ئاشنایمان دەگەڕایەوە بۆ کۆڵانە قوڕەکان،کە ئیستە جیگەی خۆیداوە بە بینا وتەلار و قەسر و قوسوور....
ئێوارەیەک بە نیازی خواردنەوە؛ قاپێک عارەقم لە پێش خۆم دانا و ئەگەر هەڵە نەبم هەر لە یەکم پیاڵە کە تێم کرد موبایلەکەم جەرەسی لێدا ،بە بۆڵە بۆڵ و جنیودان دەستم دایە مۆبایلەکەم: ئاخۆ کێیە بەم ئێوارە تەلەفوون بۆ من دەکات؟
ناوی لە سەر نەبوو،تەنانەت رەقەمێش ،هەر بۆیە لە پێشی خۆمدانا بۆ ئەوەی جەرەسەکەی تەواو بێ، ئاخر مێلۆدی مۆبایلەکەم دەنگی شمشاڵە بە سۆزەکەی "سەلیم چاوشین" بوو، هەڵبەت لە راستیدا ئەو دەنگی شمشاڵە هی سەلیم نەبوو، بەڵام من خۆم گێل دەکرد و حەزم دەکرد ئەو دەنگە لە شمشاڵی سەلیمەوە دەرچێ، بۆ نمونە مرۆڤ بیرەوەری لە زەڕینی کەر هەبێ لە لای لە مۆسیقای شۆپان خۆشترە! ئیتر مرۆڤە چ دەلێت :هەموومان شیری خاومان خواردوە...
ئاخ سەلیم چاوشین...
پەیکێکی ترم بۆ خۆم تێکرد و بە خۆشی شنەیشەماڵەوە خواردمەوە.ئەو سەلێم چاوشینە ،زۆر خۆی بوو، هەڵبەت نە بە باری زانایدا ،بە پێچەوانە بە باری کەریتیدا، بەس ئەوەندە لە دڵم رۆچووبوو، بە نوێڵ و قەڵەم و چەکوشیش دەرنەدەهات، سەرو سمێلی نەبوو، کۆسە، جوتێک چاوی شینی جوان، خودا بۆ خۆی زانیبوی ئەو کەرە هێندە دڵتەڕە هەر بۆیە بە کۆسەی هێشتبوویەوە، گاڵتەی بە رۆژگاران دەهات، دەمگووت: سەلیمە کەر ئەوە چەن ساڵتە؟دەیگووت: دە چڵتە چڵت مەکە هەتیو من ساڵم لە دەس خوا بڕییوە!
بەس هەرشەو و حکایتیکی بۆ دەگێڕامەوە: لەو شەڕانەی کە بەشداری تیدا کردبوو، بەس هیچ کات خۆی نەئەدا لە وەسفکردنی خۆی. دەمگووت: سەلیم ئەی تۆ لە کوێی شەڕەکەدا بوویت، بە پێکەنینەوە دەیگووت: هەتیو من خۆم پیس کردبوو، لە سەرچۆمێک خەریکی داشۆردنی گەڵقوونی خۆم بووم. دەمزانی راست ناکات، بەس ئیتر تەبێعەتی وابوو بە شان و باڵی خۆیدا نەدەهات.
بە شەودا دەرۆیشتین و لە سەر دوو بەرد هەڵدەکورماین و شمشاڵەکەی کە بەردەوام لە دووتوێی پەڕۆیەکدا بوو دەریدەهێنا و دەستی دەکرد بە شمشاڵ لێدان. ئەو کاتەی کە شمشاڵی لێئەدا خۆیشی دەگریا، من پێکەنیم دەهاتێ، دەمگووت:
ئەو کەرە بەو رۆژگارە پێدەکەنێ، کەچی لە کاتی شمشاڵ لێداندا دەگری...!
پەیکێکی ترم تێکرد
دەستم دایە زەیتونەکە و دانەیەکم هەڵگرت، مرۆڤ کە سەرخۆش دەبێ زۆر سەرنج ئەدات، سەرنجی بچووکترین شت، زیتونەکە کەمێ فلیقابوو، ئەها بیرم هاتەوە، ئەو کچە قژ لە سەرە هەرجارە کە یەکمان دەبینی چەن زەیتوونی لە گەڵ خۆی دەهێنا و دەیگووت: دەبێ هەر لە پێش چاو من بێخۆیت ،پێستت جوان دەکات، دەمگووت: کچە تیو بۆ رەنگی پێستم ناشیرینە؟ دەیگووت: نە، بەس حەز دەکەم کە ماچت دەکەم بۆنی زەیتون لە دەمت بێ! رۆژیک کە بە هیوا بووین یەک بینین و زۆر چاوەڕێم کرد نەهات، دواتر کە هەواڵیان پێدام مێردی کردبوو. زەیتونەکەم توڕفڕێدا و پیاڵەکەم بە خەستی نا بە سەرەوە...
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر