۱۳۹۲ مرداد ۸, سه‌شنبه

ژیانی عەباس کەمەندی

جگە لە قاچ ئێشەو  ژانەدڵ و سووکایتی هیچمان دەس نەکەوت.
 
ئەمری بەرپرس ناحیەیەک، ئەمری سەرۆک کۆمارە و نابێ لە بەرچاوی نەگرین! بەرێز حاجی ئاغای شابازی مرۆڤێکی لە سەر خۆ، هێمن و مێهرەبان و خۆش ئەخلاق و زمان خۆشە؛ بە جۆرێک قسە لە گەڵ خەڵک ئەکات کە هەست ئەکەیت، کەسەکە بەرپرسی ناحیە‌یەو ئەو رەشۆک. رۆژێک کە بۆ یەکەم جارچوومە خزمەتی، لە ماوەی سێ بۆ چوار دەقە بە شێوەیەک لە گەڵ من قسەی کرد و بە دەمەوە هات و رەوانەی کردم کە هەستم کرد ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە کە هاوڕێی و هاوماڵ و دۆستی نزیک و خۆشەویستی یەکین. بۆ هەرکەس کە تەلەفوونی دەکرد، دەیگووت: تکا دەکەم کێشەی ئاغای کەمەندی چارەسەر بکەن!

کاتێک حاجی مەحەمەدئەمین مرد و جەستەکەیان لە حەوەشەکە هێنایەدەر من منداڵێکی بچووک بووم و لە سەر  کۆڵانەکەی خۆمان سەیرم دەکرد… یەک سەعاتی پێ‌نەچوو کە گووتیان بووکی ماڵی حاجی مەحەمەد کوڕێکی بوە و هەواڵەکەی ماڵ و ماڵ گەڕا، هەمان رۆژ کوڕی حاجی مەحەمەد چاو بە گریان لە مەرگی باوکی ناوی باوکی لە کوڕەکەی نا! من لە دایکم پرسی: ئێستە ناوی ئەو کوڕە حاجی مەحەمەد ئەمین‌ە؟
دایکم گووتی:نە، هەر مەحەمەد ئەمین‌ە؛ جارێ تا گەورە بێت و پیر بێت و ئەگەر خوا بیهەوێت بڕوات بۆ حەج و بێ بە حاجی، ئەو کات دەبێ بە حاجی مەحەمەد ئەمین.
پرسیم:بۆچی کەسێک دەمرێ و کەسێک لە دایک ئەبێ؟ دایکم وەڵامی ئاوا دامەوە: من نازانم رۆڵەگیان، بەڵام ئەوە کاری خوایە، کە هەموو رۆژێک هەزار کەس دەمرن و هەزار و یەک کەس لە دایک ئەبن. پرسیارم کرد: بۆچی؟ لە پڕ توڕە بوو و گووتی: خوا نەکات گوێی خۆڕاێی دەستی تۆ بستە باڵا کەوێت! ئینسان شێت ئەکەیت!من لە کوێی بزانم بۆچی و لە سەرچی؟!
بێدەنگ بووم و کەوتمە بیرکردنەوە، بە خۆمم گووت: وەڵامەکەی دژوار نییە. حاجی ئەمین‌ێکی گەورە مردوە و حاجی ئەمین‌ێکی بچووک بە دونیا هاتووە…
شەو پرسیارم لە دایکم کرد: من لە جێگەی کێ هاتمە بوون؟ دایکم وەڵامی دامەوە: خوا عالمە، هەر خۆی ئەزانێ تۆ لە جێی کێ هاتوویتە بوون!
 لێم بوو بە مەتەڵ کە ئاخۆ بە جێی یەکێ لەو هەزار کەسە لەدایک بووم، یان ئەو یەک دانەی ئاخری هەزارەکە. دەبێ خۆم بم؟ رۆژگار هات و چوو، بەرە بەرە باڵام هەڵکشا و گەورە بووم و رۆچووین بە دوایی دۆزینەوەی مانا و مەعاناتدا، چەن ساڵ لەوە پێش لە پێرەپیاویکی هەورامی پەندێکم بیستبوو، کە دواتر خۆم بە شێوەی نەزم دامڕشتەوە:

( ڕسمێۆه‌ن مه‌بون یه‌کی بمیرو
تا یه‌کێ کی تر، سامان بگیرو )

ئەمە رەسمە ئەبێ یەکێ بمرێ، تا یەکێ سەر و سامان ئەگرێ. بە باڵاکردن و گەورە بوون ئیتر مانای، هاتن و چوون لەم دونیا بۆم زۆرتر کرایەوە و لە مەبەستی گەیشتم… باوکم مرد، باپیرەم مرد، دایکم مرد، بە کورتی باو و باپیرەم، هەموو کەسێکم مرد، بەڵام من نە سەر گرت نە سامان، تێگەیشتم من ئەو تاکەکەسەی ناو هەزار و یەک کەسەم کە هەر وەک قارچک هەڵتۆقاوم و سواری جێگەی خۆمم و بە جێگەی کەس نیم!  بە تەنیای تەنیا!
لە سەرپێی خۆم وەستام، ژنم هێنا و بووم بە خاوەن مناڵ، چوون بە جێگەی خۆم لە دایک بووم و بە جێگەی کەس نەبووم، فێـڵباز و دووڕوو، گۆپاڵ و ماستاوچای نەبووم. کاتێ کە من سێ مانگە بوم باوکم بە دەستی براکەی خۆی کوژراوە، حاكم (دادوەر)ی عادڵ دۆسییەکەی لە بەرانبەر هەموو حەفتەیەک ( دڵ و جەرگی مەڕ ) کە باوەگەورەم بۆی ئەنارد، ماڵ و مڵکی باوکمی دا بە قاتڵی باوکم یەعنی مامەم، مافی منی بە تامی و بۆنی جەرگ و دڵ فرۆشت! هەر لە بەر ئەوە رقم لە شا و حکومەتی شا بوو هەموو نایەکسانیەکم لە چاوی ئەو ئەدی؛ لە بەر ئەوە کاتێک ساڵی ١٣٥٧ شاە هات بۆ سنە، ئاغای شوکروڵای بابان بەرپرسی ئەوکاتی تەلەفیزیۆن، هونەرمەندەکانی کۆ کردەوە تا لە لایەنی تەلەفیزیۆنەوە لە کاخی جەوانان بۆ پێشوازی لە شا بەرنامە ساز بکەن، من سەرپێچیم کرد و گووتم: بە داوایی لێبوردن...
هونەرمەندەکان بەرنامەیان بۆ شا ساز کرد و رۆژی دواتر ماشێنیکی لاندیوەر هاتە بەر دەرگای ماڵەکەم و منی لە گەڵ خۆی پەلکێش کرد بۆ ساواک، کەسێک بە ناوی ئاغای نەجەفی، هەر دوو برۆکەی هێنابووە یەک و دەمووچاوی تێک نابوو پرسیاری کرد: پەیوەندیت لە گەڵ کێ هەیە؟ لە خزمەتیدا گووتم: زۆرکەس.گووتی: ناوەکانیان؟ گووتم من لە گەڵ هەموو کەسێکدا لە پەیوەندی دام، بەڵام بە داوای لێبوردن ناوی هەموویان نازانم!گووتی: مەبەستی من ئەو کەسانەیە کە وەک تۆ بیر ئەکەنەوە و یان تۆ وەک ئەوان بیر ئەکەیتەوە؟
پێم گووت: روون و بێ‌گرێ قسە بکە، سوێند دەخۆم کە راست و رەوان وەڵامت بدەمەوە.
گووتی: لە تۆ داوا کراوە کە بەشداری ئەو بەرنامە بکەیت کە بۆ شاە ساز کرابوو، بەڵام تۆ بەشدارنەبوویت، وایە؟گووتم:"بەلێ" تەواو راستە. پرسی بە چ هۆ و مەبەستێک؟ گووتم: ئاغای نەجەفی، بەرپرسی ئورکسترای موسیقا ئاغای میکایلزادە دەزانێ، من کاتێک  چاوم بە چوار کەس ئەکەوێت هەمووگیانم ئەلەرزێ و رێگەرۆیشتنم لە بیر ئەچێتەوە! ئێستە تۆ وەرە بیر لەوە بکەرەوە کە شاە بەو هەموو گەورەیی و شان و شەوکەتەوە لە سەر کورسێیک دابنێشێ و روو بە من، پەردە لە سەر سـن لابچێ، جا خۆ من دڵم ئەوەستێ، بەرنامە وا بەڕێوەئەچێ؟! بزەیەک کرد و گووتی: ئاواهی!؟ "بەڵێ"ئەوە هۆکارەکە بوو.

بەراستی هەر ئەوە بوو. بەڵام کاتێک، دەنگۆی ئەم باسە بڵاو بوویەوە، کۆلێک شان و شەوکەتی شۆڕشگیریان پێدام، بەڵام خوا بۆ خۆی دەزانێ کە لە دەڕبرینی راستی هیچ کات ترسم نەبووە. لە جەرگەی راپەڕینیدا، تەنیا جارێک دۆستێکم بە ناوی مەحموود بە زۆر پەل کێشی کردم بۆ ریـزی یەکەمی ئاپۆڕەی خەڵکەکە لە شەقامی فردۆسی بەرەو مەیدان، کاتێک گەیشتین بە چوار رێەکەی مەیدان، بە بینینی سەربازەکانی ئەرتەش کە چواردەوری مەیدانەکەیان گرتبوو و لوولەی چەکەکانیان روو لە ئێمە بوو، وەستاین و هەموو پڕ بە گەڕوو هاواریان ئەکرد "مەرگ بۆ شا"مەرگ بۆ شا"، بەڵام من بێدەنگ بووم و چاوم بڕیبووە یەکێک لە سەربازەکان کە سەیری منی ئەکرد، رەنگ بە روومەوە نەمابوو، تف لە قوڕگما وشک ببوو، جووڵەم لێ بەر بڕابوو.چەن جار هەوڵمدا باڵم لە دەست مەحموود رزگار بکەم و خۆم لە ریزەکە بکشێنمەوە، بەڵام مەحموود تون و تۆڵ گرتبوومی و گووتی: بۆچی بێدەنگی و لە گەڵ ئێمە هاوار ناکەیت؟ گووتم: سەیرکە، ئەو سەربازە چاوم لێ‌هەڵناگرێت، ئەترسم هەر هاوار بکەم تەقەم لێ بکات! دەرەفتم بۆ هەڵکەوت و خۆم لە دەست مەحموود قوتار کرد…

ئەم هەموو خەباتی من بوو، بەم ئەزموونە خەباتەی من، چاوەڕوانی ئەوەیش نییم وەک، کەسێک کە سینەی قەڵغان کردوە لە بەر فێشەک، دەوڵەت خزمەتم بکات. من لە زۆر بواردا؛ تەنانەت وەک کەسێکی ئاسایی و شارۆمەندێکی ئینقلاب نەدیوو لە ئینقلاب بەشم نەبردوە، گلەیشم نییە، بەڵام چاوەروانی زوڵم و زۆریش ناکەم،
ئەم دوو نموونە هەموو خزمەتی من بوو، لە سەردەمی ئینقلاب‌دا (شۆرشی جەماوەری ئێران دژ بە شا) بەم خزمەتی خابەتەوە خۆم بەراورد ناکەم لە گەڵ ئەو کەسەی کە سینەی داوەتە بەرفێشەک، هەموو مرۆڤێک وێژدانی ناوەکی و دەروونی هەیە و لەتەنیاییدا زەخت و گوشار  بۆ وێژدانی خۆی دەهێنێ و هەست بەوە دەکات، و دەزانێ کە بەهای خەباتی من لە بەراورد لە گەڵ ئەودا چەن نرخ و بەهای هەیە؟ بە هیچ هۆ و  هۆکارێک چاوەروانی ئەوەم لە دەوڵەتی ئێران نەبووە و داوام نەکردوە ماڵ و عاماراتم بۆ دروس بکەن.
نەمگووتووە پێم بدەن، گووتوومە: لێم مەگرنەوە، من مرۆڤێکی لاوازم و لە توانا و تاقەتمدا نییە جەریمەی چەن ملیۆنی بدەم و ماڵم داگیر بکەن. ئەگەر ماشێنی کوڕەکەم دزراوە ئەی دزەکە لە کوێیە؟ ئەگەر جەعل رووی داوە کوا ئەو کەسەی کە جەعلی کردوە؟ پارەم داوە و سەیارەیەکم بە هەموو ئەو شتە یاسایانەی کە بوویتی سەندوومە.کوا جاعل و دزەکە؟ من بە دوای مافی کوڕەکەمدا سەرگەردانم؟ دووساڵە کاکی حاکم لە جێگەی گەرم و نەرم دانیشتوە و ئاگای لێ نییە، من بۆ کڕینی ئەو ماشێنە وامم لە بانکی "تجارەت"وەرگرتوە، سەرپێچی لە نەدانەوەی قیستی بانک جەریمەی لە دواییە، بۆچی بە شێوەیەک کار دەکەن - کە بۆ نمونە ئەگەر پارەی ماشێنەکە لە دزەکە ئەسێننەوە و دەچێـتە کۆشی بانک و دواتر لە کانادا سەر دەربێنێ؟ خوایش بەوە رازی نییە، کەرامەت و وێژدان بۆ مرۆڤ باشە. بۆچی بانکی "مسکن"سەرە ڕای ئەوە کە تکام لێ‌کرد وامەکەم دابەش کات بەڵام نەیکرد و زۆری بۆ هێنام کە نیوەی ماڵەکەم هەراج بکەم بە نیوەی قیممەت، بۆ ئەوە جەریمەی ئەوان بدەمەوە؟هەشت ملیون تمەن جەریمەی کردم.بۆچی ناوەندی تەلەفزیۆن پرۆژەکەم دەبات و بەرماوەکەی دەنێرێتەوە بۆم؟ بۆچی کەس وەڵامدەرەوەی ئەو هەموو زوڵم و تەحدا کردنە نییە؟ ئەگەر کوێخایەک  نییە چارەسەری بکات خۆ خوایەک هەیە. بترسن لە ناڵەی مەزڵوومان و بەش خوراوان. من هاوارم گەیاندوەتە لای بەرپرسەکانی دەوڵەت و سەرۆک کۆمار و بەردەستەکەی، ئەگەر لە لای ئەوان وەڵامم دەست نەکەوێت روو دەکەم لە دەرگای "مقام مەعەزەم رێبەری"(خامنەایی)بەسی بکەن ئیتر!

کۆمەلێک کەس سەری دۆژمنایتیان لە گەڵ مندا هەیە، خوا خۆی شاهێدە کە باوکمان لە مزگەوتێکدا نوێژیان لە گەڵ یەک نەکردوە؛ ناوی منیان دووربەدوور بیستووە، پێیان وایە تەڕەتوریش مێوەیە - کە بە هیوان من و بنەماڵەم بکێڵن و بە سەر من و بنەماڵەمەوە خۆ بنوێنێ، کە خاوەن هێزن!
لە نووسراوەیەک کە ماوەیەک لەوە پێش لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا بڵاو کرایەوە، باسم کرد: کە ناوەندی کرماشان چی بە سەرمدا هێنا! پرۆژەیەکم پێشکەش کردن کە بە دروستکردنی، جگە لە کۆمەڵێک شانازی نیشتمانی، لە رووی مادییەوە بۆ زۆر کەس بە سوود ئەبێ. کاتێ بەرپرسی تازەی کرماشان دەعوەتی لێ کردم. یەکێ لە خۆیان گووتی: ئاگات لە خۆت بێ بە هیوان پرۆژەکەت بە هەرزان لە دەس بسێنن، ئەزانن هەژاری و پێویستت بە پارەیە!
هەر کە چوومە ژووری بەڕێوەبەر، چوار بەرگ فیلمنامەکەم "زەهری ئەفعی"ـ لێ سەندنەوە و گەڕامەوە بۆ سنه تا پێیان بسەلمێنم، کە ئەوەی لە ئەسپ داکەوت لە ئەسڵ داکەوتوو نییە…
بۆچی؟! بۆ من کەسم خواستوە بێتە گۆڕەپان؟ کاکە، ئاغا، وەلا و بیلا ئەوەی پشتی من بدات لە عەرز ئابڕوی ئەچێت، دڵنیا بن…
من جگە لە خوای گەورە و مەچەک و بازوی خۆم هەرگیز پشتم بە کەس نەبەستووە، بەڵام تاقەتی زوڵم و تەعدام نییە، پڕ بە گەرووم هاوار ئەکەم - هەڵبەت نە زۆر بەرز، لە پێشدا، نەرم نەرم و هێواش هێواش، ئەگەر کەس نەبوو گوێ رادێرێ، ئەوجار لە گەروومدا  زمانم دەگەڕێ لە قوڕگمدا هاوارێک پۆنگ ئەخوات،  دەنگم  بە گوێی فەلەک ئەگا و لە بنی کولەکەکە ئەدەم.
هەی لە فێڵ و فزی، هەی لە درۆ، بەسی بکەن، با بەس بێ هێز نواندن خۆ فش کردن و خۆ گرژ کردن خۆ، بابەس بێ بە درۆ با لە قوڕگ کردن.
پشتی بێ‌هیز و بێ دەسەڵات لە ئەرزدان بە بیلا شانازی نییە، هونەر نییە؛ بۆ پاڵەوان ئەوە شانازییە: پشتی بە مەچەک و بازو لە ئەرزدا. کەسێک کە لە خاکدا گەوزاوە هێزی نەماوە کوا شانازیە لە ئەرزی دەی؟!
خودا دەزانێ بە هیچ کلۆجێ چاوەروانیم نەبووە، ئەگەر چاوێکیان لێم بووە لە رووی گەورەیی و بەرزە رەوشتی ئینقلاب و دەوڵەت و دەسەڵاتدارە بە شەرەفەکانی ئەم شار و نیشتمانە بووە،  من پیاوێک نیم قاچ زیاتر لە بەڕەی خۆم راکێشم، داواکاری ئەوەش نەبووم. لە سەردەمی منداڵیەوە  ئاغای رەحیمی(بەردەستی یەکەمی سەرۆک کۆمار) دەناسم و لە گەڵ بەڕێزیان کە جوانێکی خۆشپێکەوتوو و شیکپۆش و خاون کەسایتی بوو، سڵاوێکی سەرێ رێگەمان بووە، خۆشم لە کەسایتی هاتووە، بەڵام بەرێزیان بەردەوام بە چاوی خۆشەویستی و سۆز تێی روانییوم، گەورەی نواندوە؛ سەردەمێک ئەو  بەرپرسی ناحیەی بوو، - سەردەمی بەرێز رەحیمی سەردەمی  زێڕینی ئاودانکردنەوە ئەم شارە بوو - داوای لە من کردوە کە بۆ فیلمنامەی سەنجەرخان برۆمە حزووری و منیش چووم، حاڵ و ئەحواڵی پرسیووم، لە کارەکانی پرسیوومەتەوە، لە حزووریدا بووم. فەرمووی: هەر پێشنیار و پرۆژە و پلان و بەرنامەیەکەت هەیە کە بۆ کوردستان و ئاوادانی ئەم وڵاتە بەسوودە دەبێ پێشکەشی بکەیت، ئێمە یارمەتیت ئەدەین، هەتا ئەو سەردەمە شتی وا رووی نەدابوو، نە لە کاتی شادا و نە لە سەردەمی ئینقلابدا کە بەرپرس ناحیەیەک  لە حاڵ و کار و باری هونەرمەندێک پرسێتەوە، دوو هێندە شەیدای کەسایتی بووم، تەرحێکم (پرۆژەیەک) پێشکەشی کرد، تەنانەت باسی کافەسەرایەکم بۆ بەڕێزیان کرد کە بە شێوازی سەردەمی قاجار و بە کەژاوە هاتووچووی بۆ بکرێ و یادگار وەبیرهێنەرەوەی شێوازی سەفەری کۆن بێ، کە لە سەر جادەی گشتی بە شێوەی کوێرەرێ، تا(بان شیڵانە)درێژەی دەبوو و بە هیچ شێوە و کلۆجێک رەنگ و رووی دونیای مودڕن و گەشە بە خۆیەوە نەبینی تا خەڵکی بتوانن دڵ و دەروونێک لەم دونیا پر لە دەنگ و فەنگەی  پێشکەوتنە بتارێنن، و زاخاوی مێشک بدەن؛ لە بیرمە بەرێوەبەری "ئیرشاد"ی ئەوکات زۆر پێشوازی لەو  پرۆژە کرد، بەڵام داخی داخان بەخت مەودای نەدا و بە داخەوە کۆمەلێک دەست کەوتنە گەڕ و ئاغای رەحیمی‌یان لەم شارە هەڵکەند، و بەرنامە و پرۆژەکانی منیش ئیستە تۆزی لە سەر نیشتووە و لە سووچی ماڵ بە چاویدا فرمێسک دێتە خوار.
یەکێک لەو ئەخلاق و  رۆحیانەی من لەبەر چاوی بوختان و تۆمەتی نابەجێی خەڵکی نامەرد و بیانووگر ئەوەیە: ئەگەر لە گەڵ کاربەدەستێک یان باڵا دەستێک ناسیاوی و دۆستایتی و  ئاشنایم هەبێ، هەوڵ ئەدەم بە هیچ شێوەیەک قەرەی نەکەوم دووری لێ بگرم، بە عەینی کێشانە هەتا ئەو بەرز بێتەوە لە دەسەڵات و پیشەکەی من زیاتر دەچمە خوار و دووری لێ دەگرم و لە کۆتاییدا هەوڵ ئەدەم لە بەرچاویدا نەمێنم، ئەم رووداوەیش لە گەڵ ئاغای رەحیمی‌ روویدا، بەڵام ئاغای رەحیمی هیچ کات نەیهێشتووە سایەی لە سەر منی حەقیر(بچووک) ببڕێت؛ هەتا بە ئەمرۆ هەر کەس لە کوردستانەوە چووەتە خزمەتی پرسیاری کار و چالاکی من و ئەحواڵ و سڵاو و رێزی بۆم ناردوە، منیش هەتا قەرەی قیامەت چاکەی ئەوە گەورە پیاوەی کوردستان لە بیر ناکەم و خۆم بە قەرزاری دەزانم. دەور و بەری دوو ساڵ لەوە پێش زوڵمێک لە لاییەن چەن کەسێک لە دەنگی و رەنگی "صدا و سیما"کرماشان لە من کرا کە بوو بە هۆی بەرز بوونەوەی زەختم، لە گەڵ بەرز بوونەوەی زەختم کە ئیتر ئەوە خەریکە بەرەبەرە کوێرم ئەکات. زوڵم نامەیەکم نووسی لە گۆڤارەکاندا بڵاو کرایەوە، ماوەیەک دواتر لە سەر پێشنیاری ئاغای رەحیمی جەنابی حاجی ئاغای شەهبازی بەرپرس ناحیەی بەرێز دەعوەتی لێکردم و منیش چوومە حزووری، حاڵ و ئەحواڵی ماڵ و مناڵی پرسیم، لەخزمەتیدا گووتم: هەموویان گەورە بوون و بەتاڵ پێ دەسورێنەوە، بێکار و بێ بار، گووتی: ئەوراقەکانیان بێنە، ئەوراقی یەکێ لە کچەکانم لە زانکۆی ئورومیە"ارومیە"بوو، چووین و "شەهری"(مانگانە)کەماندا و ئەوراقمان هێناو، رادەستی حاجی‌ئاغامان کرد، لە خۆشیدا بسکەی سمێلم دەهات، لە دڵەوە شاگەشکە بووم و گووتم: ئیتر بە ئاسوودەی چاوەکانم یەک ئەنێم و بێ خەم و خەفەت دەمرم. خوودی جەنابی حاجی ئاغا  زاوەکەم کە بکالوریوسی وەرگرتبوو و  سەربازیشی کردبوو  هەڵیبژارد کە دای‌بمەزرێنێ و بۆ دامەزراندنی ئێمەی رووبەرووی ئاغای(ح)کرد.
 کۆمەڵە کێشەکانی ئەو زاڵم‌خانەی کرماشان، زوڵم و زۆری بانکی"مسکن"و هەڕاجی ماڵەکەم لە بەر دانەوەی جەریمەی ئەوان، چوارسەدهەزارتمەنی پارەی ئاو و بڕق"کارەبا"؛  نەدانی پارەی "رایانە"بە ئێمە. بێ‌نرخ و بەها سەیرکردنی کارەکانم لە لاییەن، دەنگ و رەنگی کرماشان'ەوە، و خراپتر لەوانە دەست گرتن بە سەر ماشێنی کوڕەکەمدا بە ناوی دزیاری کە  من دەستی حەوتم لە مەعممورێکی خانەنشینی ئیدارەی ئاگاهی سەندبووم.
جەنابی حاجی ئاغای شەهبازی هەر لەوێدا لە پێش‌چاوی خۆم لە گەڵ هەموویان پەیوەندێ گرت و لە دانە بە دانەی ئەو سازمان و دایرەو ئیدارەانە داوای کرد: کە کێشەی من چارەسەر بکەن و هەر وەک رەوڵی و رۆتینی کارکردنی هەمیشەییان ئەوانیش "بەلێ" قوربانیان دەکرد و بە بەڵی و بەسەرچاو وڵامیان دایەوە!
ئێمەیش دڵمان خۆش بوو و بە دوای  رەفع و رجوو کردنی کێشەکاندا هەڵهاتین. جەنابی حاجی ئاغا شەهبازی ژومارەی تەلفوونی خۆی پێ‌دام  و گووتی: لە هەر کوێ گرێ کوێرە کەوتە کارەکەت تەلەفوونم بۆ بکە."بەڵی" بە سەرچاوم کرد و بۆ هەرشوێنێک چووین و گیرۆدە بووین و گرێەکە بە خۆمان نەدەکرایەوە تەلەفوونمان بۆ حاجی ئاغا کرد - گوایە لە کۆبوونەوەدا  بووە و نەیتوانیەوە وەڵام باتەوە، چیتر موزاحمی کات و ساتیان نەبووم و لەو هەموو کێشە تەنانەت یەک کێشەی چارەسەر نەبوو!خێزانم یەک مانگی تەواو لە دوای وەرگرتنی "یارانە" بوو کە لەم دەس بیگرین و بەو دەسی تر بیدەینەوە بە خۆیان، بەڵام لە کۆتاییدا بە روو گرژی وڵامیان دایەوە؛ تەنیا ئێوە نیین کە "یارانە"تان تیا چووە، ئێوەیش وەک ئەو خەڵکە! خێزانم گوتبووی: ئەی بە چ حسێبێک  چوارسەدهەزارتمەن پارەی بڕق"کارەبا"تان لە ئێمە سەندوە؟ گووتبوویان، بە حسێبی بە کار هێنان.
کاتێ هەستم کرد کە جگە لە پێ ئێشەو  و مەزاج تێک چوون شتێکمان پێ ناگات، چارەسەری کێشەکانم دایە دەستی خوا، بەڵام هاوارم لە دوای ئاغای(ح)رۆیشت، دووساڵی تەواو زاوەکەمی لە دوای خۆی تاودا و لە کۆتاییدا دوو پارچە وەرەقەی لە ناو مێزەکەی دەرهێناوە و گووتوویتی: ئاغای شهبازی بەرپرس ناحیە،  جگە لە تۆ دووکەسی تری بۆ دامەرزاندن بە ئێمە ناساندوە، بەڵام شوێنمان نییە و پێویستمان بە کارگوزار و کارمەند نییە. زاوەکەم پێی دەلێت:  ئەم قسانە لە سەر لاپەڕەیەک بنووسە و پێمبدە، چوون ئاغای شەهبازی لە باوکی خێزانم (خەزوورم) دەپرسێتەوە، کار و بارت بە کوێ گەیشتووە؟ئاغای(ح)فەرمووبووی: ئاغای شەهبازی بە هیچ شێوە و کلۆجێک باوکی خێزانت ناناسێ، ناوی لە بیر کردوە من  بیرم هێناوەتەوە، برۆ؛ کوڕەکەی من لێرە کار دەکات و ئەگەر خۆشی لە پێشەکەی نەهات و لێرە وازی هێنا، من جێگەی ئەو ئەدەم بە تۆ!
"قەولی سەر خەرمان".وەرگرتنی پەیوەندی لە گەڵ بەرپرس ناحیە ئەستەم و دژوار بوو، دیسانەوە رۆیشتم برۆمە خزمەتی، لە سەفەر یا لە کۆبوونەوەدا بوو!

ئەمری بەرپرس ناحیەیەک، ئەمری سەرۆک کۆمارە و نابێ لە بەرچاوی نەگرین! بەرێز حاجی ئاغای شابازی مرۆڤێکی لە سەر خۆ، هێمن و مێهرەبان و خۆش ئەخلاق و زمان خۆشە؛ بە جۆرێک قسە لە گەڵ خەڵک ئەکات کە هەست ئەکەیت، کەسەکە بەرپرسی ناحیە‌یەو ئەو رەشۆک. رۆژێک کە بۆ یەکەم جارچوومە خزمەتی، لە ماوەی سێ بۆ چوار دەقە بە شێوەیەک لە گەڵ من قسەی کرد و بە دەمەوە هات و رەوانەی کردم کە هەستم کرد ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە کە هاوڕێی و هاوماڵ و دۆستی نزیک و خۆشەویستی یەکین. بۆ هەرکەس کە تەلەفوونی دەکرد، دەیگووت: تکا دەکەم کێشەی ئاغای کەمەندی چارەسەر بکەن!
هەڵبەت ئەم شێوە هەڵسووکەوتە لە گەورەیی بەرێزیان سەرچاوە دەگرێ، بەڵام لە بەرانبەر کەسێکدا کە هەستی پێـبکات و پێی بزانێ و پێی وا نەبێ لە "کەڵەپیاو" بوونی خۆیتی. سروشت لەم بوارەدا مامۆستایەکی هەرە گەورەیە. سەرنج بدەن: تاکو  هەور سەرو چاو تێک نەدا و خۆی نەهێنێتە یەک و رەش هەڵنەگەرێ،تاکوو هەورەتریشقە سینەی هەوڕ شەق نەکات و ئەرز نەخاتە لەرزە، بارانی بە پیت و بەرەکەت داناکات، لە گەڵ کۆمەلێک کەس دەبێ وەک هەورەگرمە هەڵسووکەوت کەیت تا وڵامی باشت وەگیر کەوێت .ئاغای(ح)کە ئامادە نییە، گفت و کەلامی خۆی راشکاوانە و پاکانە بداتە دەست بەرپرس ناحیەو دەست ئەکات  بە درۆ کردن و خۆی لە راستی ئەشارێتەوە، چۆن رێی تێ ئەچی هەتا، کورەکانی و خالۆزاکانی  و پورزاوکانی و  میمکەزاکانی مابن، بۆ ئێمەو مانان کار و باری دەبێت و وەڵامی دڵخۆشکەری بۆ ئێمە ئەبێت، چۆن ژیانی خۆش بۆ زاوەکەی من بە رەوا دەبێنێ؟ گوێ رادێرن و بیر بکەنەوە لەو قسە ئاغای شهبازی: ناوی باوکی خێزانتی لە بیر کردوە و من بیرم هێناوەتەوە! بە راشکاوانە؛ یەعنی بۆ بەرپرس ناحیەیش گرنگ نییە کە ئێوە دەستان بە دەمی خۆتان بگات و بن بە خاوەن کار و پیشەیەک! بە هەر حاڵ چوون لەم دووساڵە سەرەرای زەحمت و ماندوبوونی بەرێزیان هیچ یەک لە کارەکانمان رانەپەڕا  بە ئەرکی خۆمم زانی پێی راگەینم و لە خزمەتی دا بێژم: جگە لە قاچ ئێشەو سەر ئێشەو دەم ئێشە  هیچ‌مان دەس نەکەوت، دە دەردی تر سەر رای ئەو هەموو دەردەم زیادی کرد. ماشێنی کوڕەکەم دوو ساڵە دەستی بە سەرا گیراوە دیار نییە لە کوێیە و بۆ کوێ براوە،جەریمەی بانک‌مان لێ وەردەگرن و رۆژ لە سەر رۆژ زیادیش دەکات و وامی ماشێنەکە رۆژ لە سەر رۆژ زیاتر دێتە سەری، پارەی "یارانە"یش هیچ. واخەریکم ماڵ و حاڵم هەراج ئەکەم، ئەو نیوە ماڵە کە ماومە  بە هیوام هەراجی بکەم تا پارەی "عەوارزی"شارەوانی بدەم،  وەلحاسڵ ژیانمان  بووە بە دۆزخ‌، نە سەری دیارە نە بەری مەگەر خوا بۆ خۆی بکات چارەسەری.ئاغای رەحیمی هەتا مردن خۆشم دەوێت و ممنونم و سپاست دەکەم .سپاسی بەرێزت دەکەم بۆ ئەو هەموو چاکانەت. جێگەی خۆیتی سپاسی ئاغای شاهرودی نوینەری مقام موعەزەمی ریبەری(خامنەای) بکەم کاتێک لە نەخۆشخانە کەوتبووم حاڵ و ئەحواڵی پرسیم. بە قەولی مەرحووم خەسرەو شەکیبای  "حاڵمان باشە بەڵام ئێوە بڕوا مەکەن"
بۆ آغای(ح)
ئاوایە قەناعەتم:
بە تۆ، بە هرشتێک کە پێکەوە هەمانە
نە. بیر نەکەیتەوە کە لە دووری تۆ دەمرم
ژیان شیرینە،
پێت وانەبێ لە سارد و سڕی نیگات دەلەرزم من
سەرنج بدە! قەندیلی سەر چاوانم
داخی کورسیەکی گەرم
حەسرەتیکی لە مێژینەیە
من بە رێژەی کێویکی یەخ"سەهۆڵ" 
بە هەوای زستانی تۆ 
عادەتم کردوە .
عەباس کەمەندی
جولای دووهەزار و دوازدە شاری سنە
وەرگێر: ئاڵا هوشیار






هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر