوسلی ئەوانە بوون کە راهێنەرەکەی بڕوسلییان کوشتبوو، ئەوانە بوون کە چاویان بە سەرکەوتنی بڕوسلیدا هەڵ نەدەهات، ئەرێ ئەی نەیارانی من کێن؟ دەبێ من کێ داپڵۆسم؟ ئەرێ ئەی من کێ دوژمنمە؟ دەبێ من لە بەرانبەر کێ و چیدا گارد بگرم؟ دەمزانی دەبێ گارد بگرم و وەک بڕوسلی رۆحی تۆڵە لە گیانمدا بێت، بەڵام مەخابن نەمدەزانی دەبێ لە گەڵ کێ بجەنگم؟ ئایا دەبێ بڕۆم و ئیخە بە خەڵک بگرم و دوژمن بۆ خۆم داتاشم؟
هەر بۆیە کاتێک لە سینەما ئەهاتمەدەر وەک گای سەرشێت جووڵەی دەست و قاچی بڕوسلیم دووبارە دەکردەوە و ئێخەم بە هاوتەمەنەکانی خۆم دەگرد، پێم وابوو ئەوان نەیارن و منیش بڕوسلی (بەڵێ بڕوسلی لە گیانی مندا چەکەرەی کردبوو) زۆر جار بەدەرکەوتن لە سینەما ئێخەم بە چەن کەس گرتووە و لە سەر ئەوە دەیانجار سەریان شکاندووم و سەری خەڵکم شکاندوە، بەڵام من بڕیارم دابوو بم بە بڕوسلی و سەری شەڕ پان بکەمەوە…
بۆ یەکەمجار کە دوژمن لە پێش چاوم خۆی نواند، سەربازێکی تورک بوو، کە بە شەق، کۆڵی کۆڵبەرێک، کە کۆڵەکەی هەموو شووشە بوو شکاند، لەو کاتەدا چاوم بە مەرگی راهێنەرەکەی بڕوسلی کەوت، وەک بڕوسلی و بەلاسایی کردنەوەی بڕوسلی دەستم دایە ژێر باڵی کۆڵبەرکەو هەڵمساند، بێ ئەوەی ئەم قسە زل و زەبەلاحانەی ئیستە بزانم، وتم: پدر سگ چرا میزنیش؟ این کرد و هم خون منە… قیژاندم و هەڵمەتم بۆ سەرباز برد:
شەقێک لە سەرباز و شەقێک لە من بەربووینە گیانی یەک، نەک وەک بڕوسلی سەرنەکەوتم، بەڵکو ئەوندەی شەق تێهەڵدام، شەق بە شەق ئەیگووت، خۆت لابدە، بە قۆناخە چەک سەری شکاندم و لە ناو قوڕوچڵپاوی مەرزی باشماخ تەڕاتێنێکی باشی پێکردم، ئەو رۆژە بوو، خۆزگەم خواست کە بڕوسلی برا گەورەی من بوایە!

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر